سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئـاخۆ دره‌خته‌كانی (گوێ سیروان) خه‌و ئه‌بینن؟!

ئـاخۆ دره‌خته‌كانی (گوێ سیروان) خه‌و ئه‌بینن؟!

كه‌مال ئه‌حمه‌د

1-2

زمانی پاکژی کوردیی، کە پێویستی بە پاڵفتەکردن نەبێ، ئەو زمانەیە کە خەڵکی لادێ پێی دەئاخفن، زمانی لادێکانی ئەو ناوچانەی کەمترین وشە و کەمترین دەربڕینی بیانییان پێگەشتووە.
گــوێ:
ئەندامێکی جەستەی مرۆڤە، کاری سەرەکیی گوێ، ڕێكخستنی هەستی بیستنە. لە پاڵ جوانیی سەروسیما و بایەخە تەندروستییەکانی تریدا.

(گوێبیست، گوێڕایەڵ، گوێگران، گوێشەوارە، گوێلەمست، بێگوێ، گوێ زل، گوێقوڵاخ …هتد) لە هەموو ئەمانەدا گوێ بە مانای حەقیقی و بیستن، یان نزیک لێیەوە بەکارهاتووە.

بەڵام، کوردەواری جگە لەو مانا تایبەتەی گوێ، لە دەربڕیندا گوێیان بۆ مەبەستی تر بەکاربردووە. بۆ نموونە گوزارەی (گوێ) بە مانای ناوی شوێن (إسم مکان) بەکاربراوە. وەک ئەوەی کە وتوویانە (گوێ ڕووبار، گوێ ئـاو، گوێ بـان، گوێسەوانە، گوێ جۆگە، گوێ ئـاگر، گوێ ئاگردان، گوێ کـەنار، گوێ کەن، گـوێ چـەم).

شاعیری ناوداری کورد (شێرکۆ بێکەس) کوردیزانێکی باش بوو، یه‌كێ له‌ نهێنی بلیمه‌تییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو، شیعرەکانی لە ترۆپکی شیعری ئازاددان، یەکێکە لە پایەکانی نوێگەری لە شیعری کوردی‌دا، ڕەگی شیعرەکانی لە قوڵایی قوڵی زمان و فەرهەنگی کوردی‌دان‌ و، لەوێ ئاو دەخۆنەوە.

لە قەسیدەی (گۆڕستانی چراکان)دا بە درێژیی جینۆسایدی ئەنفال ئەگێڕێتەوە، لە پاڵ وێناکردنێکی وەستایانەی بەرزدا، وەک فەرهەنگێک هەندێ وشەی کوردیی بەکارهێناوە و زیندووی کردونەتەوە، بۆ نموونە:
گـڕەژۆ : گەڵاڕێزان.
گـڕاگـڕ: کڵپە و بڵێسە.
چـکـچـکـە: دەنگی دڵـۆپە.
گـــاپـێـڵ: پێچی شـــاخ.
گـرداڤ: ئاوی بەخول کە خول ئەدا.
چـریسکە: بریسکە.
گــارۆ: هێلانەی مەل لە کونی داردا.
تـوتــاک: قومری، جۆرە کۆترێکە وەک تاق تاقکەرە.
پـرژاڵ: لـکی هەرە باریکی دار.
گـژگـژە: پووش و پەڵاشی بـابردە.
ئەمانەو چەندانی تریش…
شێرکۆ بێکەس، لەوێدا بە زمانە لادێییە بێخەوشەکە
(گوێ سیروان)ی بەکارهێناوە، ئەڵێ:
(( درەختەکانی «گوێ سیروان»
زۆر بە دەگمەن خەو ئەبینن
بەڵام ئەگەر خەویان بینی
تەنها یەک دیمەن ئەبینن
هەڵکێشان و بڕینەوە و
گواستنەوەیان بۆ بیابان ))

تـۆپـزاوا: ئەو سه‌ربازگه‌ ترسناکەی نێوان (کەرکوک ــ حەویجە)یە، کە شوێنی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوان و جیاکردنەوەو پۆلێنکردنیان بوو بە پێی ڕەگەز و تەمەن، پاشانیش ڕەوانەکردنیان بۆ بیابانەکانی خوارووی عێراق. تۆپزاوا وێستگه‌یه‌كی ترسناك و دیاری پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌، ئه‌و ڕێكارانه‌ی له‌ تۆپزاوا به‌رانبه‌ر ئه‌نفالكراوان گیراونه‌ته‌‌به‌ر, ئه‌چێته‌ قاڵبی پێناسه‌كانی جینۆسایده‌وه‌.
شێرکۆ بێکەس، بە دێڕێک پێناسەی تۆپزاوا ئەکات:
((«تـۆپـزاوا» یەکـەم هــاوینـەهـەواری خـێڵـی مردن
یەکەم ئێزگەی دەنگی تیژی پەپوویەکی شەوەزەنگی بـاڵ لە ئاسن))
کەروێشک: گیانەورێکی زۆر وریا و گورجە، هەندێ وردە فێڵی هەیە بۆ خۆپاراستن بەکاری دێنێ، کەروێشکی کێویی لە دوای خۆمڵاسدانێکی کورت، لە پڕ فرتە ئه‌کا و بۆی دەرئەچێ. بەڵام کەروێشکی ماڵیی زۆر جار له‌ كاتی گرتنیا ڕاناکات، لە ترسا جووڵە لە خۆی ئەبڕێ.

شێرکۆ بێکەس، لە باسی دیمەنی پەلاماردانی ئاواییەکان لەلایەن ئەنفالچییەکانەوە، ئەڵێ:
(( خەو نەبوون کیژۆڵەکەم! خەو نەبوون..
خەو نەبوون.. هەرگیـــز خەو نەبوون..
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی:
گوڵەکان چۆن لە ترسانا ڕایان ئەکرد؟!
بنچکەکان هەڵئەهاتن..
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی کەروێشک خۆی ئەکرد بە پەیکەر!.
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر!.
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لێ نەبوو؟
لەو ئێوارە بە سامەدا
سەگەکەمان کەوتە قسەو
بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن
بەڵام من نابم بە بەعسی!))

سەگ زۆر جار لە ئەدەبی كوردیدا وه‌ك سیمبولی وه‌فاداری وێناكراوه‌، ئەشێ شێرکۆ بێکەس لێرەدا بە مەبەست باسی مەردایەتیی سەگی کردبێ (کە نەبووەتە بەعسی) بەمەش بە ئەندێشەیەکی قووڵەوە پلاری گرتۆتە ئەوانەی لە ڕۆژە سەختەکانی ئەنفالدا پشتیان لە میلەتی خۆیان کرد و بوونە خزمەتکاری بەعس.
لە بڕگەی دواتردا، ئاوڕ ئەداتەوە بۆ تۆپزاواو ئەڵێ:
(( ــ ئەگەڕێمەوە بیابان.
قافڵەکەیش بە بەتاڵی گەڕایەوە
بۆ کوردستان..
«تۆپزاوا» باری هەیە و دیسانەوە چاوەڕوانە!
تۆپزاوا باری هەیە و باری قورسە
باری ژان و، باری قیژە و، باری نووزە
ئەو وەختەی ئەبن بە ڕەژوو!
باری گریان و تەنیایی وەختێ ئەبن بە کۆتەرە و
بە سووتماک و، وردە شووشە و، ئەو دەشت و دەرە پـڕ ئەکەن،
باری زووخاو، وەختێ ئەبێ بە قوڕقوشم و
باری زووڕە زووڕی منـاااااااڵ، وەختێ سوێیان ئەبێتەوەو،
ئەوەرێن و ئیتر ئەبن بە خەزان و بە گەڵای دار..
باری ساڵەکانی عومری پیرێژن و، باری کچە عازەبەکان، باری ئەو هەموو جوانییە، وەختێ ئەبن بە مرواری و، بار ئەکرێن بۆ شێخەکانی ناو خەلیج و بۆ بازاڕی عەرەبستان
باری حەریری جەستەی کـیـــــــژ.. بۆ دیوەخان.
باری پەمووی بێوەژنـان.. بۆ ڕەشە خەڵک
باری کەوڵی پیرەمێردان
بۆ کارگەکانی دەبـاغی.
لەمسەر خاڵییە قـــافـڵەو
لەوسەر پڕە لە ئەستێرەو
لە گۆرانی و، لە چـــراکـان ((
خۆزگەم بەوەی (گۆڕستانی چراکان)ی نەدیوە و، نە خوێندۆتەوە و، نەگوێی لێ بووە.
هەر شیعر نییە، درامایە، داستانە. نە زەین و نە خەیاڵی مرۆڤ دەرەقەتی نایەت. هێماکانی وەک بەرقێکی کارەبا بەر تەلی خەیاڵت ئەکەوێ‌و فریاناکەوی ڕووناکییەکەی ببینی!
خۆی ئەئاخنێتە قوژبنەکانی هەست و نەستەوە، تەژییە لە مەرگ، لە خەم، پڕە لە ترس و ڕاچڵەکین، پڕپڕە لە ئێشی بەسۆ.
ئەستەمە هیچ دەرهێنەر و، هیچ سینارستێ بتوانێ ئەو هێما خەیاڵاڵییانەی ناو ئەو تێکستانە بکاتە دیمەن، بکاتە شانۆ و فیلم. نابێ بشتوانێ، چونکە ئەو بە بێ وێنە، بە بێ جووڵە، بە یەک قەڵەمباز ئەیهاوێتە قووڵایی هەست و نەستی خوێنەر و بیسەرەوە.

خۆی وتەنی:
)) ــ چیـتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟
چیرۆکی سەمای ئەو ئاوەڵکراسانەی کە (قەحگان) و (عەدنان) و (دەحـام) بە پێش دەمی قافڵەی زیلەکانەوە هەڵیان ئەواسیـن؟!
ئاوەڵکراسی خۆم و دایکم و خانزاد و مەستوورە و عادیلە خانم و حەپسە خانی نەقیب و عەنبەر خاتوون؟!))
ناوی ژنەکانی تر زۆر ناسراوان.
ــ خـانـزاد: كچی شا قولی به‌گی سوله‌یمان به‌گی میر سه‌یدی به‌گی سۆرانه‌، ساڵی 1597 کۆچی دوایی کردووە. خانزاد میری میرنشینی سۆران بووە، خاتوونێكی زیره‌ك و لێهاتوو بووه‌، حه‌وت ساڵ حوكمی میرایه‌تی سۆرانی كردووه.
ــ عەنبەر خاتوون: مەبەست هاوژینەکەی شاعیری مەزن (مەولەوی‌)ی تاوگۆزییە، کە مەولەوی زۆری خۆشویستووەو دوای مەرگی، شیوەنە شیعرێكی درێژی بۆ هۆنیوه‌ته‌وه‌.
شێرکۆ بێکەس، دیسان ئەڵێ:
(( چیـتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟
حیکایەتی مناڵەکەم کە لە ئاودەستێکا بووم و تەمەنی چارەکە سەعاتێک و لە دواییدا لە ناو قاقای عەسکەرێکا مـرد؟))
ئینجا ئەڵێ:
(( ئـاخر چـیتان بۆ بگێڕمەوە؟ ….
حیکایەتی ئەو جەستانەی وردە وردە کرمەڕێز ئەبوون و ئێمەیش کرمەکانمان لە برسانا ئەخوارد؟!
چیتان بۆ بگێڕمەوە؟!
ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە؟
قـیـژە چۆن ئەنووسرێتەوە؟!
عەرعەر چۆن ئەخوێنرێتەوە؟!
ئەبێ خۆڵ قسە بکات خـۆڵ!
ئەبێ چـاڵ قسە بکات چــاڵ!
مـار و مێروو بیگـێڕنەوە
ئەو چاوانەو، ئەو گۆی مەمک و، ئەو کاکۆڵ و زەردەخەنەو مەقامانە چیــیان لێ هـات؟))
کـورد، ئەوەتەی هەیە بە شاخ‌‌دا ئەنازێ، کەچی شێرکۆ بێکەس لە ڕۆژگاری ئەنفالدا باسی زەلیلی‌ی شاخ ئەکا:
(( جادە زەلیل، شاخ زەلیل و ئاو زەلیل و سروشت زەلیل
زیلێک، دوو زیل و، هەزار زیل
لێرەوەیە کۆچێکی سوور، کۆچێکی دوور
ڕێچکە ڕێچکەو، کاروان، کاروان
هەناسەی بەفر هەڵئەگرێ‌و
لاوک و حەیران هەڵئەگرێ و
لە دواییدا (بـــا)ی گڕاگڕ
یەکەکە لە ناو وەیلا
دایان ئەگرێ!))
مەبەستی لە وەیل (قەڵای نوگرە سەلمان)ـە.
درێژەی پێ ئەدا و ئەڵێ:
(( لێرە زەبوونە ڕووناکی
زەبوون.. زەبوون
خراوەتە ناو تەندووری دەبابەوەو
دەم و لێویشی دووراوە..
لێرە ئەسیرە ئازادیی
ئەسـیـر.. ئەسـیـر
خراوەتە ناو سنووقە فیشەکەوەو
سنووق لە سەر
لـێواری مەرگ دانراوەو
فتیلێکی لێ بەستراوە!.
لێرە.. لێرە.. لێرە..
لێرە قەدەغەیە کـزە
گەورە ببێ و لە دواییدا
ببێ بە گـڤـەی ڕەشەبـا.!))

ئەمە گوزارشتە لەو بێدەنگییە ترسناکەی ساتەوەختی گولـلەبارانکردنی ئەنفالکراوان. هه‌ندێ له‌ شارەزایانی کەیسی ئەنفال باوەڕیان وابوو ئەو تیمە سەربازیانەی لە لێواری گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ئەنفالکراوانیان گولـلەبارانکردووە، ڕەنگە دواتر خۆیشیان گولـلـەباران کرابن، بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە گەورەیە، هەر ئەوەش وایکرد ئەو چەند کەسە کەمەی ڕزگاربووانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان ببرێنە ئەمریکا و لەوێ بژین تا پارێزراوبن و وەک شایەتحاڵ لە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق شایەتییان لێ وەربگیرێ دژی سه‌رانی ڕژێم.

زیـنـانـە: ناوی دوو گوندە لە ناوچەی داودە لە گەرمیان، (زینانەی سەروو) و (زینانەی خواروو)، لە شاڵاوە ڕەشەکەی ئەنفالی سێ‌دا، وەک چۆن کۆرپەیەک لە بەردایک هەڵبگیرێ، ئاواش ئەنفال ژیانی لە بەر زینانە هەڵگرت.

print

 287 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*