سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینێك له‌ نێوان مرۆڤایه‌تی و بازرگانیداپەڕە 2

دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینێك له‌ نێوان مرۆڤایه‌تی و بازرگانیدا

وڵاتان و كۆمپانیاكانی بواری ته‌ندروستی و دروستكردنی ده‌رمان له‌ كێبڕكێیه‌كی خێرادان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین و ده‌رمانی دژه‌ كۆرۆنا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتره‌ قازانجی مادییان ده‌ست بكه‌وێ و بازاڕگه‌رمی پێوه‌ بكه‌ن.

كۆمپانیاكان له‌ ژێر فشاری تونددان

به‌پێی پێشبینی شاره‌زا و پسپۆڕانی بواری ڤایرۆس و تاقیگه‌كان: كێشه‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاریی ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ 18 مانگی پێویسته‌ و تا ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌بێت خه‌ڵك ماسك و ده‌ستكێش به‌كاربهێنن و پاكوخاوێنی بپارێزن و له‌ یه‌كتری دووربكه‌ونه‌وه‌. ئه‌و كۆمپانیایانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌لایه‌ك ببنه‌ پێشه‌نگی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ و قازانجێكی زۆری مادی بكه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و پڕوپاگه‌نده‌ی بازرگانی بكه‌ن. زۆرێك له‌وانه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن كه‌ له‌ وه‌رزی پایزی داهاتوودا ڤاكسینه‌كه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت ‌و هه‌ندێكی تر ماوه‌یه‌كی دوورتریان بۆ داناوه‌، بۆیه‌ جارێ دیار نییه‌ ئایا كه‌ی كه‌ ڤاكسینه‌كه‌ دروست ده‌كرێت؟

پسپۆڕێكی بواری ده‌رمان له‌ ئه‌ڵمانیا، ده‌ڵێت: ئێستا كۆمپانیاكان له‌ ژێر فشارێكی توندی سیاسه‌تمه‌دار و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كاندان كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینێكدا، خۆ ئه‌گه‌ر زووش دروست بكرێت، ئه‌وا كێشه‌ی دابه‌شكردن و فرۆشتن هه‌ر ده‌بێت، چونكه‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی وه‌ك ئه‌ندامانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و روسیا و ئه‌مریكا و ئوسترالیا و كه‌نه‌دا و یابان و چین و كۆریا ده‌توانن بیكڕن و به‌نرخێكی گونجا و بیخه‌نه‌ بازاڕه‌كانی خۆیانه‌وه‌، یان له‌ نەخۆشخانه‌كان به‌خۆڕایی بیخه‌نه‌ خزمه‌تی هاووڵاتیانه‌وه‌، به‌ڵام وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان ‌و به‌تایبه‌تیش ژماره‌یه‌ك وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتی تر، له‌ ده‌ستخستنیدا كێشه‌یان ده‌بێت.

كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كێشه‌یان ده‌بێت

خاتوو ئیلۆنا كیكبۆش پسپۆڕی دروستكردنی ده‌رمان ده‌ڵێت: كاتی خۆی كه‌ نه‌خۆشی ئیبۆلا بڵاوبۆوه‌، پاره‌یه‌كی زۆر به‌رده‌ست خرا بۆ دروستكردنی دژه‌ ڤایرۆسه‌كه‌، بۆیه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ په‌یدا نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هه‌ر وڵاته‌ و هه‌ر كۆمپانیایه‌ك به‌جیا و به‌بێ كۆنتاكت له‌گه‌ڵ یه‌كتر، له‌پێناوی به‌ده‌ستخستنی پاره‌ و سامانێكی زۆر كێبڕكێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی دژه‌ ڤایرۆسه‌كه‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كێشه‌یان ده‌بێت.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، یۆرگم فاسیم مامۆستا ‌و پسپۆڕ له‌ زانكۆی دیوسبۆرگ ده‌ڵێت: ئه‌و كێبڕكێ و ململانێیه‌ به‌باش ده‌زانێت بۆ هه‌رچی زوو دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌. به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و شاره‌زایه‌، ئێستا چاره‌نووسی ژیانی هه‌موو جیهان كه‌وتۆ ته‌ده‌ستی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ و ئه‌وان سه‌رپشكن له‌سه‌ر چۆنێتی گوزه‌رانی خه‌ڵكی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، چونكه‌ ئه‌مساڵ ده‌یان كۆمپانیا و تاقیگه‌ به‌ته‌مان ڤاكسینه‌كه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیبكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئه‌مریكا و چین و ئه‌ڵمانیا كه‌ هه‌نگاوی ئه‌رێنییان له‌م باره‌یه‌وه‌ ناوه‌.

هه‌ڵوێستی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و وه‌ك یه‌كه‌

له‌سه‌ر ئه‌مه‌، ئه‌نتۆنیۆ گۆتریس ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینێك له‌ دژی كۆڤید 19 به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو دونیای تیدایه‌ و ده‌بێت په‌له‌ بكرێت. نێوه‌نده‌ جیهانییه‌كانیش خه‌ریكی تاوتوێكردن و كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كن بۆ پێشخستنی پرۆسه‌كه‌ و یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ده‌زگای بیڵ گه‌یتس پێشنیاری كۆكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 8 ملیار یۆرۆیان كردووه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ خاتوو ئه‌نجێلا مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌ وتارێكیدا له‌ رۆژنامه‌ی فرانكفۆرته‌ ئه‌لگێماینه‌ زایتۆنگ، پشتیوانی گه‌وره‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه‌ و پێیوایه‌ كه‌ ماده‌م هه‌ڵوێستی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و وه‌ك یه‌كه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت زووبه‌زوو پاره‌كه‌ كۆبكرێته‌وه‌ و بخرێته‌ خزمه‌تی دروستكردنی ئاژانسێكی سه‌رتاسه‌ری. هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئیتالیا و نه‌رویژ و ئیسپانیا په‌له‌ دەکەن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كه‌كه‌.

له‌سه‌ر ئه‌مه‌، ئیلۆنا كێبكوش پێیوایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ دروست بكرێت، ئه‌وا له‌كاتی دابه‌شكردن و فرۆشتنیدا كێشه‌ نابێت، چونكه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ سه‌رپشك ده‌كرێت له‌ دابه‌شكردن به‌سه‌ر وڵاتاندا. زۆربه‌ی كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كانیش كه‌ له‌ مشوری دروستكردنیدا پێشوازییان له‌ دامه‌رزاندنی ده‌زگایه‌كی له‌و جۆره‌ كردووه‌.

سه‌رچاوه‌: دۆیچه‌ڤێلا، فراكفۆرته‌ ئه‌لگێماینه‌ زایتۆنگ

 389 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*