سەرەکی » دۆسێ » سعودیە زۆرترین ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا تۆماردەكات

لە نێوان وڵاتە عەرەبییەكاندا یەكەمە

سعودیە زۆرترین ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا تۆماردەكات

شانشینی عەرەبی سعودیە، رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی پێوانەیی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماردەكات و لەئێستادا بەراورد بە وڵاتانی تری عەرەبی زۆرترین ژمارەی تووشبوانی تێدا راگەیەندراوە.

وەزارەتی تەندروستی سعودیە، تۆماركردنی 1687 توشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە شانشینی عەرەبی ڕاگەیاندبوو، ئەمەش بە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ‌ دادەنرێت لە وڵاتەكەدا كە تادێت ژمارەی زیاتری توشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆماردەكات.

لە 6ی ئایاری 2020، محەمەد عەبدولعالی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعودیە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 1687 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ (كۆڤید-19) تۆماركران”، ئەمە ژمارەیەش بە بەزترین ژمارەی توشبوونی ڕۆژانە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە تائێستا لە وڵاتەكەدا دادەنرێت.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعودیە دەڵێت”ژمارەی ئەوانەی لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەوە 1352 كەسن، بەمشێوەیە كۆی گشتی حاڵەتەكانی چاكبوونەوە گەیشتە 6783 كەس”.

عەبدولعالی ڕەتیدەكاتەوە لەماوەی ئەو 24 كاتژمێرەدا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆماركرابێت، كە تا ئەو رێكەوتە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە 191 كەس گیانیانلەدەستداوە.

بە تۆماركردنی 1687 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆی گشتی ئەوانەی لە سعودیە دووچاری ئەو پەتایە بوون، بۆ 31938 حاڵەت بەرزبووەوە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی سعودیە، تۆماركردنی 1645 حاڵەتی توشبوونی نوێ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە شانشینی عەرەبی ڕادەگەیاندبوو، ئەوەش لەو دەمەدا بە ژمارەیەكی پێوانەیی بەراورد بە ڕۆژانی پێشتر دانرابوو.

لە 4ی ئایاری محەمەد وەزارەتی تەندروستی سعودیە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 1645 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ (كۆڤید-19) تۆماركران”
وەزارەتی تەندروستی سعودیە دەڵێت”ژمارەی ئەوانەی لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە 342 كەسن، بەوشێوەیە كۆی گشتی حاڵەتەكانی چاكبوونەوە گەیشتە 4466 كەس”.

وەزارەتی تەندروستی سعودیە، ئاماژەی بە تۆماركردنی 7 حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدانیش كردبوو كە كۆی گشتی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنای لە وڵاتەكەدا گەیاندە 191 كەس.
لەئێستادا سعودیە لە پلەی یەكەمی وڵاتە عەرەبییەكاندایە لەڕووی تۆماركردنی زۆرترین ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە 11ی ئاداری ڕابردوو لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەك پەتایەكی جیهانی پۆلێنكرا.

بەپێی زانیارییەكان، زۆربەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شانشینی عەرەبی سعودیە، لە شارەكانی مەككەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە و جدە و ریاز تۆماركراون دەسەڵاتدارانی تەندروستی وڵاتەكەش دەڵێن رێژەی هەرەزۆری توشبوان لەنێوان بیانییەكانی نیشتەجێبووی سعودیەدایە و رێژەی تووشبوونی هاووڵاتیانی سعودی 25% تێناپەڕێنێت.

دەسەڵاتدارانی سعودیە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵاتەكەدا لە 9ی ئاداری 2020 ، ژمارەیەك رێوشوێنی بێپێشنەیان گرتەبەر كە خۆیان لە:
رێگرتنی كاتی لە هاتنەناوەوە بۆ شانشینی عەرەبی سعودیە بۆ مەبەستی عومرە و زیارەتی مزگەوتی نەبەوی.

هەڵپەساردنی هاتنەناوە بۆ وڵاتەكە بە ڤیزای گەشتیاری لەو وڵاتانەی بەشێوەیەكی مەترسیدار ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبۆتەوە.

رێگرتن لە هاوردەكردنی بەهەمە پزیشكییەكان و تاقیگەكانی دۆزینەوەی نەخۆشی یان ئامێرەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی كۆرۆنا لەڕێی دەروازە گومرگییەكان.

هەڵپەساردنی كاتی دەركردنی ڤێزای گەشتیاری ئەلیكترۆنی بۆ ئەوانەی لە وڵاتانی چین و ئیتاڵیا و كۆریای باشوور و ژاپۆن و مالیزیا و سەنگافورە و كازاخستانەوە روو لە وڵاتەكە دەكەن.
كۆرۆنا لە سەرەتاوە لە شاری وۆهانی هەرێمی هۆبی وڵاتی چینەوە لە مانگی كانوونی یەكەمی 2019 دەركەوت ، دواتر زۆربەی هەر زۆری وڵاتانی جیهانی گرتەوە كە لە ئێستادا ژمارەی تووشبوانی لە 4 ملیۆن كەس نزیكبۆتەوە و بەهۆی ڤایرۆسەكەشەوە نزیكەی 280 هەزار كەس گیانیانلەدەستداوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهانی ناچاركرد سنورەكانیان دابخەن و گەشتە ئاسمانییەكانیان ڕابگرن و قەدەغەكردنی هاتووچۆ بسەپێنن و خوێندن لەگەڕبخەن و زۆرێك لە چالاكییەكان هەڵبوەشێننەوە و ڕێگە لە گردبوونەوەكان بگرن و مزگەوت و كڵێساكانیش دابخەن.

خۆرهەڵاتی ناوەڕٍاست و بە تایبەت وڵاتانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەهۆی كۆرۆناوە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە، چونكە وێڕای تووشبوان و قوربانییەكان، ئابورییەكانیان دووچاری پوكانەوەیەكی بێپێشبنە بووە، بەو هۆیەی نرخی نەوتی بۆ ئاستێكی ناچاوەڕوانكراو دابەزی.

بەهۆی زۆری خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و پڕبوونی عەمبارەكان و كەمی بەكاربەر و لەگەڕكەوتنی پیشەسازییەكان بەهۆی رێكارەكانی كەرەنتینە و هەوڵەكانی بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، نرخی بەرمیلێك نەوت لەم ماوەیەی دواییدا بۆ خوار 20 دۆلار دابەزی، ئەمەش زیانی گەورەی بەو ئابورییانە گەیاند كە داهاتی سەرەكییان پشت بە هەناردەكردكردنی نەوت دەبەستێت.

سعودیە لەگەڵ ئەوەی بە یەكەم بەرهەمهێنی نەوت لە ناوچەكەدا دادنرێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانی گەورەی بە ئابوری وڵاتەكە گەیاندووە، لە هەمان كاتدا لەگەڕكەوتنی گەشتی بیانیان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەكان كە بە سەرچاوەیەكی تری داهاتی ئابوری ریاز دادەنرێت، هێندەی تر ئابوریی وڵاتەكەی دووچاری شڵەژان كردووە.

print

 179 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*