سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم:یەكڕیزیی،خاوكردنەوەی گرژییەكان و خزمەتكردنی خەڵك

سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم:یەكڕیزیی،خاوكردنەوەی گرژییەكان و خزمەتكردنی خەڵك

״چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەپێی دەستوور״

دوێنێ لەسلێمانی، لەدیدارێكدا د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەلومەرجی سیاسی و هەنگاوەكانی دوای پێكهێنانی حكومەتی عیراق و پێویستیی چارەسەركردنی قەیرانەكانیان، تاوتوێكرد.

لەدیدارەكەدا، باس لەپێشهاتە سیاسییەكانی عیراق كراو هەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لەپێویستیی چارەسەركردنی قەیران‌و ناكۆكییەكان كردەوە بەئاراستەی هێنانەكایەی ئارامی‌و ئاوڕدانەوە لەژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیانی سەرجەم ناوچەكان بەهەرێمی كوردستانیشەوە.

هەر لەدیدارەكەدا بەبایەخەوە باس لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بەسەرۆكایەتیی مستەفا كازمی كراوو داكۆكییان لەپشتیوانی‌و هەماهەنگی لەگەڵ حكو‌مەتی فیدراڵدا كردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان‌و كاركردن بۆ دابینكردنی گوزەران‌و تەندروستیی هاووڵاتیان، هەروا لەپێناوی تێكشكاندنی پاشماوەكانی تیرۆرو سەقامگیریی ئەمنی لەهەموو ناوچەكانی عیراقدا، وێڕای چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان بەگوێرەی دەستوور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بودجەو مووچەی فەرانبەران.

هەر لەدیدارەكەدا باس لەپێویستیی یەكڕیزی‌و خاوكردنەوەی گرژییەكان لەعیراق كرا بەشێوەیەك كە هەموو هێزو تواناكان بۆ دەستەبەركردنی ئارامی‌و بژێویی خەڵك‌و ئەنجامدانی چاكسازیی بنەڕەتی تەرخان بكرێن‌و لەبری ناكۆكی‌و ململانێی تەسك، بەگوێرەی دەستوور خزمەتی خەڵك‌و داخوازییەكانیان بكرێت.

لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا جەختیان لەیەكڕیزی‌و تەبایی لەهەرێمی كوردستان كردەوە، بەجۆرێك هەموو لایەنەكان دوور لەگرژی‌و ئاڵۆزی، تواناكانیان بۆ بەدەنگەوەهاتنی پێویستیی هاووڵاتیان‌و دابینكردنی بژێویان‌و سەقامگیریی سیاسی‌و ئەمنی، تەرخان بكەن.

print

 237 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*