سەرەکی » زانست » پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەی دەبێ چۆن بێت؟

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەی دەبێ چۆن بێت؟

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*

دەربارەی پێناسەی ژینگە، دەتوانین بڵێین، ژینگە ئەو ناوەندە بایەلۆژیەیە کە مرۆڤ تیایدا نیشتەجێ دەبێ و پێداویستیه‌کانی خۆی بۆ ژیان تێدا ده‌ستده‌که‌وێت، هەردوولا واته‌ مرۆڤ و ژینگه‌ش کاریگەریان لەسەر یەکتر دەبێ، ئه‌و کاریگه‌ریه‌ش ده‌توانێ، ئه‌رێنی یا نه‌رێنی بێت.

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەی، پەیوەندیەکی ئه‌زه‌لی و دێرین و ئاڵوگۆڕە و لەبەر ئەوەی سروشت هێزێکی لەبن نەهاتوو و ده‌وڵه‌مه‌ند و هەمیشەییە، بۆیە مرۆڤ بۆ هەتاهەتایە لەژێر سایەی ئەو سروشتە بەهێزەدا پێداویستیەکانی خۆی دابین دەکات، مرۆڤ و سروشت دوو یەکەی بوونن و لە ئاڵوگۆڕێکی بەردەوامدان لەگەڵ یەکتردا، لە کاتێکدا بە بۆچوونی مرۆڤ لە میانەی چالاکیەکانیدا، کە ڕاستەوخۆ لە سروشت و ژینگەکەی خۆیەوە سودمەند بوو، وایدەزانی کە دەتوانێ سروشت بە هەموو بوونیەوە، ملکەچی داواکاری و خواستەکانی خۆی بکات، وەلێ هێزی سروشت و دەسەڵاتە نەبینراوەکەی، لە دیوێکی دیکەوە خۆی بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی ناساند و ده‌ناسێنێ.

وێرانکردن و تاڵانکردنی ژێرخان و سه‌رخانی سروشت و داهاتەکەی، یەکێکە لە سیفاتەکانی بەرهەمهێنانی کلاسیك لەلایەن مرۆڤەوە، یه‌کێکه‌ له‌و زیاده‌ڕۆیانه‌ی، که‌ له‌ ساڵی 1972 دا یانه‌ی ڕۆم به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاپۆڕته‌ گشتگیریه‌که‌ی، ڕوبه‌ڕووی وه‌ستایه‌وه‌ و هۆشداری دا، که‌ به‌رهه‌مهێنانی بێسنوور هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی سروشت به‌دوای خۆیدا دێنێ و ده‌ستدرێژیه‌ له‌سه‌ر مافی نه‌وه‌ی داهاتوو، واتە بەرهەمهێنان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بڕێکی زۆرتر لە داهات و کاڵا، بێ ڕەچاوکردنی ئەو توڕەبوونەی لە سروشتدا، ڕۆژ بەڕۆژ کەڵەکە دەبێ ناهاوسه‌نگی له‌ نێوان و ترازووی مرۆڤ و ژینگه‌که‌ی دروست ده‌کات، ئەویش بە پیسبوونی هەوا، قەتیسبوونی گەرما لە ئەتمۆسفێری گۆی زەوی، توانەوەی بەستەڵەکەکان، بڕینەوەی دارستان، پیسکردنی ئاوی دەریا و ئۆقیانوسەکان، لافاو، وشکەساڵی، کەمی ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا , بە بیابان بوون و زیادەڕۆیی لە ڕاوکردنی سامانی خۆراکی ماسی، لەهەمووی گرنگتر لەناوچوونی فرەزیندەوەرە، ئەمانە و زۆریتر، ئەو کێشانەن کە لە دەرئەنجامی چالاکی مرۆڤ و بەپشتیوانی تەکنەلۆژیا و زانست و لەژێر ناوی گەشەسەندن و پەرەسەندندا، ژینگەی زیندەوەری پێدەشێوێنن و سەرجەم ئیکۆستیمی سەر گۆی زەوی تێکدەدرێن.

زۆربوونی دانیشتوان و لێکه‌وته‌کانی و ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنێ، یەکێکە لەو بەربەستانەی، کە دژ بە مانەوەی مرۆڤه‌ له‌ ژینگەیەکی تەندروست، چونکە زۆربوونی دانیشتوان و پاراستنی ژینگە، دووانەیەکی دژ بەیەكن، لەگەڵ زۆربوونی دانیشتواندا سەرجەم کێشە ژینگەییەکان لە هەڵکشاندا دەبن، پیسبوونی هەوا و ئاو،بەکاربردنی وزە، زۆربوونی خاشاك، دابینکردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و ئاوەدانکردنەوە، کەمکردنەوەی ڕوبەری سەوزایی و تێکدانی ئیکۆسیستیمی زۆربەی زیندەوەرەکان، جگە لە بەرهەمهێنانی زۆرتر له‌ کاڵا و خۆراك و هاتوچۆ و ژاوەژاو.

بە پێی توێژینەوەکان، تا ساڵی 2030 نزیکەی %55 ی چڕەدارستانی ئەمازۆن لەناودەبرێ، ئەویش بە هۆکاری پیشەسازی دار، سوتانی دارستان، دۆزینەوەی کێڵگەی وزە، بنیاتنانی ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا یا بەهۆی بەرهەمهێنانی به‌روبوومی وزەی بایۆلۆژی یا وزەی سەوز وه‌کو گه‌نمه‌شامی و خورما بۆ نمونه‌، لە ئەفریقاش ئەو کیشوەرەی، تا ئێستا بەو هەموو سامانە سروشتیەوە، لە نەوت، غاز، میتاڵ، کان و کانزا و بوونی زۆربه‌ی میتاڵه‌ ده‌گمه‌نه‌کان هێشتا هەژاری زاڵە بەسەر زۆربەی دانیشتوانیدا، تەنها %8 ی دارستانەکانی نەشێوێنراون.

جگە لەوەی ئەو زیندەوەرانەی کە لە گروپی پەپولە و هەنگن، بۆ پیتاندنی ڕووەك زۆر گرنگن و بەبێ بوونی ئەوان بەرهەمی بێستان و باخداری دەپوکێتەوە و نابنه‌ به‌رهه‌می چنینه‌وه‌، ئەوانیش بەشێکی زۆری قڕ کراون و زیانێکی گەورە لە ئابووری بەرهەمی باخداری و بیستان داوە، قڕبوونی ئەم فرەزیندەوەرانە کاریگەری زۆر دەکاتە سەر تەواوی گەشەکردنی سروشت و نه‌مانەوەی لە چوارچێوە سروشتیەکەی خۆی.

کێشەکانی ژینگە لە جیهاندا زۆرن، پارتە سەوزەکان، ڕێکخراوە ناحکومیەکان، کەسایەتیەکان، شارەزا و پسپۆرەکانی بواری ژینگە، زانستی ژینگە لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، هەموو سەرقاڵی دنەدانن، بەوەی وشیاری ژینگە له‌ نێو دانیشتواندا زیاتر بڵاوبکرێتەوە، جەخت بکرێتە سەرئەوەی، پەروەردەی ژینگەیی و وشیاری ژینگەیی ببنە دوو تەوەری گرنگ لە به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتەکاندا، چونکە ئەوان دڵنیان کە گەڕانەوە بەرەو سروشت، تەنها دەروازەیە کە مرۆڤایەتی بەرەو ئارامی و مانەوە و گەشەی بەردەوام دەبات، تەندروستی بەرقەرار دەکات، یەکسانی و داد سەقامگیر دەکات، زانستی ژینگە ئەو پێگەیە کە هاوسەنگی سروشت و ژیان ڕادەگرێت، هەڕەشەی هەردوکیان لەسەر یەکتر دەڕەوێنێتەوە، بەشی نەوەی داهاتوو، لە داهاتی سروشت و لە سامانی ژێرخان و سه‌رخانەکەی، دابین دەکات.

ئەگەر بمانەوێت کوردستان وەکو بستێکی فەرمانڕەوایی خۆجێی لە جیهاندا ئەژمار بکەین و لە گەڵ ئەو خانانەدا بەراوردی بکەین، کە تیایدا ڕیزبەندی ژینگەپارێزی تێدا ڕەچاو ده‌کرێ، دەبێ بە هەموو لایەنەکانیدا بچینەوە، واتە تێڕامان له‌ دۆخی ژینگەی کوردستان بە ڕابەری حکومەت لەلایەکەوە و به‌ پشتیوانی ئەو هەوڵانەی لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومیەکان و خەڵکی وشیاری ژینگەپارێزه‌وه‌ دەدرێ، لەلایەکیترەوە، لە هەمووی گرنگتر، دەبێ پێشتر باری ژیاری خەڵکەکە و ئاستی ژیان و دۆخی دەروونی دانیشتوانەکە شیبکرێتەوە، چونکە لەژێر چەتری ژیانێکی قورس، برسێتی، گیرفان و دەست بەتاڵی، بێکاری، نەبوونی هیچ ڕوانگە و پێشهات و پلانێك، بەڕێخستنی کات بە چاوەڕوانی و نەبوونی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان، هیچ کاتێك بەرنامەکانی پاراستنی ژینگە و چەسپاندنی ڕێکاری ژینگەیی، بە کەسێکی نائارام و برسی و بێکار ناکرێ، چونکە لایەنێکی گرنگی پاراستنی ژینگە بریتیە لە پاراستن و دابینکردنی مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەتا دادپەروەری کۆمەڵایەتیش پەیڕەو نەکرێ، هەتا ئیکۆنۆمی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا نەبێ، هەتا نەوەی ئیستا بە ماف و مەودای بەشی خۆی لە داهاتی سروشت و ژێرخانی خاکەکەی ئاشنا نەکرێ، هەتا حیزب لە لوتکە و هاوڵاتی برسی و بێکار لە پەراوێز بێ، هەتا تاکڕەوی لە بڕیاردا حاکم بێ، هیچ هەوڵێك بۆ پاراستنی ژینگە و زانستی ژینگە سەرکەوتوو نابێت، ناتوانرێ وشیارکردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌یی بکرێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، چونکە پایەکانی پاراستنی ژینگە، پێش هەموو شت بریتین لە ماف و یەکسانی و دادپەروەری، ئەوەی شوێنەکانیان لە ئێستادا، لە کوردستاندا بەتاڵ و غائیبن، مافی بوونی ئاوی پێویست، نانی پێویست، کونجێكی گه‌رم بۆ ژیان، خه‌وێك که‌ خه‌می ژه‌مه‌نانی سبه‌ینێ نه‌یزڕێنێ، کەسێکی هەژار ناچارە ڕوو لە داربڕینەوە دەکات بۆ لێنانی چایەك، کە مشتێ نەوتی، لەو هەموو نەوتە خۆماڵیە بەرنەکەوێت

*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

print

 243 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*