سەرەکی » دۆسێ » ئەسیوپیا وادەی پڕكردنی بەنداوی نەهزە رادەگەیەنێت

رێكەوتنی لەگەڵ میسر نەكردووە

ئەسیوپیا وادەی پڕكردنی بەنداوی نەهزە رادەگەیەنێت

بەرپرسانی دەركەوتووی ئەسیوپیا ڕایدەگەیەنن، وڵاتەكەیان لە مانگی تەمموزی داهاتووەوە دەست دەكات بە پڕكردنی «بەنداوی نەهزە»، بەبێ‌ رەچاوكردنی گەیشتن یان نەگەیشتنە رێكەوتن لەگەڵ میسر.
راپۆرتەكان ئاماژە بە تەوابوونی سێ‌ لەسەر چواری كارەكانی بنیاتنانی بەنداوەكە دەكەن كە میسر ترسی ئەوەی هەیە ببێتە مایەی كەمبوونەوەی پشكی ئاوی وڵاتەكەی لە روباری نیل، بەو پێیەی دوایین وڵاتە ئاوی نیلی تێدەڕژێت.

ئەسیوپیا و میسر و سودان دەستەوستان بوون لە گەیشتن بە رێكەوتن سەبارەت بە مەودای پڕكردنی بەنداوەكە، وێڕای چەند گەڕێكی وتوێژی نێوانیان، چونكە ئەدیس ئەبابا دەیەوێت بە زووترین كات لەڕێی ئەو بەنداوەوە وزەی كارەبا بەرهەم بهێنێت و لێوەی وڵاتەكەی پەرەپێبدات.

میدیاكانی حكومەتی سودان باس لەوە دەكەن كە بەرپرسە دەركەوتووەكانی بەسەرۆكایەتی ئابی ئەحمەد سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە، گفتووگۆ لەسەر راپۆرتێك دەكەن كە لەلایەن سلشی بیكلیی وەزیری ئاو و ئاودێری و وزەوە پێشكەشكراوە سەبارەت پێشكەوتنی بەدەستهاتوو لە بنیاتنانی بەنداوی گەورەی نەهزە، بە بەشداریی گەورە بەرپرسانی تر، لە نێوانیاندا دیمیكلی موكونین جێگری سەرۆك وەزیران و گیدۆ گاشیۆ وەزیری دەرەوە، و جەنەراڵ ئادەم محەمەد سوپاساری ئەسیوپیا.

راپۆرتی تایبەت بە ئەدای كارەكان كە لەلایەن سلشییەوە پێشكەشكراوە، ئاماژە بە بەشی پەیوەست بە ئەندازیاری مەدەنی بەنداوەكە دەكات كە بەڕێژە 87% تەواوبووە، لەكاتێكدا ڕێژەی پێشكەوتنی گشتی لە بنیاتنانی بەنداوەكە گەیشتۆتە 73%.

لە راپۆرتەكە ئاماژە بە تەواوبوونی كارەكانی خۆئامادەكردن دەكات بۆ دەستكردن بە قۆناغی یەكەمی پڕكردنی بەنداوەكە لە مانگی تەمموزی 2020.

ئاژانسەكان لە زاری سلشییەوە بڵاویان كردەوە، ئەسیوپیا سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سكاڵایەی لەلایەن میسرەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرزكراوەتەوە.

بە 12ی ئایاری 2020، حكومەتی رایگەیاندبوو كە پێشنیارێكی ئەسیوپیای رەتكردۆتەوە بۆ ئیمزاكردن لەر رێكەوتنێك كە رێگە بە پڕكردنی بەنداوی نەهزە بدرێت لە مانگی تەمموزی داهاتوو.

وەزارەتی ئاودێری و داهاتە سروشتییەكان لە سودان رایگەیاندبوو، لایەنی تەكنیكی و و یاسایی هەن كە پێویستە گفتووگۆیان لەسەر بكرێت بەر لە ئیمزاكردنی هەر رێكەوتنێك، باسی لەوەشكردبوو كە پێویستە رێكەوتنەكە میكانیزمی هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان و زامنكردنی سەلامەتی بەنداوەكە و كاریگەرییە كۆمەڵایەتی و ژینگەییەكانی بەنداوەكە لەخۆبگرێت.

ئابی ئەحمەد سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پێشنیاری بۆ عەبدوڵڵا حەمدوك سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا كردبوو، رێكەوتنێكی لاوەكی سەبارەت بە پرۆسەی پڕكردنی سەرەتایی بەنداوەكە ئیمزابكەن.
لە بەیاننامەیەكیشدا هاتبوو كە حەمدوك پێشنیارەكەی سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیای رەتكردۆتەوە كە داوای دەستبەجێ‌ دەستكردنەوەی بە دانوستانە سێ‌ قۆڵییەكان كردبوو.

ئەسیوپیا رەتیكردبۆوە ئیمزا لەسەر رەشنوسی رێكەونێك بكات بە چاودێری واشنتۆن سەبارەت بە بەنداوەكە كە لەنێو خاكەكەیدا دروستدەكرێت.

سویپا رایگەیاندبوو كە پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ تاوتوێكردنی رەشنوسی رێكەوتنە كۆتاییەكە، لەكاتێكدا میسر بەشێوەیەكی تەواوەتی ئیمزای لەسەر رێكەوتنەكە كردبوو.

ویلایەتە یەكگرتووەكان لە شوباتی رابردوو هۆشداریی دابووە ئەسیوپیا لە رەتكردنەوەی بەشداریی لە وتوێژەكانی واشنتۆن كە بە بۆچوونی ئەمریكا بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەكانی بنیاتنان و پڕكردنی بەنداوەكە، رێگەپێدراو نییە، بەبێ‌ رێكەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەكان.

ئامانج لە پرۆژەی بەنداوی نەهزە ئەوەیە كە بكرێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی كەهرۆئاوی لە ئەفریقا، لەپاش تەواوكردنی بنیاتنانی، لەڕێی ئەو وێستگەیەوە كارەبای پێویست بۆ ئەسیوپیا و هەندێك لە وڵاتانی دەوروبەر دابین دەكرێت.

میسر لە سەرەتای دەستكردن بە كاركردن لە پرۆژەی بنیاتنانی لە ساڵی 2011، ترسی ئەوەی هەیە پرۆژەكە ببێتە مایەی «هەڕەشەكردن لە بوونی»، چونكە میسر پشت بە ئاوی نیل دەبەستێت بۆ دەستخستنی نزیكەی لەسەدا 90ی پێداویستییەكانی لە ئاو. قاهیرە ترسی ئەوەی هەیە پرۆژەكە ببێتە مایەی كەمبوونەوەی پشكی وڵاتەكەی لە ئاوی روبارەكە.

هەروەها ترسی ئەوەش هەیە بنیاتنانی بەنداوەكەوە ببێتە مایەی دەستباڵابوونی ئەسیوپیا بەسەر درێژترین روبار لە ئەسیوپیا، لەكاتێكدا میسر دەیەوێت پڕكردنی بەنداوەكە ماوەیەكی زیاتر بخایەنێت، تا ئاستی ئاوی روبارەكە بەشێوەیەكی لەناكاو دانەبەزێت.

لە ساڵی 2019دا ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتی لە دانوستانەكاندا هاتەپێش و بەیاننایەكیشی لەو بارەیەوە دەركرد كە ئاماژەی بە گەیشتن بە رێكەوتنێك كردبوو، بەشێوەیەكی رەسمی ئەسیوپیاشی هاندابوو، پابەندبێت بە رێكەوتنەكەوە.

بەنداوی نەهزە یان بەنداوی هەزارەی گەورە، بەنداوێكی ئەسیوپیایە لەسەر نیلی شین لە ویلایەتی بنیشنقول-قماز لە نزیك سنورەكانی ئەسیوپیا- سودان و رووبەرەكەی لەنێوان 20 و 40 كیلۆمەتردا دەبێت.

لەگەڵ تەواوبوونی بەنیاتنانی، دەبێتە گەورەترین بەنداوی كەهرۆئاوی لە كیشوەری ئەفریقا، و دەیەم بەنداویش دەبێت لە لیستی گەورەترین بەنداوەكان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەسەر ئاستی جیهان.

مەزەندە دەكرێت تێچووی تەواوكردنی بگاتە 4.7 ملیار دۆلاری ئەمریكایی.

بەنداوی نەهزە سێیەم بەنداوە كە بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە ئەسیوپیا بنیاتدەنرێت.

شارەزایانی میسر نیگەرانن بەرانبەر بە كاریگەریی بەنداوەكە لەسەر ئاستی رژانی ئاوی نیل و پشكی میسر لە رژانی ئاوی رووبارەكە بۆ وڵاتەكەیان.

print

 307 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*