سەرەکی » وتار » رزگارکردنی جیهانگیرییپەڕە 2

رزگارکردنی جیهانگیریی

مارک لیونارد

و: کوردەوان محەمەد سەعید

جارێکیان وینستۆن چەرچڵ وتی: زۆر کەس کاتێک کوتوپڕ بەر راستییەکان دەکەون دەتاسێن، بەڵام هەر زوو خۆیان کۆ دەکەنەوە ‌و هەڵدەستنەوە ‌و دەڕۆن وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، بەڵام لە دۆخی کوڤید19دا جیهان رووبەڕووی هەندێک راستی تاڵ بۆوە کە خۆلادان لێی ئەستەمە. وەک ئەوەی لە قەیرانە داراییەکەی 2008دا بەسەری هات، یان لە قەیرانی پەنابەرانی 2015 لە ئەوروپا روودا.

رۆڵی بنەڕەتی دەوڵەتێکی راستەقینەی خاوەن سەروەری بریتییە لە پاراستنی سەرجەم هاووڵاتییەکانی لە مەترسی، بەڵام جیهانگیریی توانای دەوڵەتی نوێی کەمکردەوە لە مامەڵە کردن لەگەڵ روودا‌وێک کە ئەگەری روودانی کەمە ‌و کاریگەریی زۆرە، وەک چۆن هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001ی سەر ئەمریکا خەڵکەکەی ناچار کرد جارێکی دیکە بیر لە دۆخی ئەمنی بکەنەوە، قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناش ناچارمان دەکات بە چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ جیهانگیری ‌و پشتبەستن بەیەکدیدا بچینەوە.

هۆکارێکی گونجاو هەیە وامان لێ دەکات بپرسین داخۆ دەکرێ قەیرانەکە لە رێگەی نەتەوەیی ‌و هەماهەنگی نێودەوڵەتییەوە چارەسەر بکەین؟ ئەم پرسیارە هەڵەیە. راستییەکەی دەبێ بپرسینن داخۆ پشتبەستن بە یەکدی لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەییدا یەک دەگرێتەوە ‌و یەکدی تەواو دەکەن لەم ژینگە سیاسییەی ئێستادا؟ لەم بابەتەدا قسەکردن تەنیا لە گرنگی هێشتنەوەی بازاڕ بە کراوەیی‌و سنوورەکان بە کراوەیی بەس نییە، چونکە ئەوەتا هەر ئەوەندەی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکرا‌و زانرا مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان، زۆربەی سەرانی وڵاتان وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی سنووری وڵاتەکانیان داخست.

لەگەڵ ئەوەشدا کە دەوترێ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بەهۆی تێکەڵاوبوون‌و پشتبەستنی وڵاتانەوەیە بە یەکدی، قەیرانی تەندروستی ئەم جارە دەری خست کە چارەسەری نەتەوەیی ‌و دەرگا داخستن ‌و سیاسەتی خۆبژێوی بێسوودە، چونکە هەر ئەوەندەی ڤایرۆسەکە لەناو خودی وڵاتێکدا بڵاو بۆوە، ئیدی داخستنی سنوور هیچ سوودێکی نامێنێت. لە جیهانێکدا کە ئەم نەخۆشییە دروستی کردووە قسەکەی جان پۆڵ سارتەر زۆر راستە کە دەڵێ: (دۆزەخ بریتییە لەوانی دی).

سەرباری ئەوەش کارەسات ‌و قەیرانی کوڤید19 لە سیستمێکی نێودەوڵەتیدا سەری هەڵدا کە هەر خۆی لە 2008وە لە قەیراندا دەژیا، ئەمەش دەری خست کە هەموان سوودمەند نین لە جیهانگیریی، بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێکەوە کە وایان دەوت، راستە جیهانگیریی دەتوانێ جیهانێکی کراوە‌و گەشەی ئابووری ‌و بوژانەوەی زیاتر بێنێتە ئاراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەکسانی زیاتر ‌و خراپبوونی زیاتری ژینگەش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئازادی هاتوچۆ دەرفەتی هاتنەپێشی بۆ ملیۆنان کەس رەخساند، بەڵام فشاری سەر خزمەتگوزارییە گشتییەکانیی بەرز کردەوە ‌و کرێی کاریشی کەم کردەوە لە وڵاتانی خانەخوێدا، هاندەریش بوو بۆ کۆچی ئاوەز ‌و مێشکە بە تواناکان لە هەندێک وڵاتدا.

ماوەیەکی زۆر پێش پەیدابوونی سەروسەکوتی ئەم نەخۆشییە، ئەو گرفتانە باس کران‌و لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاردانەوەی خراپیشی هەبوو، سەرکردە پۆپۆلیستەکان قۆستیانەوە ‌و جڵەوی دەستپێشخەری ‌و ئەجێندای سیاسییان لەو حزبە لیبراڵانە وەرگرتەوە کە لە دوای جەنگە جیهانییەکانەوە بەرگرییان لە سیستمی نێودەوڵەتی دەکرد، لە هەمووی سەیرتر لە سایەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دا ئەمریکا لە پلەی سەرکردایەتی سیستمی نێودەوڵەتییەوە بەرەو هەڵوەشان دەچێت، ئەویش بە بیانووی ئەوەی هاوپەیمان ‌و رکابەرەکانی ئەمریکای وەکو چین، ئەمریکایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێناوە.

بەهۆی ئەم باگراوەندەوە ئەگەری هەیە ئەم قەیرانەی ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان ببێتە هۆی داڕشتنەوەی جیهانگیریی. بەڵام چۆن؟
ئەم نەخۆشییە دەرفەت بۆ بەرەوپێشچوونی زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکان دەڕەخسێنێ، لەو بزوتنەوانە‌و زانایانەوە بگرە کە زۆر لەمێژە داوا دەکەن گەشەپێدانێکی درێژخایەنتر بهێننە ئاراوە تا دەگات بەو لایەنانەی کە نیگەرانن لە پەرەسەندنی نایەکسانی‌و لاوازبوونی زنجیرەی هاوردە لەسەر ئاستی جیهان.

ئەوروپاییەکان دەبێ ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە چەمکی سەروەریدا، ئاستەنگەکە لەوەدایە ئەوروپا چۆن بزانێت یەکتر تەواوکردنی نێوان وڵاتەکانی بەکار بهێنێت بۆ پشتیوانی کردن لە سەروەری نیشتمانی ‌و نەبێتە هەڕەشە بۆی. هەروەکو ئەم قەیرانە‌و قەیرانەکانی پێشتریش دەریان خستووە، پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا هاووڵاتیانی خۆیان لەو مەترسیانە بپارێزن کە سیستمی پشتبەستن بەیەکدی دەیسەپێنێت، جا ئەو مەترسیانە ژینگەیی بن، یان ئەلەکترۆنی، یاخود دارایی بن یان کێشەکانی تایبەت بە کۆچ.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سەرانی ئەوروپا پێویستیان بەوەیە تێڕوانینی سەروەری ئەوروپا پەرە پێ بدەن، کە وا دەکات کەمتر پێویستی بە خۆبژێوی هەبێت، ئەویش لە رێگەی هەنگاونان ‌و بڕیاردانی حکومەتە نیشتمانییەکانەوە، کە بڕیاری بنەڕەتی‌و سەربەخۆیانە بدەن ‌و لە هەمان کاتدا دانوستانی کارایان هەبێت لە چوارچێوەی پشتبەستن بەیەکدی ‌و یەکتر تەواوکردندا، ئەگەر زیاتر وردی بکەینەوە پێویستە ئەم تێڕوانینە کەلێنی نێوان هەردوو رووەکە، داخران‌و کرانەوە لە سێ بواردا پڕ بکاتەوە.

یەکەمیان دەکرێ یەکێتی ئەوروپا بگاتە رێگەچارەیەکی میانجین لە باس ‌و گفتوگۆی تایبەت بە خۆبژێوی ‌و زنجیرەی هاوردەیەکی باشتر، ئەگەر گەڕانەوەی وڵاتە بچووکەکانی ئەندام لەو یەکێتییەدا بۆ خۆبژێوی گونجاو نەبوو، ئەو کات دەبێ یەکێتی ئەوروپا سەرچاوە سەرەکییەکان بەرهەم بهێنێت ‌و عەمباریان بکات، هەر لە ئامێری هەناسەی دەستکردەوە تا دەگات بە خۆراک ‌و تەکنۆلۆژیای فایف جی‌و بەرهەمی وزە، پاشانیش دەبێ بوونی ئەم سەرچاوە‌و کەرەستانە لە بازاڕی یەکگرتوویاندا مسۆگەر بکات. ئەم رێگەچارەیە رەنگە وڵاتە بچووکەکانی ئەندامی یەکێتییەکە بپارێزێت لە گێچەڵی وڵاتانی دی لە سایەی ئابووری جیهانی لە سەدەی بیست‌و یەکدا.

دووەمیان ململانێی نێوان چەوسانەوە ‌و دیموکراسییە، کە پێویستە ئەوروپا شێوازی پارێزگاریکردن لە بنەماکانی دیموکراسی روون بکاتەوە، تەنانەت لە دۆخی نائاساییشدا. بە واتایەکی دیکە یەکێک لە رێگەچارە دڵخۆشکەرەکان داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ مسۆگەرکردنی گل نەدانەوەی ئەو زانیارییانەی لە کاتی گەڕان بە دوای کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنادا کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی دیکە بەکارنەهێنرێن. هەروەها دەبێ سەرانی یەکێتی ئەوروپا ئەو پێوەرە تازانە رەچاو بکەن کە لەسەری رێک کەوتوون ‌و بەکار دەهێنرێن بۆ ماوەی سەپاندنی دۆخی نائاسایی لە هەریەکێ لە وڵاتە ئەندامەکاندا.

سێیەمیان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان سەروەری نیشتمانی ‌و سیستمی فرەلایەنی، ئەوروپا دەتوانێ پشت بە بەرنامەیەک ببەستێ کە هەردوولا رازی بکات، لەگەڵ دەیاریکردنی ئەو ئاراستەیەی کە ئامانجەکانی جیاوازە لەو بەرنامەیەی ترەمپ ‌و شی جین بینگ سەرۆکی چین ‌و پوتین سەرۆکی روسیا گرتوویانەتەبەر، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێ سیستمی نێودەوڵەتی بە جۆرێک پێک بهێنێت کە رەنگدانەوەی بەها‌و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی بێت.

هەر بۆ نموونە، سەبارەت بە قەیرانی ژینگە، دەکرێ یەکێتی ئەوروپا باج بخاتە سەر بەرهەمهێنەرانی کاربۆن بۆ ئەوەی تێچووی بەرهەمی کاربۆنی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان بێت، سەبارەت بە کۆچ، دەتوانێ هەماهەنگی زیاتر بکات لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ چاودێری جموجۆڵی پەنابەران، سەبارەت بە کێشەی تەندروستی، دەتوانێ یارمەتی وڵاتانی دواکەوتوو بدات بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستییان ‌و کەمکردنەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەو وڵاتانەوە.

لە کۆتاییدا، رەنگە قەیرانی کوڤید19 رێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی یەکێتی ئەوروپا بگەڕێتەوە سەر راستەڕێ واتە: گونجاندن لە نێوان دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی لەگەڵ واقیعی پشتبەستن بە یەکدی، نەک رێگە بدرێت بیروباوەڕی لیبراڵیزمی نوێ سەروەری نیشتمانی تێک بشکێنێت.

لەوەش گرنگتر پەرەپێدانی تێڕوانینی وابەستە بە سەروەری ئەوروپا دەکرێ یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر قەیرانێکی دیکەی داهاتوو کە لە پشتبەستن بە یەکدییەوە سەرچاوە بگرێت.

تۆ بڵێی سەرانی ئەوروپا قسەکەی چەرچڵ تاقی بکەنەوە ‌و توانای مامەڵەکردنیان هەبێت لەگەڵ ئەم دۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خوڵقاندوویەتی، یان هەڵدەستنەوە‌و پێشتر چییان کردووە دووبارەی دەکەنەوە؟
سەرچاوە: پرۆجێکت سەندیکەیت

print

 263 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*