سەرەکی » وتار » بێستون سابوراوایی » چۆن بازاڕ دەبوژێتەوە؟

چۆن بازاڕ دەبوژێتەوە؟

جووڵەی پارە کرۆکی پرۆسەی وەبەرهێنانە، ئەگەر بەپێی ئەو یاسایە کار بکەین کە بۆ نموونە کەسێک 100  دۆلار قەرز دەکات لە بانک بۆئەوەی بیداتەوە بە قەرزدەرێک، ئەویش هەمان پارە بداتەوە بەو کەسەی قەرزێکی کۆنی لێکردووە و بەو پێیە ئەم  سەد دۆلارە رێچکەی خۆی بگرێت لە بازاڕدا.

بزانین بەپێی ئەم هەنگاوانەی خاوەن سەد دۆلارەکە ئەو سەد دۆلارە لە بازاڕدا بوو بە چەند؟

ئەگەر  بەپێی ئەو سووڕە، پارەکە بگاتە دەستی 10 کەس، ئەوا بەپێی یاسای جووڵەی پارە لەبازاڕدا دەکاتە 100 X 10  = هەزار دۆلار.

واتە لێرە سەرمایەی وەبەرهێنان بەهۆی جووڵەی بازاڕەوە دەبێتە هەزار دۆلار.

 ئەی ئەگەر ئەو هەزار دۆلارەش هەمان جووڵە بکات و دیسان ئەو جووڵەیە بەردەوام بێت بە تێپەڕبوونی کات دەبێت پارەی جوڵا و بۆ مامەڵە لە هەموو بازاڕدا بەپێی یاساکانی Macroeconomics  بگاتە چەند!؟ ئەوە نهێنییەکەی وڵاتە پێشکەوتووەکانە  لە ژاپۆن تا ئەمریکا.

لێرەدا تەوەری پشتپێبەستووی ئابووریی   بریتیین لە دوو رەگەزی هەرە سەرەکی، لەگەڵ هەزاران وردە فاکتەری تر. دوو رەگەزە سەرەکییەکە بۆ ئەو قەرز و جووڵەیەی دارایی و بازاڕگەرمی ، ئەمانەی خوارەوەن :

1- بوونی بانک و سیستمی پێشکەوتووی بانکداریی و پارەدانان (ایداع) و پارە بەقەرزدان (تسلیف و اقراض). ئەویش بەمەبەستی ئەوەی دەوڵەت و هاووڵاتیان هەموو پارەکانی خۆیان لە بانکە بازرگانی و وەبەرهێنەکان دابنێن  و لەوێشەوە وەبەرهێن پارە رابکێشێت.

لەم حاڵەتەشدا دەبێت سیاسەتی نەختینەیی ئاسانکار رۆڵ بگێڕیت و هاندەر بێت لە دوو لاوە:

یەکەمیان سوودی هاندەر بدات بۆ  پارەدانەران لە دامەزراوە بانکییەکان بۆ ئەوەی ئەگەر پارە لای هاووڵاتیان هەبوو، پارەکانیان لە بانک دانبنێن.

دووەمیان سوودی کەم بخاتە سەر قەرزکەر و ماوەی گێڕانەوەی قیست و سوود دووربێت لە رێکەوتی وەرگرتنی قەرزەکەوە، یان  دوای پێنج ساڵ لە یەکەم رۆژی بەرهەمهێنانەوە.

2- بوونی متمانە بە بانکەکان لەلایەن  هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانەوە کە بەبێ دوودڵی مامەڵە لەگەڵ بانکەکاندا بکەن، چونکە بینیمان لە ساڵانی پێشوودا بەتایبەتی لە 2004 تا 2014 لەگەڵ بوونی ژیانەوەی ئابووریی و دابەزینی رێژەی بێکاری بۆ 7% کەچی  هاووڵاتی پارەی لەخۆزیادی  نەدەبردە بانک ، بەڵکو لە ماڵەوە دەیخەواند.

بەوپێیە ئەگەر لانیکەم ئەو دوو رەگەزەی سەرەوە  جێگیربوون، ئەوا پرۆسەی وەبەرهێنان و سووڕانەوەی پارە جموجۆڵی زەبەللاح دەخاتە بازاڕەوە و بەوەش هەزاران هەلی کار دروست دەبێت و ئابووریی وڵات گەشەدەسەنێت.

هەموو ئەو پرۆسەیە لەسەر شانی سیاسەتی دارایی و بانکیی حکومەتە کە دەبێت پشتیوانێکی متمانە پێکراو بێت بۆ هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت.

print

 447 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*