سەرەکی » ئابووری » به‌غدا واده‌ی كۆتایی هاتنی قه‌یرانی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كات

به‌غدا واده‌ی كۆتایی هاتنی قه‌یرانی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كات

ئا: ئه‌ركان جه‌بار

له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانداو دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و سه‌ره‌نجام په‌ككه‌وتنی سێكته‌ری ئابووری، عیراق له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ كه‌وته‌ دۆخێكی دارایی خراپه‌وه‌، به‌جۆرێك ئێٍستا به‌ ئه‌سته‌م سیوله‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌ بۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆره‌كانی.

كۆتایی مانگی رابردوو، لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی‌و ئه‌مێندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ژماره‌یه‌ك پێشنیازیان بۆ حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق گه‌ڵاڵه‌كرد، به‌مه‌به‌ستی ئیداره‌دانی قه‌یرانی دارایی عیراق، كه‌ به‌شێك له‌و پێشنیازانه‌ بریتی بوون له‌ وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی‌و ناوخۆیی‌و فرۆشتنی موڵك‌و خانووبه‌ری میری‌و دابه‌شكردنی قه‌واڵه‌ی دارایی. به‌بێ ده‌ستبردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

دۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌
حكومه‌تی ئێستای عیراقیش به‌ سه‌رۆكایه‌تی موسته‌فا كازمی، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕ كردۆته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی كه‌منه‌كردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نه‌بوونی سیوله‌و دواكه‌وتنی مووچه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌حمه‌د ساعدی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نیشتمانیی خانه‌نشینی عیراق رایگه‌یاندوه‌، “قه‌یرانی دواكه‌وتنی مووچه‌ له‌عیراق ته‌نها له‌هه‌ردوو مانگی (ئایار و حوزه‌یران) ده‌بێت‌و له‌ مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵ كۆتایی دێت‌و دۆخی دارایی عیراق تاڕاده‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی جێگیریی خۆی”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی عیراق ده‌ڵێت: “له‌ دوای جێبه‌جێكردنی بڕیاری كه‌ره‌نتینه‌كردن له‌عیراقدا‌و هاوكات دابه‌زینی چاوه‌ڕواننه‌كراوی نرخی نه‌وت‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی داهات، توشی قه‌یرانی دارایی سه‌خت بووین، به‌ شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ی پێشوو ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزكردنی نه‌بوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات”.

مووچه‌ی مانگی ئایار
دابه‌شكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینانی عیراق بۆ مانگی رابردوو دواكه‌وت‌و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی موسته‌فا كازمیش، بڕیاری به‌په‌له‌ دابه‌شكردنی درا. به‌وته‌ی سه‌رۆكی ئه‌و ده‌سه‌ته‌یه‌ش، دابه‌شكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینان هیچ كێشه‌یه‌كی نابێت‌و ئه‌و زانیارییانه‌ دوورن له‌ڕاستییه‌وه‌ گوایه‌ له‌مه‌ودوا مووچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت.

هاوكات، رۆژی 19ی 5ی 2020، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فه‌رمانی به‌ وه‌زاره‌تی دارایی كرد، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئایار بكه‌ن به‌بێ پاشه‌كه‌وت.

به‌پێی وته‌ی په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ش له‌ لیژنه‌ی دارایی، حكومه‌تی عیراق ده‌یه‌وێت بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مانگی حوزه‌یران په‌نا بۆ قه‌رزی ده‌ره‌كی‌و چه‌ند رێوشوێنێكی دیكه‌ به‌رێت.

“هاوكارم بن”
له‌ یه‌كه‌م وتاریشیدا له‌دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، موسته‌فا كازمی نووسیویه‌تی: “به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، خه‌زێنه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ خاڵیم بۆ ماوه‌ته‌وه‌”.

ده‌شڵێت: “دابه‌زینی‌ مه‌ترسیداری‌ داهاتی‌ وڵات حكومه‌تی‌ ناچار كردووه‌ به‌ سه‌رجه‌م ئاڕاسته‌كاندا كار بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ به‌په‌له‌ بۆ پێدانی‌ مووچه‌”.

داواشی كردووه‌ هه‌مووان هاوكاری بكه‌ن له‌ چاره‌سه‌ركردن‌و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی‌و قه‌یرانی كۆرۆنا و ده‌ڵێت: “ئێستا دوچاری ئاڵنگاری زۆر بومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مووان هاوكارم بن”.

print

 1,483 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*