سەرەکی » هەواڵ » لیبیا؛ رێگرتن له‌ سه‌دان كۆچه‌ری نایاسایی بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا

لیبیا؛ رێگرتن له‌ سه‌دان كۆچه‌ری نایاسایی بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ رایگه‌یاند: كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، هێزی ئێشكگری كه‌ناراوه‌كانی لیبیا شكستیان به‌ هه‌وڵێك هێناوه‌ بۆ گه‌یشتنی 400 كۆچه‌ری نایاسایی بۆ ئه‌وروپا له‌ رێی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌، كه‌ له‌ پێنج به‌له‌مدا بوون.

ئاژانسی ده‌نگوباسی روسیای ئه‌مڕۆ (RT)، له‌ زاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند: 317 كۆچه‌ری نایاسایی گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ لیبیا، هه‌روه‌ها رۆژێك پێشتریش 70 كۆچه‌ری دیكه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ ‌و دوو كۆچه‌ریش له‌ كاتی په‌ڕینه‌وه‌یاندا به‌ره‌و ئه‌وروپا، له‌ ده‌ریادا خنكاون.

رێكخراوی نێوده‌ وڵه‌تیی كۆچ روونیشیكردۆته‌وه‌: كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ به‌ نایاسایی ‌و له‌ رێی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌وروپا، ته‌نها له‌م مانگی ئایاره‌دا زیاتر له‌ هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌.

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) ‌و چڕبوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان له‌ ده‌وربه‌ری شاری ته‌رابلوسی پایته‌خت، نه‌هامه‌تی هه‌زاران له‌و كۆچه‌رانه‌ زیادیكردووه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ رێی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ لیبیا به‌ره‌و ئه‌وروپا جێبهێڵن.

print

 243 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*