سەرەکی » دۆسێ » مه‌زڵوم عه‌بدێ: له‌نێوان جینۆساید و چاره‌سه‌ردا، ژیانی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵده‌بژێرین

خاكی ره‌ش

مه‌زڵوم عه‌بدێ: له‌نێوان جینۆساید و چاره‌سه‌ردا، ژیانی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵده‌بژێرین

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر – به‌شی نۆیه‌م

له‌ماوه‌ى دوو ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام توركیا گوشاری ده‌خسته‌ سه‌ر ئه‌مریكا بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی داماڵراو له‌چه‌ك و دوورخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ یان سوریاى دیموكرات له‌ سنوره‌كانی رۆژئاوای كوردستان به‌رامبه‌ر باكووری كوردستان به‌بیانووی ناوچه‌ى ئارامه‌وه‌ به‌درێژایی زیاتر له‌ 100 كیلۆمه‌تر.

له‌گه‌ڵ ئه‌و خواسته‌ى توركیا، پێده‌چوو ئه‌مریكا سه‌ودایه‌ك به‌و داخوازییه‌ى توركیاوه‌ بكات و له‌به‌رامبه‌ردا شتێك وه‌ربگرێت یان سازشێك به‌ توركیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بكات.

ئه‌وه‌بوو جیمس جێفری نوێنه‌رى ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا توانیی مه‌زڵوم عه‌بدێ فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات رازی بكات به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا بۆ كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌ سنووره‌كانی توركیا له‌نێوان سه‌رێكانی تا عێن عیسا به‌دێراژیی 120 كیلۆمه‌تر.

به‌ نێوانگیریی ئه‌مریكا و گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ هه‌ردوولا (توركیاو سوریاى دیموكرات) له‌ ناوه‌ڕاستی 2019 رێكه‌وتن له‌سه‌ر كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات به‌درێژایی نزیكه‌ى 120 كیلۆمه‌تر و قووڵایی له‌هه‌ندێ شوێن 5 كیلۆمه‌تر و له‌هه‌ندێكی دیكه‌ 9 كیلۆمه‌تر و هه‌ندێكی دیكه‌ش 14 كیلۆمه‌تر، به‌ڵام توركیا داوای كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانی سوریاى دیموكراتی ده‌كرد بۆ قووڵایی 35 كیلۆمه‌تر. ئه‌وه‌بوو جیمس جێفری نوێنه‌رى تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروبارى سوریا، مه‌زڵوم عه‌بدێی رازیكرد به‌ رێكه‌وتنی دروستكردنی ناوچه‌ى ئارام، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر رازی بن به‌رێكه‌وتنه‌كه‌، ئیدی توركیا جارێكی دیكه‌ په‌لاماری رۆژئاوای كوردستان نادات.

ئیدی رۆژی 7ی ئابی 2019 هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی بۆیان ده‌ستنیشانكرابوو كشانه‌وه‌ و چه‌كه‌ قورسه‌كانیان له‌و ناوچانه‌ كێشایه‌وه‌ به‌ره‌و قووڵایی خاكی رۆژئاوا. ئه‌و ناوچانه‌ش راده‌ستی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس كران.

سه‌ربارى جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كورده‌وه‌ كه‌ به‌نێوانگیریی ئه‌مریكا كرابوو، به‌ڵام توركیا پابه‌ند نه‌بوو به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ و به‌رده‌وام بوو له‌ هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ رۆژئاوای كوردستان و گوشاره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌مریكاش زیاتر كرد، كه‌ به‌پێى زانیارییه‌كان، روسیا هانی توركیای ده‌دا تا گوشاره‌كانی بۆسه‌ر ئه‌مریكا زیاتر بكات.

هه‌روه‌ك پێده‌چێت هه‌ندێك نهێنی و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت له‌نێوان ئه‌مریكا و توركیادا هه‌بێت، تائێستا ئاشكرا نه‌كرابێت، كه‌ به‌شێكیان په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان- ی سه‌رۆكی توركیا.

دوای تێپه‌ڕینی دوو مانگ، له‌ناكاو و به‌بێ هیچ پێشینه‌یه‌ك دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاری كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ى له‌ 6ی ئۆكتۆبه‌رى 2019 له‌سوریا راگه‌یاند! به‌راگه‌یاندنی كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ له‌ میدیاكانی ئه‌مریكا و جیهان دروستبوو.

دیمه‌نی پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سنووره‌كانی به‌رامبه‌ر توركیا به‌ره‌و قووڵایی خاكی رۆژئاوای كوردستان سه‌رنجی میدیاكانی جیهانی راكێشا، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ى كه‌ ژن و منداڵ و پیرو لاوی شارو دێهاته‌كان به‌ به‌ردو هێلكه‌ په‌لامارى كاروانی پاشه‌كشه‌ى ئه‌و هێزانه‌یان ده‌دا كه‌ به‌لایاندا تێده‌په‌ڕین. هه‌روه‌ك له‌دژی ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ دروشمی جیاوازیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌، دیارترینیان هاواریان ده‌كرد: “ئێوه‌ ئێمه‌تان فرۆشت” یان” ئه‌مریكا خائینه‌”..تد.

ئه‌مه‌ وایكرد له‌ماوه‌ى ته‌نها سێ رۆژدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا بنكه‌ و باره‌گاكانی خۆیان له‌هه‌موو ناوچه‌ سنوورییه‌كان به‌جێهێشت و هه‌ندێكیشیان تێكدا.
دواى سێ رۆژه‌كه‌ واته‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی 9ی ئۆكتۆبه‌ر سوپای توركیا به‌ پاڵپشتی گروپه‌ تیرۆرخوازه‌كان له‌چه‌ند خاڵێكی دیاریكراوه‌وه‌ ده‌ستیانكرد به‌ په‌لاماردانی سنووره‌كانی رۆژئاوای كوردستان، په‌لاماردانه‌كه‌ له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌ بوو. سه‌دان تانك و تۆپ و فڕۆكه‌ و چه‌كی گران پێكه‌وه‌ تۆپبارانی رۆژئاوای كوردستانیان ده‌كرد.

په‌لاماردانی توركیا له‌گه‌ڵ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، دۆخێكی زۆر خراپی ئه‌منی له‌ ناوخۆی رۆژئاوای كوردستاندا دروستكرد، بارێكی ده‌روونیی زۆر خراپ باڵی كێشا به‌سه‌ر ته‌واوی رۆژئاوای كوردستاندا.

پشتتێكردنی ئه‌مریكا له‌كورد له‌ رابردوو له‌ میدیاكان به‌بیر خه‌ڵك ده‌هێنرایه‌وه‌. ئه‌مریكا هیچ پاساوێكی مه‌نتقی نه‌بوو بۆ ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌. هه‌ر رۆژه‌ لێدوانێكیان ده‌دا، گوشارێكی ئیعلامیی زۆر گه‌وره‌ رووی له‌ كۆشكی سپی و ئیداره‌ى ئه‌مریكا كرد، ژماره‌یه‌كی زۆر كاربه‌ده‌ستی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌.

له‌كۆنگرێس گوشارى دژی كێشانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئیداره‌ى ئه‌مریكا زۆر زیاتربوو! بانگهێشتی ئه‌ندامانی ئیداره‌كه‌ى ئه‌مریكا چووه‌ به‌رنامه‌ى كاری كۆنگرێسه‌وه‌ بۆ پرسیاركردن له‌باره‌ى هۆكارى بڕیارى كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كان.

له‌ ئه‌وروپاش هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنی گه‌وره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد ده‌ستیپێكرد. دیمه‌نی كوشت و بڕو ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی له‌ شاره‌كانی سه‌رێكانی و گرێ سپی و عێن عیساو هه‌موو گوندو باژێڕه‌كانی ئه‌و سنووره‌ له‌ میدیاكان نیشان ده‌درا. ترسێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌وروپا دروستبوو كه‌ توركیا ته‌واوی سنووره‌كان ببه‌زێنێت، بۆیه‌ گفتوگۆ و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا زۆر خێرابوو و رۆژانه‌ چه‌ندین هه‌واڵ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌بیسترا. ته‌نانه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی میسر و میرنشینی عه‌ره‌بی (ئیمارات) هاوسۆزیی خۆیان به‌ئاشكرا بۆ كورد پێشانده‌دا. تاكه‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بی كه‌ زۆر به‌ئاشكرا پشتیوانیی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و توركیاى ده‌كرد قه‌ته‌ر و كه‌ناڵی (جه‌زیره‌)كه‌ی بوو.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات پێشوه‌خته‌ خۆیان بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ ئاماده‌كردبوو، به‌ڵام نابه‌رابه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌نێوان توانا و ژماره‌ى هێزه‌كاندا هه‌بوو. سه‌ربارى به‌رگرییه‌كی توندو ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر شه‌هید و بریندار و ئاواره‌بوونی نزیكه‌ى 300 هه‌زار كه‌س، شه‌ڕو به‌رگریی به‌رده‌وام بوو تا رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر) 2019

مه‌زلوم عه‌بدێ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات، له‌ 13 ئۆكتۆبه‌ر وتارێكی له‌ گۆڤارى فۆریه‌ن پڵه‌سی ئه‌مریكا له‌ژێر ناونیشانی “ئه‌گه‌ر سه‌رپشك بین له‌نێوان چاره‌سه‌ر یان جینۆسایدی گه‌له‌كه‌مان، بێگومان ژیانی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵده‌بژێرین” وتیشی “ئێمه‌ به‌سنگی رووته‌وه‌ به‌رامبه‌ر خه‌نجه‌رى تورك وه‌ستاوینه‌ته‌وه‌”.

له‌و گوتاره‌دا مه‌زلوم عه‌بدێ ناڕاسته‌وخۆ مه‌رگه‌ساتی په‌لامارى سوپای تورك و تیرۆرستانی ئاماژه‌ پێداو وتی: “ئه‌مریكا ئێمه‌ى به‌جێهێشت، بۆیه‌ ناچارین له‌گه‌ڵ روسیا و سوریا له‌ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ بگه‌ڕێین له‌پێناو پاراستنی گه‌لی كورد”. وتیشی: “ئه‌مریكا پۆلیسی جیهان نییه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێ رۆڵی خۆی له‌ سوریا بگێڕێت و ده‌زانین ده‌توانێت ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێت و توانای هه‌یه‌”.

له‌ماوه‌ى 8 رۆژی شه‌ڕو روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى سوپای توركیا، گوشارى سه‌ر ئیداره‌ى ئه‌مریكا زۆر زیاتربوو، بۆیه‌ له‌ 17ی مانگ ناچار ئه‌مریكا وه‌فدێكی باڵای ره‌وانه‌ى توركیا كرد بۆ راگرتنی شه‌ڕ به‌سه‌رۆكایه‌تی مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا.

دوای گفتوگۆی چڕو په‌یوه‌ندیی به‌ هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات، رێكه‌وتنێكیان ئیمزاكرد بۆ راگرتنی په‌لاماردانه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى 120 كاتژمێر به‌چاودێریی ئه‌مریكا تا هێزه‌كانی سوریای دیموكرات تا قوڵایی 35 كیلۆمه‌تر به‌درێژایی 120 كیلۆمه‌تر بكشێنه‌وه‌.

له‌ماوه‌ى ئه‌و 8 رۆژه‌ى شه‌ڕدا، دیمه‌نێكی زۆر تراژیدیی و پڕ ترس باڵی كێشا به‌سه‌ر دۆخی ئه‌منیی رۆژئاوای كوردستاندا. به‌ڕۆژ و شه‌و توركیا به‌چه‌كی گران به‌درێژایی سنوورى رۆژئاوای كوردستان تۆپبارانی شارو دێهاته‌كانی ده‌كرد، سه‌ربارى ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ شاره‌كانی سه‌رێكانی و گرێ سپی، له‌ شارو باژێڕه‌كانی سه‌ر سنوور به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و قووڵایی خاكی رۆژئاوای كوردستان كۆچیان ده‌كرد.

دیمه‌نی ئه‌و كۆچڕه‌وه‌، له‌دیمه‌نی كۆچڕه‌وى ساڵی 1991ی باشوری كوردستان ده‌چوو، به‌ڵام نیوانیان نزیكه‌ى 30 ساڵ بوو. هه‌ندێك به‌پێ و هه‌ندێك به‌ ئۆتۆمبێل و كه‌مێك پێداویستی ماڵه‌وه‌یان باركردبوو به‌دوای یه‌كدا ریز ببوون، هه‌ندێك له‌ چۆڵه‌وانیی هه‌واریان هه‌ڵده‌دا و به‌ناچاریی له‌ده‌شت مانه‌وه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ په‌نایان برده‌ به‌ر كه‌سوكار و ناسیاری خۆیان له‌ شاره‌كانی دیكه‌.

له‌به‌هاری 1991 رژێمی به‌عس به‌تانك و تۆپ و ته‌یاره‌ هێرشێكی پێچه‌وانه‌ى به‌رامبه‌ر راپه‌ڕینی باشووری كوردستان ده‌ستپێكرد و به‌هۆیه‌وه‌ ملیۆنان هاووڵاتی كوردستان ئاواره‌ى وڵاتانی ئێران و توركیا و سوریا بوون، هه‌روه‌ك له‌ماوه‌ى ئه‌و هه‌شت رۆژه‌ی په‌لامارى سوپای توركیا به‌هاوكارى گروپه‌ تیرۆرییستییه‌كان، هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كه‌ زۆربه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر سنوور، دانیشتوانیان رایانكرد و چۆڵكرا.

دیمه‌نێكی پڕ ترس له‌و شارانه‌ به‌دیده‌كرا، شانه‌ى رێكخستنی به‌عس خه‌ریكی جموجۆڵ بوون و مۆڕه‌یان له‌ كورده‌كان ده‌كرد، جگه‌ له‌ هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاوا هیچ كه‌سێك له‌ شاره‌كان نه‌مابوو. شه‌وانه‌ به‌شێك له‌ عه‌ره‌به‌ به‌عسییه‌كان هه‌وڵیان ده‌دا كۆببنه‌وه‌ و به‌ دروشم و هاواری شۆڤینی له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كان گردبوونه‌وه‌ دروستبكه‌ن، له‌وه‌ ده‌چوو رژێمی به‌عس بیه‌وێت بارێكی ده‌روونی شپرزه‌ له‌و ناوچانه‌دا دروستبكات تا ببێته‌ مایه‌ى گوشار له‌سه‌ر ئیداره‌ى رۆژئاوای كوردستان.

له‌دواى ته‌واوبوونی 120 سه‌عاته‌كه‌ى نێوان په‌یه‌ده‌ و توركیا، سه‌ركردایه‌تیی په‌یه‌ده‌ یان هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات داوایان له‌ روسیا كرد به‌په‌له‌ هاوكارییان بكات له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى گرفتی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌كه‌وتنه‌ خۆرئاوای عێن عیسا تا ده‌گاته‌ مه‌نبه‌ج، چونكه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و ناوچانه‌یان به‌جێهێشتبوو، توركیا و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانیش ده‌یانویست په‌لاماربده‌ن. بۆیه‌ ئه‌وان داوای هاوكارییان له‌روسیا كرد. ئه‌وه‌بوو بۆیه‌كه‌مجار هێزی روسیا له‌ماوه‌ى 9 ساڵی دواى رووداوه‌كانی سوریا، له‌روبارى فورات له‌به‌رى رۆژئاواوه‌ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ به‌رى رۆژهه‌ڵات كه‌ به‌ناوچه‌ى نفوزی ئه‌مریكا ناسرابوو.

روسه‌كان ئه‌و داوایه‌ى په‌یه‌ده‌یان به‌ده‌رفه‌ت زانی و خێرا پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌تیان ئاماده‌كرد بۆ راگرتنی شه‌ڕو بڵاوه‌پێكردنی هێزی هاوبه‌ش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووریی له‌گه‌ڵ توركیادا.

ئه‌وه‌بوو بۆماوه‌ى 150 كاتژمێر شه‌ڕ راگیراو هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات به‌ قوڵایی 35 كیلۆمه‌تر كشانه‌وه‌. رێكه‌وتنه‌كه‌ی روسیا له‌گه‌ڵ توركیا دروستكردنی هێزی هاوبه‌شی گه‌ڕۆكی له‌خۆده‌گرت بۆ چاودێریكردنی ناوچه‌ سنورییه‌كان و جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌. ئه‌و داوایه‌ى په‌یه‌ده‌ له‌ روسه‌كان گفتوگۆی نێوان هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات و رژێمی سوریای لێكه‌وته‌وه‌ بۆ بڵاوه‌پێكردنی چه‌ند هێزێك له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان، دوای چه‌ند رۆژێك به‌چاودێریی روسه‌كان چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازیی رژێمی سوریا هێنرانه‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی نزیك عێن عیسا و له‌و ناوچانه‌ به‌رامبه‌ر توركیا جێگیركران.

سه‌ربارى راگرتنی شه‌ڕ و رێكه‌وتنی ئه‌مریكاو توركیا، به‌ڵام گوشاره‌كانی ناوخۆی ئه‌مریكا له‌سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ به‌رده‌وام بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سیناتۆر و كۆنگرێسمانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ جگه‌ له‌ سه‌ركۆنه‌كردنی بڕیارى پاشه‌كشه‌پێكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، هاوكات داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكی ئه‌مریكایان ده‌كرد.

دۆناڵد تره‌مپ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گوشاره‌كانی سه‌رى، ناچار له‌ 24 ئۆكتۆبه‌ر په‌یوه‌ندیی كرد به‌ مه‌زلوم عه‌بدێ-ی فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانی سوریاى دیموكراته‌وه‌و رۆژی دواتر بۆخۆی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم كردووه‌ و دڵنیای كردۆته‌وه‌ له‌وه‌ى ئه‌مریكا رێگه‌ی به‌ توركیا نه‌داوه‌ په‌لامارى رۆژئاوای كوردستان بدات، هه‌روه‌ك دڵنیای كردۆته‌وه‌ له‌وه‌ى توركیا ناتوانێت په‌لامارى شارى كۆبانی بدات.

ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى ترامپ كه‌مێك له‌ گوشاره‌كانی ناوخۆی ئه‌مریكاى له‌سه‌ر كه‌مكرده‌وه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ و ناڕه‌زاییه‌كانی میدیاكانی ئه‌مریكاى له‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ئیداره‌كه‌ى كه‌م نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام بوون له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكاو بڕیارى پاشه‌كشه‌كردن به‌هێزه‌كانی.

print

 309 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*