سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیدا

وتەی ئەمجارە

گونده‌كان له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیدا

33

وا ساڵێكی دیكه‌ش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان مۆمێكی دیكه‌ی‌ ساڵیادی ده‌مه‌زراندنی داده‌گیرسێنێت و پێده‌نێته‌ناو ساڵێكی دیكه‌ و مێژوویه‌كی دیكه‌وه‌، وه‌ك چۆن ڕابردووی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان ڕابردوویه‌كی جوان و پڕ سه‌روه‌ری‌ و جێ شانازییه‌ ئه‌وا داواكاری‌ زۆریش هه‌یه‌ یه‌كێتی له‌ دوای‌ چواره‌مین كۆنگره‌ و له‌م ساڵیاده‌دا جارێكی دیكه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لای‌ هاوڵاتیان و جه‌ماوه‌ری‌ خۆیی و درێژه‌ بداته‌وه‌ به‌و مێژووه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌ی‌ كه‌ هیچ یه‌كێتییه‌ك نییه‌ شانازی پێوه‌ نه‌كات و ته‌نانه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتیش شاهیدی ئه‌وه‌ بۆ یه‌كێتی ده‌درێت كه‌ تاكه‌ حیزبی كوردستانییه‌ خاوه‌ن زۆرترین پاشخانی‌ جوان و خزمه‌ت و خه‌بات بێت له‌پێناو دۆزی ڕه‌وای‌ گه‌له‌كه‌ی.

مه‌سه‌له‌ی‌ گونده‌كان و ئه‌نجومه‌نی‌ گونده‌كان و خانووه‌ قوڕه‌كان یه‌كێك بووه‌ له‌و كایه‌و بوارانه‌ی‌ كه‌ له‌ مێژووی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا به‌بایه‌خه‌وه‌ گرنگی پێدراوه‌ و هه‌میشه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ پاڵ دیدگای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان باسی ئه‌وه‌شی ده‌كرد كه‌ «گونده‌كان به‌ردی بناغه‌ی‌ شۆڕش»ن، له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتی و مه‌فره‌زه‌ پارتیزانییه‌كانی‌ شۆڕش گونده‌كان بوونه‌ په‌ناگه‌ و جێمتمانه‌ی‌ شۆڕش و پێشمه‌رگه‌كانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌وه‌ بوو هه‌موو ماڵه‌ گوندییه‌ك بووه‌ ماڵ و جێ حه‌وانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌ر ماڵێك كه‌سێك و دوان و زیاتریشیان بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕێزه‌كانی‌ ڕێكخستنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا.

دوای‌ چل و پێنج به‌هاری‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی دا، ناتوانرێت یه‌كێتی و گونده‌كان له‌یه‌كتر جودا بكرێته‌وه‌ و له‌یه‌كتر داببڕێنرێت. دوای‌ مێژوویه‌كی دوور له‌یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی‌ شۆڕشی نوێ به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتی و سه‌رۆك مام جه‌لال هێشتا گونده‌كان هه‌ر ئه‌و په‌ناگه‌و هێزه‌ مه‌عنه‌ویی و لۆجستییه‌شن كه‌ له‌ ڕابردوودا یه‌كێتی سودی لێوه‌رگرتوون بۆ سه‌رخستنی شۆڕش و خه‌باته‌ ڕه‌واكه‌ی‌. ئێستا كه‌ یه‌كێتی خه‌باته‌كه‌ی‌ خستۆته‌سه‌ر ڕێگای‌ ڕاستی كوردایه‌تی و سه‌ركه‌وتن، ئێستا گونده‌كان به‌ مافی ڕه‌وای‌ خۆیانی ده‌بینن كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاوڕیان لێبداته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ڕۆژانێك گونده‌كان خزمه‌تیان به‌ شۆڕش كردبێت و خه‌می شۆڕشیان بووبێت ئه‌وا ئێستا شایانی ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌م و ده‌رئه‌نجامی شۆڕشی كورد گونده‌كان خزمه‌ت بكرێن و وه‌ك وه‌فایه‌كی یه‌كێتی جارێكی دیكه‌ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی به‌ده‌م خه‌م و كۆژانی گوندنشینانه‌وه‌ بچێت و هه‌موو ئه‌و ماندووبوون و خزمه‌ته‌ی گوندنشینه‌كان پێشكه‌شی شۆڕشیان كرد ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ بچنرێته‌وه‌ و له‌ پێش چاو بگیرێت و سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی خۆیان به‌خاوه‌ن ئه‌و پرسه‌ بزانن و ئه‌م یاده‌ بكه‌نه‌ وێستگه‌ی‌ پێكه‌وه‌ گرێدانه‌وه‌ی‌ گونده‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان.

گرنگه‌ هه‌موو هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دروشمی سه‌رۆك مام جه‌لال و بڕوای‌ سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ (خانووه‌ قوڕه‌كان) بكات به‌كردارو هه‌ڵگری‌ هه‌مان دیدگا بێت، مادام «مام جه‌لال» هه‌میشه‌ بڕوای‌ به‌ «گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان» هه‌یه‌ ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی هه‌ڵگرانی ئه‌م ڕێباز و فه‌لسه‌فه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی‌ مام جه‌لال قسورییه‌كی زۆره‌ ئه‌م دیدگایه‌ به‌ گرنگ و جێبایه‌خ نه‌زانین و له‌یادێكی گه‌وره‌و مه‌زنی وه‌ك 45 ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا ئاوڕێكی جدی له‌ گونده‌كان نه‌درێته‌وه‌.

وه‌ك چۆن یه‌كێتی له‌ڕابردوودا پرۆژه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گونده‌كانی‌ دروست كردو ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ گونده‌كان دا تاكو بتوانن له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یانه‌وه‌ كۆنتاكتێكی به‌هێزیان به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌كرێت ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ نوێیه‌ی یه‌كێتی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ زیندوو و كارا بكاته‌وه‌ و به‌ جدی هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات كه‌ خزمه‌تی باش به‌ گوند و گوندنشینان بكات و وه‌ك چۆن له‌ڕابردوو گونده‌كان به‌شێك بوونه‌ له‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌ته‌كانی‌ یه‌كێتی ئه‌وا بۆ ئاینده‌یش گرنگه‌ یه‌كێتی هه‌مان توانای‌ گوندنشینه‌كان بۆ خۆی بجوڵێنێت له‌ ڕێگه‌ی‌ هاوكاری‌ و خزمه‌ته‌كانییه‌وه‌ بۆ گونده‌كان.

print

 175 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*