سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەكەی میسر دەكرێت بۆ چارەسەری ململانێكانی لیبیا

پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەكەی میسر دەكرێت بۆ چارەسەری ململانێكانی لیبیا

ئەو دەستپێشخەرییەی میسر كە بۆ چارەسەری ململانێكانی لیبیا رایگەیاندووە، لە لایەن زۆرێك لە وڵاتانی جیهان ‌و عەرەب ‌و خەڵكی لیبییاشەوە پێشوازیی لێدەكرێت ‌و بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفی دەكەن.

دەستپێكردنی پڕۆسەی سیاسی
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ستایشی دەستپێشخەرییەكەی میسری كرد ‌و روونیكردەوە، كە ئاگربەستی دەستبەجێ ‌و دەركردنی هێزە بیانییەكان ‌و چەك داماڵینی میلیشیاكان لەو وڵاتە ‌و گەڕانەوەی لایەنە لیبییەكان بۆ مێزی گفتوگۆ، تاكە چارەسەری ململانێكانی لیبیایە.

حكومەتی بەریتانیاش وێڕای پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەكە، داوای لە لایەنەكانی لیبیا كردووە تاكو گفتوگۆ دەست پێبكەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی.
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش: جان ئیف لۆدریان وەزیری وەزارەتەكە پەیوەندیی بە سامح شوكری هاوپۆستە میسرییەكەیەوە كردووە ‌و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ دەستپێشخەرییەكەی میسر دەربڕیوە، بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكانی لیبیا.

حكومەتی واشنتۆن-یش پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەكەی میسر كرد، كە ئامانجی ئاگربەست ‌و هاوكارییە لە دەستپێكردنی پڕۆسەی سیاسی لە لیبیا.
لە بەیاننامەیەكدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لیبیا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی پێشوازیی لە هەوڵەكانی میسر ‌و وڵاتانی دیكە دەكات بۆ پشتیوانیی لە گەڕانەوە بۆ دیالۆگ ‌و دانوستان ‌و چارەسەری سیاسی لە لیبیا. هەروەك داوایكردووە، كە سەرجەم لایەنە شەڕكەرەكان بەشداریی بكەن لە راگرتنی شەڕ ‌و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ببێتە بنەمایەك بۆ دانوستان
روسیا-ش پێشوازیی لە دەستپێشخەریەكە كرد ‌و بە گرنگ وەسفی كرد، بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكانی لیبیا.

لەو رووەوە، باڵیۆزخانەی روسیا لە قاهیرە رایگەیاند، كە میسر دەستپێشخەرییەكی گرنگی كردووە ‌و پێشوازیی لە هەر هەوڵێك دەكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان ‌و گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ سەرانسەری خاكی لیبیا.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكە دەربڕی ‌و رایگەیاند، كە پێویستە ببێتە كۆڕبەندێكی سەرەكیی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەو وڵاتە. هەروەك پێشنیارەكانی قاهیرەی بە گشتگیر وەسفكرد ‌و روونیكردەوە، كە دەكرێت ببێتە بنەمایەك بۆ دانوستانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا.

دیالۆگی گشتگیر تاكە رێگەیە
هەریەك لە تونس ‌و جەزائیر كە دراوسێی لیبیان، پاڵپشتی چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ ململانێكانی ئەو وڵاتە دەكەن.

لەو بارەیەوە وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی تونس رایگەیاند، كە پشتیوانییەكانیان نەگۆڕ ‌و چەسپاون بۆ گەلی لیبیا ‌و دامەزراوەكانی حكومەتەكەی، كە بڕیارە نێودەوڵەتییەكان ‌و رێكەوتنە سیاسییەكان دیاری دەكەن، بەو مەرجەی یەكێتیی خاكی لیبیا ‌و سەروەرییەكەی بپارێزرێت. وتیشی: تونس رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لەپێناوی چارەسەری لیبی – لیبی ‌و پەیوەندییەكانی ئەم دواییەش دەرخەری بوونی وتوێژن لە نێوان وڵاتانی دراوسێی لیبیادا.

جەزائیر-یش پابەندبوونی خۆی بە رۆڵی میحوەری خۆی دووپاتكردەوە، بە ئامانجی لێك نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنەكانی لیبیا ‌و جەختیكردەوە لەوەی دیالۆگی گشتگیر تاكە رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە لیبیا ‌و گەرەنتی یەكێتی ‌و سەلامەتیی خاكەكەی.

پێویستە چەكەكان بێدەنگ بكرێن
هەروەها لە بەیاننامەیەكدا نێردەی نێودەوڵەتی لە لیبیا رایگەیاند: زیاتر لە ساڵێك شەڕكردن لەپێناوی تەرابلوسی پایتەخت، ئەوەی سەلماند كە شەڕی نێوان لیبییەكان شەڕێكی دۆڕاوە. وتیشی: هەرگیز براوەیەكی راستەقینە لەو جەنگەدا نییە، تەنها زیانی زۆر ‌و زەوەندی دەوڵەت ‌و گەلەكەی نەبێت، كە بەهۆی ململانێ چەكدارییەكانەوە زیاتر لە 9 ساڵە تووشی نەهامەتی بوون، بۆیە لەپێناوی دەستپێكردنەوەی وتوێژەكان بەشێوەیەكی جددی، پێویستە چەكەكان بێدەنگ بكرێن.

گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات-یش هەوڵە دیپلۆماسییەكانی میسری بەرزنرخاند بۆ راگرتنی شەڕ ‌و پێكدادانەكانی لیبیا.
عەرەبستانی سعودی-ش پێشوازیی لە هەوڵەكانی میسر كرد بۆ چارەسەری تەنگژەی لیبیا ‌و پشتیوانیی هەڵوێستی سیسی كرد بۆ راگرتنی شەڕ، هەروەها حكومەتی ریاز پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەربڕی لەپێناوی وەستاندنی شەڕ ‌و گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی، لەسەر بنەمای دەستپێشخەری ‌و بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان.
لای خۆشیەوە، ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، كە دەستپێشخەرییەكەی میسر دەستكەوتێكی گرنگە ‌و لەگەڵ دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەكان یەكدەگرێتەوە، بۆیە پێویستە پشتیوانی لێ بكەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسیی تەنگژەی لیبیا.

بنەمای تاكە چارەسەرە
ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب-یش دەستپێشخەرییەكەی قاهیرەی بەرزنرخاند بۆ راگرتنی شەڕ لە لیبیا ‌و گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ تەنگژەی ئەو وڵاتە.
هەروەها حسام زەكی جێگری ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: هیوادارن حكومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆكایەتیی فائیز سەڕاج هەڵوێستی خۆی دەربارەی دەستپێشخەرییەكەی میسر رابگەیەنێت بۆ ئاگربەست ‌و دەستپێكردنی پڕۆسەیەكی سیاسیی گشتگیر ‌و ئەو هەڵوێستەشی بیخاتە سەر رێی پڕۆسەی سیاسی. وتیشی: ئەم دەستپێشخەرییە بنەمای تاكە چارەسەرە ‌و كۆمكاری وڵاتانی عەرەب هەرگیز بۆ ساتێكیش بڕوای بە كردەی سەربازی نەبووە بۆ یەكلاكردنەوەی تەنگژەكەی لیبیا.

رۆژی شەممەی رابردووتر، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەقیلە ساڵح سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا ‌و موشیر خەلیفە حەفتەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بانگەوازی قاهیرە-ی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی لیبیا راگەیاند، بەڵام دوای راگەیاندنی دەستپێشخەرییەكە لەلایەن سەرۆك كۆماری میسرەوە، حكومەتی تەرابلوس بە سەرۆكایەتیی فائیز سەڕاج ئاشكرایكرد، كە خۆیان كات ‌و شوێن بۆ وەستاندنی شەڕ دیاری دەكەن. بە وتەی چاودێرانی سیاسیش، ئەوە رەتكردنەوەی دەستپێشخەرییەكەیە، مەگەر لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا هەڵوێستی ئەرێنی لەو بارەیەوە دەرببڕێت.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

 119 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*