سەرەکی » راپۆرت » لایەن و فراکسیۆنەکان:خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانیی تۆپباران ‌و لەشكركێشییەكان

لایەن و فراکسیۆنەکان:خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانیی تۆپباران ‌و لەشكركێشییەكان

هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەو راگەیەنراوەكانیاندا، وێڕای ئیدانەكردنی
لەشكركێشی ‌و تۆپبارانەکانی توركیاو ئێران، تەئكید لەچارەسەركردنی پرسی كورد بە ئاشتی، دەكەنەوە.

پارتی: زیانی گەورەتر بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت
پارتی دیموكراتی كوردستان، لەڕاگەیەنراوێكدا، رایدەگەیەنێت كە ئەو بارودۆخەی لەناوچە سنوورییەكان ماوە ماوە سەرهەڵدەدات، دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیریی دێنێتە ئاراوە، بۆ ئەوەش هەموو جارێك قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تایبەت بەو كێشەیە دەكەن و نیگەرانییان پێدەگەیەنن. تەئكیدیش دەكاتەوە كە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بەهۆی بۆردوومانەكانەوە، زیانی گەورەتر بە هەرێمی كوردستان دەكەوێت.
لەكۆتایی راگەیەنراوەكەشدا، ئاماژە بەوە دراوە «لەگەڵ خەباتی سیاسی و رێكاری ئاشتیانەن بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە پارچەكانی دیكە».

گۆڕان: پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە
هەروەها، لەڕاگەیەندراوێكدا، فراكسیۆنی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەكات كە هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكان ‌و سەروەریی خاكی عیراق و هەرێمی كوردستانە.

لەڕاگەیەنراوەكەدا، هاتووە: لەهێرشەكاندا خەڵكی مەدەنی‌و سڤیل دەكرێنە قوربانی و رەزو باخەكانیان دەسوتێنرێت، بۆیە داوا لەبەرپرسانی حكومەتی عیراق‌و هەرێم دەكەین، هەڵوێستی جددییان هەبێت‌و لەسەر پێشێلكارییەكان بەدەنگ بێن.

لەكۆتایشدا، ئاماژە بەوەدەكات كە تاكە چارەسەر بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕو توندوتیژییەكان‌، كردنەوەی دەرگای ئاشتی‌و دیالۆگ و گفتوگۆیە.

كۆمەڵ: پێویستە عیراق رێگەنەدات سەروەرییەكانی پێشێل ‏بكرێت
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش لەپەرلەمانی كوردستان، لەڕاگەیەنراوێكدا، ئەوەی خستۆتەڕوو كە بۆردومان ‌و لەشكركێشییەكان بۆ سەر خاكی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، رەتدەكەینەوە و بەكارەسات بۆ خەڵكی كوردستان و پێشێلكاریی بۆ سەروەریی عیراق، كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لێی، دەزانین.

راگەیەنراوەكە، جەختدەكاتەوە كە»پێویستە عیراق بەئەركی دەستووریی خۆی هەستێت‌و سنوورەكانی لەدەستدرێژیی وڵاتان بپارێزێت و رێگەنەدات سەروەریی خاك و ئاو و هاووڵاتی و ئاسمانەكەی پێشێل ‏بكرێت».

یەكگرتوو: كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن
لای خۆیشییەوە، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لەڕاگەیەنراوێكدا، رایدەگەیەنێت كە بۆ ئەو بارودۆخەی لەناوچە سنوورییەكان هاتۆتەئاراوە، پێویستی بەخەباتی سەردەمییانەی سیاسی و مەدەنی هەیە.

لەڕاگەیەنراوەكەی یەكگرتوودا، هاتووە: ئەم شەڕانە پەرچەكرداری و دووبارەو بێ ئەنجامن، بەزیانی خاك و خەڵكی كوردستانە كۆتاییشی نایەت، نابێت هیچ لایەنێك رێگە بەخۆی بدات بەناوی خەباتی نەتەوەییەوە نەهامەتی و كارەسات بهێنێتە ئاراوە. بەپێچەوانەوە مێزی گفتوگۆو دانوستان تەنیا میكانیزم و رێگای بەئەنجامگەیاندنی هەموو پرس و دۆزێكی رەوایە.

print

 111 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*