سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » سلێمانی بەیەک هێڵی نەتەوەیی

سلێمانی بەیەک هێڵی نەتەوەیی

نەک تەنها وەزیری دەرەوەی تورکیا «چاوش ئۆغڵۆ» کەمترین ئاشنایەتی لەگەڵ مێژووی سیاسی و رۆشنبیریی سلێمانی نییە، هەرکەسێکیش بەهەمان لۆژیک و دنیابینی چاوش ئۆغڵۆ بڕوانێتە سلێمانی دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە. هەموو بێئاگاییەکیش لەم مێژووە مرۆڤ راپێچی هەڵە و عەیبە دەکاتەوە.

ئەم مێژووە لە سرکی و نادەستەمۆییەی سلێمانی لە دامەزراندنی پەکەکەوە لەساڵی 1984 دەست پێناکات، تاکو ئەم مێژووه رادەستی ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی سیاسی پەکەکە بکرێت و سلێمانی بکەوێتەژێر کاریگەریی ئەو خەباتەوە، بەڵکو مێژووی ئەم بزۆزی و جوڵە ئیسپرنگییەی سلێمانی عەیامێکە هەیە و مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازییەکانی کورد بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی بەبێ پشکداریی مێژووی سیاسی سلێمانی ناتەواوە و هەگبەی مێژووی کورد لاسەنگ دەبێت.

شێخ رەزای تاڵەبانی کە «شوێن» وەک غەرەزێکی شیعر لەشیعرەکانیدا باڵایە و خۆی نابەستێتەوە بەیەک مەوتنی دیاریکراوەوە و لەئەستەنبوڵەوە تا سلێمانی ئەو گەڕیدەیەکی ئەم سەرزەمینە بووە، لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا کە دەڵێت:
بەبیرم دێت سلێمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو .
دوو پێدراوی روون دەخاتە بەردەستمان کە ئەوانیش:
یەکەم سلێمانی لەمێژە سوخرەکێشی کەس نییە و نابێت، دووەمیش مێژووی ئەم شارە دەیسەلمێنێت سلێمانی دژی زۆرێکی نادادی و هێرشی بێگانەکان وەستاوەتەوە.

وەک چۆن سلێمانی پێناسەیە بۆ شۆڕشگێڕیی و قوربانیدانی گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو، بەهەمان شێوە هەموو خەباتێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی و قوربانیدانیش لەدڵی سلێمانییەوە لێیداوە و شەپۆلی گرتووە، بۆیە هەر دەسەڵات و داگیرکەرێک بیەوێت ئەم شارە دەستەمۆ بکات، ئاسان نابێت بۆی و ناتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو مێژوو و شانازییەکانی سلێمانییەوە.

لەدەستپێکی دروستکردنی سلێمانییەوە، لەبابانەکانەوە تاکو دوێنێی بەعسییەکان و ئەمڕۆی حکومڕانی کورد، سلێمانی بەیەک هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی دەرکەوتووە و ئیشی کردووە، لەناو ئەو توڵەیتوڵەی مێژوودا و بەهەموو ئەو پەلامارو نێتە خراپانەوە بۆ سلێمانی هەبووە، کەچی سلێمانی لە شوناسی نەتەوەیی خۆی کەم نەکردۆتەوە و پاشەکشێی نەکردووە لە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی. بەم تەنیشتە نەتەوەییەی سلێمانیدا کە سروشتی سیاسی و خەباتگێڕی و قوربانیدانی سلێمانییە، هاوکات هەر هێزێکیش لە جوگرافیای سلێمانی دا هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دڵسۆز نەبووبێت هەرزوو سلێمانی لە هەناوی خۆیی فڕێداوەتە دەرەوە و نەیویستووە.

هەرگیز لە سێبەری سلێمانیدا خۆری هێز و دەسەڵاتێک هەڵنەهاتووە پێچەوانەی واقیع و مێژووی سلێمانی پەلی هاویشت بێت.

نادەستەمۆیی یاخود دەرنەکەوتنی سلێمانی وەک سوخرەکێشی ئالی عوسمان و کێ و کێ! تەنها ئاراستەیەک نییە سلێمانی بۆ دەرەوە هەیبووبێت و دژی نەیارە دەرەکییەکانی کورد جەنگا بێت، تەنانەت سلێمانی لەهەر هێزو دەسەڵاتێکی ناوخۆیشی قبوڵ نەکردووە دژی سلێمانی و سروشت و مێژووی سلێمانیش بووبێت.

ئەم پێناسە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەی سلێمانی، لەلایەک هیچ هێز و دەسەڵاتێکی سیاسی بەسلێمانی نەبەخشیووە تاکو بۆ خۆیی بکاتە دەستکەوت و شانازی پێوە بکات لەلایەکی دیکەشەوە بەهوتافی دوژمنکارانە سلێمانی نابێتە جێ دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا و بیری حیزبایەتی دیکە، بەڵکو ئەم پێناسەیە لەمونتەڵەقی ئەو هەموو شۆڕش و تێکۆشان و قوربانییدانەوە بەباڵای سلێمانی بڕاوە کە لە خاکەکەیەوە هەڵقوڵاوە.

بەردەوامی سلێمانی لەسەر ئەم نەمەتە مێژووییە پێماندەڵێت لە ئایندەیشدا سلێمانی بۆخۆی وەڵامی هەر بوهتان و ناڕاستییەک دەداتەوە کە هێزی نەیارو دژ بە سلێمانی و بەباڵای سلێمانی دەدوورن.

print

 229 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*