ئاماده‌كردنی: ئیدریس جه‌بار
جارێكی تر توركیا سه‌روه‌ریی خاكی عیراق پێشێل ده‌كاته‌وه و له‌ڕێی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانییه‌وه چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له شنگال و گوێر و مه‌خمور بۆردومانی ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌شكركێشی بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌م پێشلكارییهش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه به ده‌ستدرێژیی بۆسه‌ر سه‌روه‌ریی خاكی عیراق داده‌نرێت و هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سایه‌تی سیاسی عیراقیش به‌پێویستی ده‌زانن، حكومه‌ت هه‌ر ته‌نیا به ئیدانه‌كردنی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی توركیاوه نه‌وه‌ستێت، به‌ڵكو سنوورێكی بۆ دابنێت و سكاڵا به‌رزبكاته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌و باره‌یه‌وه.
بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا له به‌غدا
له‌وباره‌یه‌شه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئاشكرایكرد، كه فاتیح یه‌ڵدز باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردووه‌و به‌ڕه‌سمی ناڕه‌زایی عیراقیان پێ راگه‌یاندووه.
جێی ئاماژه‌یه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له 16ی حوزه‌یرانی 2020، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو، حكومه‌تی عیراق ئیدانه‌ی پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاك و ئاسمانه‌كه‌ی ده‌كات كه پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له‌به‌یاننامه‌كه‌دا داوای له توركیا كردووه كه ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه تاكلایه‌نه‌كانی رابگرێت و حكومه‌تی عیراق ئاماده‌یی خۆشی نیشانداوه بۆ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا بۆ پاراستنی سنووره‌كان به‌جۆرێك كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا ده‌سته‌به‌ر بكرێن.
باڵیۆزی توركیاش به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه كه یاداشته‌كه بگه‌یه‌نێته به‌رپرسانی سه‌رووی خۆی تا كۆتایی به‌و دۆخه بهێنرێت و له داهاتوودا ئه‌وه روونه‌داته‌وه.
رۆژی 18ی هه‌مان مانگیش باڵیۆزی توركیا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه بانگهێشتكرایهوه بۆ وه‌رگرتنی یادداشتێكی ئیدانه‌كردن سه‌باره‌ت به‌و هێرش و بۆردومانانه‌ی كه وڵاته‌كه‌ی ده‌یكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له یادداشتی دووه‌مدا ڕایگه‌یاندووه كه عیراق به توندترین شێوه پێشێلكارییه‌كانی رۆژی 17ی مانگ ئیدانه ده‌كات كه توركیا بۆردومان و هێرشی كردۆته سه‌ر كۆمه‌ڵه ئامانجێك له‌ناو سنووری نێوده‌وڵه‌تی عیراقدا .
له‌یاداشته‌كه‌دا جه‌خت ده‌كاته‌وه كه پێشێلكارییه‌كانی توركیا كه پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێننامه و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن، ڕه‌تده‌كاته‌وه و داواش له توركیا ده‌كات بۆردومانه‌كانی رابگرێت و هێزه دهستدرێژكارهكانیشی له باشیك و ئه‌و ناوچانه بكێشێته‌وه كه رۆژی رابردوو هێزیان بۆ ره‌وانه كردووه.
له‌یاداشته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یاندراوه كه توركیا بووه‌ته هۆی تێكدانی زیاتری ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كان.
هه‌ر هه‌مان رۆژیش بۆ جاری دووه‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه باڵیۆزی توركیایان بانگكردهوه و یاداشتێكی ناڕه‌زاییان ڕادهستكرد كه تێیدا داوایان له‌و وڵاته كردووه سنوورێك بۆ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه دابنێت‌و ئه‌گه‌رنا عیراقیش مافی خۆیه‌تی هه‌موو ڕێوشوێنێك بگرێته‌به‌ر و له نێویشیاندا په‌نابردنه به‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و رێكخراوه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی و سه‌لامه‌تی خه‌ڵه‌كه‌كه‌ی.
حزبی ده‌عوه و هاوپه‌یمانی نه‌سر ئیدانه‌ی ده‌كه‌ن
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی توركیا، حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و هاوپه‌یمانیی نه‌سر، بۆردومان و هێرش و په‌لاماره‌كانی سوپای توركیایان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئیدانه‌كرد و داوایان له حكومه‌ت كرد، رێكاری پێویست بۆ به‌رگرتن له‌و جۆره ده‌ستدرێژییانه بگرێته‌به‌ر.
هاوپه‌یمانی نه‌سر كه له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به پێشلكارییه یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی توركیا بۆ سه‌روه‌ریی خاكی عیراق ئاشكرا ده‌كات و پێیوایه “ئه‌و پێشێلكارییانه ته‌نگژه و ناسه‌قامگیریی له ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌كه‌ن”.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ك كه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی نه‌سره‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئیدانه‌ی پێشێلكارییه یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی سه‌روه‌یی عیراق كراوه‌ته‌وه و به‌رپرسیارێتی ته‌واوه‌تی كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و كاره‌ش ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ستدرێژیی ده‌كه‌نه سه‌ر حورمه‌تی خاك و گه‌لی عیراق”.
هاوپه‌یمانی نه‌سر له به‌یاننامه‌كه‌یدا، داواشی له حكومه‌تی عیراق كردووه ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت و به‌رپرسیارێتی پاراستنی سه‌روه‌ریی و شكۆی عیراق له‌ئه‌ستۆ بگرێت و تێیدا هاتووه: “ئه‌و پێشێلكارییانه ده‌بنه مایه‌ی زیاتركردنی ته‌نگژه و ئاڵۆزیی و ناسه‌قامگیریی له‌ناوچه‌كه و هیچ ده‌وڵه‌تێكیش له كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌روه‌ریی، ده‌ربازنابێت”.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی كه له‌لایه‌ن نوری مالكییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای كرد بۆسه‌ر سه‌روه‌ریی خاكی عیراق و به‌پێویستی زانیووه كه حكومه‌تی به‌غدا رێكاری پێویست بۆ رێگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌یان بگرێته‌به‌ر.
عه‌للاوی: پێویسته سكاڵا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌رزبكرێته‌وه
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه پێیوایه، ئیدانه‌كردنی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا و ئێران بۆسه‌ر خاكی عیراق سودی نه‌ماوه، بۆیه داوا ده‌كات سكاڵا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌رزبكرێته‌وه.
به‌پێی تویتێك ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه نووسیوێتی:”ئیدانه‌كردنی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا و ئێران بۆسه‌ر خاكی عیراق سوودی نه‌ماوه، بۆیه پێویسته سكاڵا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌رزبكرێته‌وه”.
به وته‌ی عه‌للاوی، پێویسته حكومه‌ت بێته‌ده‌ست بۆ پاراستنی خاكی عیراق و لایه‌نه كوردییه نه‌یاره‌كانی توركیا و ئێران ڕابگرێت و ڕێگه له به‌كارهێنانی خاكی عیراق بگرێت بۆ ده‌ستدرێژكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ”.
له‌گه‌ڵ عه‌لاوی، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی عیراق، به هه‌مان شێوه هه‌ڵوێستییان به‌رامبه‌ر به پێشێلكارییه‌كانی توركیا ده‌ربڕیوه و وێڕای ئیدانه‌كردن، بهپێویستییان زانیووه حكومه‌ت سنوورێك بۆ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی توركیا دابنێت.
بۆردومانه‌كانی توركیا و یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی عیراق
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق، له 15ی حوزه‌یرانی 2020 بۆردومانه‌كانی توركیا ئیدانه كرد.
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندبوو، به‌زاندنی كایه‌ی ئاسمانی عیراق له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی توركیاوه ئیدانه ده‌كات و به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عیراقی داده‌نێت.
هه‌ر له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه:”شه‌وی رابردوو 18 فڕۆكه‌ی توركیا به ئاڕاسستهی شنگال، مه‌خمور، گوێر و هه‌ولێر و به قووڵایی 193 كیلۆمه‌تر سنووری عیراقیان به‌زاندووه”.
ڕوونیشیكرده‌وه كه فڕۆكه‌كانی توركیا كه‌مپی په‌نابه‌رانی مه‌خمور و شنگالیان بۆردومان كردووه و داواشیكرد كه توركیا ئه‌و پێشێلكارییانه ڕابگرێت و دووباره نه‌كرێنه‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، لیوا روكن عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق، بۆردومانه‌كانی توركیای به هه‌ڵسوكه‌وتێكی دوژمنكارانه وه‌سفكردبوو.
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌لعیراقییه-ش له زاری خه‌ڵه‌فه‌وه له 15ی حوزه‌یرانی 2020، بڵاویكردبۆوه”به‌زاندنی كایه‌ی ئاسمانی عیراق له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی توركیاوه، هه‌ڵسوكه‌وتێكی دوژمنكارانه‌ی تاكڕه‌وییه و ئه‌نقه‌ره به‌ره‌نجامه‌كانی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت”.
به وته‌ی خه‌ڵه‌ف”ئه‌گه‌ر توركیا نیگه‌رانیی ئه‌منی هه‌یه، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی عیراقی هه‌یه و پێویسته به رێكه‌وتنی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت ئه‌و نیگه‌رانیانه له‌سه‌ر سنووره‌كان برهوێنرێنهوه”.
وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق رایگه‌یاندبوو”حكومه‌تی عیراق هه‌موو رێكاره‌كان دژ به‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه ده‌گرێته‌به‌ر كه ده‌بنه مایه‌ی پێشێلكاریی سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ش زیان به په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌یه‌نێت”، جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستی هاوئاهه‌نگی و هاوكاریی نێوان وڵاتان كردۆته‌وه.
355 جار بینراوە