سەرەکی » ئابووری » عیراق بۆ ئه‌مساڵ بێ بودجه‌ ده‌بێت

عیراق بۆ ئه‌مساڵ بێ بودجه‌ ده‌بێت

عیراق پلانێك بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران داده‌ڕێژێت

ئا: ئه‌ركان جه‌بار

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو له‌م مانگەدا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت، به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی پێیڕاگه‌یاندووین، كه‌ بۆ ئه‌مساڵ بودجه‌مان نابێت‌‌و حكومه‌ت كار به‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ده‌وڵه‌ت ده‌كات له‌ دیاریكردنی خه‌رجییه‌كانیدا.

كار به‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ده‌كرێت

حه‌نین قه‌دۆ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندووه‌، بڕیاره‌ حكومه‌ت له‌ رێگه‌ی وه‌رگرتنی قه‌رز و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانیه‌وه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌‌و خانه‌نشینان دابین بكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی، تاووتوێی وه‌رگرتنی قه‌رز ‌و رێگاكانی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی داراییان كردووه‌‌و وه‌زیری دارایی پێیڕاگه‌یاندووین، كه‌ بۆ ئه‌مساڵ بودجه‌مان نابێت‌‌و حكومه‌ت كار به‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ده‌وڵه‌ت ده‌كات له‌ دیاریكردنی خه‌رجییه‌كانیدا.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراق ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، وه‌زیری دارایی ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، حكومه‌ت بۆ ساڵی 2021 پلانێكی فراوانی ئابووریی هه‌یه‌، بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشینان، هه‌روه‌ها پشت به‌ستن به‌ داهاته‌كانی فرۆشتنی نه‌وتیش كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی عیراق له‌كاتێكدایه‌، پێشتر حه‌سه‌ن مه‌سعودی ئه‌ندامی جێبه‌جێكار له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت‌و پلاندانانی ستراتیژی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاندبوو، له‌م مانگه‌دا راسته‌خۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 ره‌وانه‌ی نوێنه‌ران ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت‌و پاشان په‌سه‌ند بكرێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردبوو، “داڕشتن‌و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی حكومه‌ته‌و په‌رله‌مان هیچ ده‌ستوه‌ردان‌و به‌شدارییه‌كی تێدا نییه‌، به‌ڵام پاش گه‌یشتنی پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ نوێنه‌ران، له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ تاوتوێ‌ ده‌كرێت‌و ده‌توانرێت تێبینی‌و سه‌رنجی خۆیانی بخه‌ن سه‌روو هه‌ندێك بڕگه‌ی لێ‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌”.

دابینكردنی بودجه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران

به‌وته‌ی به‌رپرسانی حكومه‌تی عیراق، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان‌و دابینكردنی بودجه‌ی به‌كاربردن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق نابرێت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی‌و ناوخۆییه‌وه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ دابین ده‌كرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌، شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاندووه‌، بڕیاره‌ سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز كۆببێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پڕۆژه‌یاسای وه‌رگرتنی قه‌رزی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م‌و دووه‌می بۆ كراوه‌و ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه‌ نوێنه‌ران په‌سه‌ندی بكات‌، بۆ ئه‌وه‌ی عیراق له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌دا رزگار بكات.

شیروان میرزا ده‌شڵێت: “ئه‌گه‌ر هه‌رێم‌و به‌غدا نه‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا حكومه‌تی فیدراڵ، هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزانه‌ بێبه‌ش ده‌كات”.
به‌وته‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، عیراق بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی دووچاری هاتووه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ 38 ملیار دۆلار قه‌رز بكات.

69 تریلیۆن كورتهێنان

ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌و لیژنه‌یه‌ رایگه‌یاندووه‌، وه‌زیرانی دارایی‌و پلاندانان پێیانڕاگه‌یاندوون، ئه‌و بڕه‌ قه‌رزه‌ی حكومه‌ت پێویستی پێیه‌تی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی گشتی، پێنج ملیار دۆلار قه‌رزی ده‌ره‌كییه‌ له‌گه‌ڵ 40 تریلیۆن دینار له‌ قه‌رزی ناوخۆیی كه‌ هه‌مووی یه‌كسانه‌ به‌ 38 ملیار دۆلار‌ و ده‌بێت له‌ بانكی رافیده‌ین ‌و ره‌شیدو خانووبه‌ره‌و بانكی ناوه‌ندی وه‌ریبگرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشینان چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵكو په‌نابردن بۆ وه‌رگرتنی قه‌رز عیراق له‌ قه‌یرانی دارایی‌و كورتهێنانی بودجه‌ رزگار ده‌كات.

بڕی كورتهێنانی بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020 ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 69 تریلیۆن دینار كه‌ له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ كورتهێنانی هیچ بودجه‌یه‌ك به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌.

print

 165 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*