سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » فه‌ره‌نسا ‌و توركیا سه‌باره‌ت به‌ لیبیا یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

فه‌ره‌نسا ‌و توركیا سه‌باره‌ت به‌ لیبیا یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان ئه‌ندامی په‌یمانی باكووری ئه‌تله‌سی (ناتۆ)ن، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ فه‌ره‌نسا ‌و توركیا یه‌كتری به‌ ده‌ستوه‌ردان لە كاروباری لیبیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن ‌و ئاڵۆزی ‌و پشێوییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی یه‌كتر.

توركیا گه‌مه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌كات
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: توركیا گه‌مه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌كات له‌ لیبیا ‌و مایه‌ی لێخۆشبوون نییه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌یس سه‌عید سه‌رۆكی تونس له‌ پاریس، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا ماكرۆن وتی: پێموایه‌ توركیا گه‌مه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ لیبیا ده‌كات ‌و هه‌موو پابه‌ندبوونه‌كانی كه‌ له‌مساڵدا له‌ كۆنگره‌ی به‌رلین كه‌وته‌ سه‌رشانی، پێشێلیان ده‌كات.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ رۆڵی توركیا له‌و ململانێیه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی لیبیا ‌و وڵاتانی دراوسێی ‌و هه‌موو ناوچه‌كه‌ ‌و ئه‌وروپاش ده‌كات.

فه‌ره‌نسا گه‌مه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌كات
لای خۆشیه‌وه‌، توركیا لێدوانه‌كانی ماكرۆنی ره‌تكرده‌وه‌ ‌و حامی ئاقسۆی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ رایگه‌یاند: فه‌ره‌نسا به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌، به‌ په‌لكێشكردنی لیبیا بۆ ئه‌و پشێوییه‌ی ئێستا تێیكه‌وتووه‌، ئه‌ویش به‌ پشتیوانیكردنی لایه‌نه‌ ناشه‌رعییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، به‌وه‌ش فه‌ره‌نسا گه‌مه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌كات له‌ لیبیا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: گه‌لی لیبیا هه‌رگیز ئه‌و زیانانه‌ له‌ یاد ناكه‌ن كه‌ به‌هۆی فه‌ره‌نساوه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان كه‌وتووە.

لە هۆشدارییەكانی سه‌رۆكی میسر تێده‌گات
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنه‌وانییه‌كه‌دا ‌و وه‌ك ئاماژه‌یه‌كیش بۆ نزیكبووونه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نێوان پاریس ‌و قاهیره‌ ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی لیبیا، ماكرۆن باسی له‌وه‌كرد، لە هۆشدارییەكانی عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر تێده‌گات، كاتێك هۆشداریی دا له‌وه‌ی كه‌ پێشڕه‌ویكردنی هێزه‌كانی ویفاقی نیشتمانی سه‌ر به‌ توركیا بۆ نزیك سنووره‌كانی میسر، پێده‌چێت ببێته‌ هۆی ده‌ستوه‌ردانی قاهیره‌ له‌ لیبیا.

هەڵوێستی تورکیا
لای خۆشیه‌وه‌، یاسین ئاقتای راوێژكاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رایگه‌یاند: سیسی ئه‌و هێز ‌و ئازایه‌تییه‌ی نییه‌ بۆ سه‌ركێشیكردن به‌ ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ له‌ كاروباری لیبیا، به‌ڵكو وه‌ك سه‌یركه‌رێك له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ راسته‌قینه‌كان بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی وه‌ستاوه‌، وه‌كو بوونی تیرۆریستان له‌ سینا ‌و به‌نداوی نه‌هزه‌ی ئه‌سیوپیا.

دۆخی لیبیا ‌و سوریا
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی: نامه‌وێت 6 مانگ یان ساڵێك یان دوو ساڵ چاوه‌ڕێ بكه‌م، تاكو ببینم دۆخی لیبیا له‌ هه‌مان حاڵی سوریای ئه‌مڕۆدایه‌.

ئه‌وه‌ش به‌بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، پێده‌چێت فه‌ره‌نسا رۆڵی خۆی له‌ لیبیا كاراتر بكات له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ‌و له‌ دژی فایز سه‌ڕاج سه‌رۆكی حكومه‌تی ویفاق له‌ ته‌رابلوسی پایته‌خت، كه‌ توركیا پشتیوانیی سیاسی ‌و لۆجستی ده‌كات ‌و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دانی پێدا نراوه‌.

چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی لیبیا هه‌ر له‌ لیبیییه‌كان خۆیانه‌وه‌ بێت
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا، سه‌رۆكی تونس رایگه‌یاند: پێویسته‌ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی لیبیا هه‌ر له‌ لیبیییه‌كان خۆیانه‌وه‌ بێت ‌و هه‌ر ده‌ستوه‌ردانتێكی ده‌ره‌كیشی له‌ هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ بۆ لیبیا ره‌تكرده‌وه‌، وتیشی: راسته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ته‌رابلوس شه‌رعییه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی پێدراوه‌، به‌ڵام ناكرێت ئه‌م شه‌رعییه‌ته‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌ به‌رده‌وام بێت ‌و پێویسته‌ شه‌رعییه‌تێكی نوێ جێگه‌ی بگرێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئیراده‌ی هه‌موو گه‌لی لیبیاوه‌ هه‌ڵقوڵابێت.

شاره‌زایان ده‌ڵێن: هه‌رچه‌نده‌ فه‌ره‌نسا بێلایه‌نی خۆی له‌ ململانێكانی لیبیادا راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ میسر ‌و روسیا ‌و ئیمارات پشتیوانی له‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ده‌كات.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 359 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*