سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » ئەرێ‌ خەڵک دژی ئەم قەوارەیەیە؟

شوخت

ئەرێ‌ خەڵک دژی ئەم قەوارەیەیە؟

سیاسەتی شکستخواردووی چەندین ساڵەی حکومڕانیی لە کوردستان دەرهاوێشتەکەی ئێستا دەبینین کە برتییە لە نەبوونیی و برسێتی و چەقبەستنی سیاسی و پاشەکشەیەکی زۆر مەترسیداری تێگەیشتنی نەوەی نوێ‌ بۆ ئایندەی وڵاتەکەی.

ئەوەی ئێستا دەیبینین دەرەنجامی رووداوێکی سروشتیی یان بارودۆخێکی لەناکاو و بێ‌ پێشینە نییە، بەڵکو کەڵەکەبووی خراپی حکومڕانییە لە ماوەی رابردوودا. چەند رۆژێکە پرسی ئیعتیرافکردن بەشکستیی ئەم حکومڕانییە لێرەو لەوێ‌ باس دەکرێت، تەنانەت هەندێک واوەتر دەچن و دەڵێن ئەم قەوارەیە شکستخواردووە و با هەڵوەشاندنەوەی رابگەینرێت!! بێگومان ئەم قسانە بێ‌ پێشخان نییە، واتە کەڵەکەبوونی خراپییەکانی رابردوو ئەو تێگەیشتنەی دروستکردووە. ئەم تێگەیشتنە کاردانەوەو تووڕەیی خەڵکە لەبەرامبەر گەندەڵیی و کەموکوڕییەکانی ئەم حکومڕانییەی هەیە، نەک لە ئاو و خاک و ئاڵای وڵاتەکەی! ئەگینا ناکرێت ئەم خەڵکە بەدرێژایی مێژوو خەزێنەی قوربانی رێی خەباتی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێت، کەچی ئێستا باس لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەکە بکات! تووڕەیی خەڵک لە زۆر وێستگەی جیاواز بەرامبەر حکومڕانیی کوردستان دەرکەوتووە، بۆنموونە لە ریفراندۆمەکەی 2017 بەروونی دەرکەوت.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاونەکرانەوە رێژەی دەنگدەران بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان نەگەیشتە لە 40% بەڵکو لە هەندێ ناوچە لە 30% تێنەپەڕاند، لەوە خراپتر لەو رێژەیەدا دەنگدەرانی نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەهەندێ ناوچە هاوتای رێژەی دەنگدەرانی (بەڵێ‌) بوو! ئەو دەنگی (نەخێر)ە نەخێر بوو بۆ حکومڕانانی هەرێمی کوردستان نەک بۆ سەربەخۆیی خاک و نیشتمان، نەخێر بوو برسێتی و ناعەدالەتیی، بۆ هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەهۆی درێژەکێشانی سیاسەتی چەوتەوە دروست ببوو.

لە هەڵبژاردنی رابردووی کوردستانیش، دیسان خەڵک رووی لە سندوقەکانی دەنگدان نەکرد، چونکە تێگەیشتنێکی گشتیی دروست بوو کە سندوقەکانی دەنگدان ناتوانێت گۆڕانکاری لە حکومڕانیی دروستبکات، ئەو ئەنجامەیشی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، بەدڵنیاییەوە جێی راست نەبوو، بگرە بەئاشکرا هەموو لایەنەکان بە یەکێتیشەوە دانیان بە تەزویرو ساختەیی ئەنجامەکە دانا. خەڵکی کوردستان بەشێک نین لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی ئەو کەمینەیەی کۆنترۆڵی حکومڕانیی و جومگەکانی داهاتی کوردستانیان کردووە.

ئەوان قوربانیاندا لەپێناو رزگاریی نیشتیمانیی و دەربازبوون لەژێردەستەیی، کەچی ئێستا سەرباری برسێتی ئەو کەمینەیە لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و تایبەتی پشتیان کردۆتە هەموو ئەو دروشمانەی پێشتر پێیان دەفرۆشتینەوە، ئەمڕۆ نەک ئەو دروشمانەیان لەبیر کردووە، بەڵکو ئەوانەی پێیانوابوو زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان لە رێی تەزویرەوە دەیانگەینێتە زەروەتی دەسەڵات، ئەمڕۆ لە ترسی تووڕەیی خەڵک خۆیان لە کونان ناوەو وەک رژێمە دیکتاتۆرەکان لەبری داننان بەشکست و چارەکردنی گرفتەکان، رێگاو سەرکۆڵانەکانیان گرتووە وەک ئەوەی بەدوای دوژمنێکدا بگەڕێن.

print

 147 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*