سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » کازمی لە گەمەی لاوازکردنی رۆڵی حەشدی شەعبیدا

کازمی لە گەمەی لاوازکردنی رۆڵی حەشدی شەعبیدا

لە پێشهاتێکی نوێدا دەزگای دژەتیرۆری عیراق لەچەند ناوچەیەکی دۆرە و چەند ئۆپەراسیۆنێکی تەواو نهێنیدا، هەڵیکوتایە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و چەند کەتیبەیەکی حزبوڵڵای عیراق، جگە لە دەستبەسەراگرتنی چەک و تەقەمەنی، ژمارەیەک سەرکردەشی لێ دەستگیرکردن.
وەک دەوتریت ئەم هەنگاوە راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیراندا جێبەجێکراوە و پاساویش بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە گێڕانەوەی چەندین چەکی قورس و موشەکی دوور مەودا بوو کە توانرا لەدەستی حەشد دەربهێنرێت .

لەگەڵ ئەوەی کە ئەم هەوڵەی کازمی بۆ پاراستنی هێز و هەیبەتی حکومەتەکەی گرنگە و مسداقییەتی هەنگاوی کردەیی یەکەم لێدوانی خۆیەتی بۆ بەهێزکردنەوەی دامودەزگا ئەمنییەکان و هێشتنەوەی چەک تەنها لەدەستی حکومەتدا، بەڵام هەندێک لە چاودێران وای دەبینن کە ئەم هەنگاوەی کازمی کردنەوەی دەرگای ئاشوبێکی ترە لەسەر ئاییندەی عیراق و راستەوخۆ دەستکراوەیی ناوبراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا و داخوازییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەی لە عیراقدا.

سەرکردەکانی حەشد و ئەو کوتلە و لایەنە سیاسییە شیعانەی کە وەلائیی بێ خەوشیان بۆ حەشد هەیە و نزیکن لە سەرچاوەی بڕیارەکانی حەشدەوە، پێناچێت وا بەسانایی ئەم پێشهاتە قبووڵ بکەن، چونکە نەیانشاردۆتەوە کە کازمی لە بەهەند وەرنەگرتنی رۆڵی حەشد و کردنەوەی بەرەی دژ بەوان، کەوتۆتە هەڵەیەکی گەورەوە، هەربۆیە چاوەڕوان کراوە رۆژانی ئاییندە هەڵڵایەکی گەورەی سەربازیی و میدیایی لەسەر دروست بکەن و لە پەرلەمانیشەوە جووڵەی قەوارەکانیان لەدژی کابینەکەی کازمی دەست پێ بکەن، ئەمەش دەبێتە تەحەددیەکی گەورە بۆ سەرکەوتن یا شکستی کابینەکەی کازمی، بەڵگەش بۆئەمە کۆبوونەوەی هەرسێ هێزەکەی شیعەبوو لەماڵی هادی عامری سەرۆکی قەوارەی فەتح کە تیایدا هەریەک لە فالح فەییاز و نوری مالیکی و چەندین سەرکردەی تری شیعە بەشداربوون، وەک راشگەیەندرا کە ئەو سەرکردانە لەپای ئەو پرۆسە ئەمنییەی هێزەکانی دژەتیرۆری عیراق کە دژ بە حەشد جێ بەجێی کردووە، پەیامێکی توندی ناڕەزاییان داوەتە کازمی.

دوایین سەرنجیش لەسەر ئەم هەنگاوەی کازمی ئەوەیە کە رەنگە بتوانێت هەندێک شانەی ئەمنی و سەربازیی حەشد لێک بترازێنێت و بنکەکانیان سنووردار بکات، بەڵام چانسی سەرکەوتنی بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە سەربازییە گەورەیە کە پاڵپشتی تەواوی شیعەی هەیە زۆر بەهێز نییە و دوور نییە ئەگەر لێزانانە بە دیپلۆماسییەکی وردەوە هەنگاوی بۆ نەنێت، مژدانەی کۆتایی حکومەتەکەی بەدەستی خۆی لێ بدات و دواجار سەری خۆشی لەسەر دابنێت.

print

 175 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*