سەرەکی » راپۆرت » ‫٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣

‫٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣

یادگار عەلی- قاھیرە‬

‫لە میسر ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣، ئەو رۆژەیە کە رووداوەکانی بۆ ھەندێک کودەتای سەربازییە بۆ سەر شەرعییەت، بۆ ھەندێکی تریش رزگارکردنی وڵات لە ھەڵدێر و رێگەگرتن لە بەلاڕێدابردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ٢٥ی یەنایەرە.‬

‫حەوت ساڵ پێش ئێستا و لە ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣، لە میسر گۆڕانکارییەکی گەورە روویدا، گۆڕانکارییەک سەرەتا بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی بەرەی دژ بە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەستیپێکرد و بە ناڕەزایی وەزیری بەرگریی و دوورخستنەوەی محەمەد مورسی یەکەم سەرۆک کۆماری دوای حوکمی دەیان ساڵەی محەمەد حوسنی موبارەک، کۆتاییھات.‬

‫لەو رۆژەدا؛ خۆپیشاندان لە قاھیرە و زۆربەی پارێزگاکانی تر دەستیپێکرد، دەسەڵاتی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان رەتدەکردەوە، پێداگریی ئەوەیان دەکرد، سەرۆک کۆمار شەرعییەتی ھەڵبژاردنی بۆ چوار ساڵ لە گەل وەرگرتووە، نەوەک یەک ساڵ، تاوەکو ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت. بەوھۆیەشەوە تادەھات رۆژانە گرژی و بەریەککەوتن لەنێوان لایەنگران و دژەکانی سەرۆک زیاتر دەبوو، کارگەیشت بەوەی بەھۆی شەڕ و بەریەککەوتنەکان، چەندین کەس لە ھەردوولا کوژران و برینداربوون.‬

‫بارودۆخەکە تادەھات ئاڵۆز دەبوو، عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری و بەرھەمھێنانی جەنگی لەئێوارەی سێی یۆلیۆ، بەئامادەیی نوێنەرایەتی پێکھاتەکانی میسر، وتارێکی لەتەلەفزیۆنی رەسمیی میسرەوە خوێندەوە و کۆتاییھاتنی دەسەڵاتی یەکەم سەرۆکی ھەڵبژێردراوی راگەیاند و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری میسری بۆ دادگای باڵای دەستووری گواستەوە کە عەدلی مەنسور سەرۆکایەتیی دەکرد، بەوپێیە ناوبراو بو بە سەرۆک کۆماری کاتی میسر تائەوکاتەی ھەڵبژاردن دەکرێت.‬

‫لەپاش بڕیاری دوورخستنەوەی مورسی، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی میسر دەستیپێکرد، ١١٣ کەس کوژران، دەیان بارەگا سووتێنران. وەزارەتی بەرگریی میسر بەیانێکی بڵاوکردەوە، داوایکرد، حزبەکان لایەنگرانیان لە گۆڕەپانەکان بکێشنەوە و رێگەبدەن ژیان ئاسایی بێتەوە، بەپێچەوانەوە سوپا بەناچاری و بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە، دەستوەردان لە ژیانی گشتی دەکات، بەدوای سوپا؛ وەزارەتی ناوخۆش بەیانی پشتیوانی لە سوپا بڵاوکردەوە، وردە وردە زۆربەی بەرپرسەکان لەسەر ئاستی راوێژکارانی سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەیان لەپۆستەکانیان راگەیاند.

سەرۆکایەتیی کۆماریش بەیانێکی درەنگوەختی بڵاوکردەوە و پێیوابوو ھەندێک گوزارشت و ئاماژە لەناو بەیانی سوپا ھاتووە، مایەی ئاڵۆزیی دۆخەکە و بەریەککەوتنی زیاترە. ‬

‫لەو رێکەوتەوە محەمەد مورسی بەدەستبەسەرکراوی بەرەو شوێنێکی نادیار براو بۆ ماوەی چەندین مانگ ھیچ ھەواڵێکی نەبوو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەدان سەرکردە و کادری باڵای کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بە تۆمەتی ھاندانی خەڵک بۆ توندوتیژیی دەرکرا، ھەروەھا ھەرچی کەناڵەکانی راگەیاندنی ئیخوان ھەبوون، ھەموویان داخران، ھێڵی ئینتەرنێت لە میسر پچڕێنرا، کارکردن بە دەستوور ھەڵپەسێردرا، ئەنجومەنی شورا لە کارخرا، دەیان زیندانی لە زیندانەکان ھەڵھاتن، حزبی ئازادی و دادپەروەری ھەڵوەشێنرایەوە و کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینیش قەدەغەکرا و خرایە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.‬

‫ئەو لایەنانەی پشتیوانییان لە محەمەد مورسی دەکرد لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین، حزبی ئازادی و دادپەروەری و ھاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ پشتیوانیی شەرعییەت پێکھاتبوون، بەپێچەوانەوە لایەنی بەرامبەر کە پشتیوانییان لە سوپا دەکرد، پێکھاتبوون لە: دامەزراوەی ئەزھەر، حزبی نوری سەلەفی، کەنیسەی قیبتی ئەرسەدۆکسی و حزبی رزگاری نیشتمانی.‬

‫دواجار سوپا قسەی خۆی بردەسەر، کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە دەسەڵات دوورخرایەوە، محەمەد مورسی لەپاش چەند دانیشتنێکی دادگاییکردن لە دادگای شارستانی، رەوانەی دادگای سەربازی کرا، چەندین تۆمەتی ئاراستەکرا، چەندین سزای بەسەردا سەپێنرا، کۆتاجار لەکاتی دادگایکردن لە ١٧ی یۆنیۆی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کرد و تەلەفزیۆنی میسر رایگەیاند بەھۆی جەڵتەی دڵەوە مردووە. دوای مردنیشی رێگەنەدرا خانەوادەکەی بەشداری لە رێورەسمی بەخاکسپاردنەکەیدا بکەن.‬

‫ئەو رۆژە لە مێژووی نوێی بەشێک لە میسرییەکان بە راپەڕینی ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣ ناسراوە و ساڵانە چالاکی جۆراوجۆری تێدا رێکدەخەن.‬

print

 249 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*