سەرەکی » وەرزش » به‌شێک له‌ راهێنەر و یاریزانانی تۆپی پێ له‌و رووه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟

تۆپێ پێی کوردستان له‌ قه‌یراندایه؟‌

به‌شێک له‌ راهێنەر و یاریزانانی تۆپی پێ له‌و رووه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟

یانەکانی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕ دەبن، دۆخێکی پڕ لە کێشە دروست بووه‌‌ و ئاستەنگ و مەترسی جدی لەسەر بوون و ناسنامەی یانەکان دروست بووە، بۆیە ‌ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر یانه‌کان پێویستیان به ئاوڕلێدانەوەو هەڵوەستە لە سەرکردن هەیە.
هاوکات گرنگیدانی زیاتر بە بواری وەرزش لە کوردستان ئامانجی گه‌وره‌ی زۆرێک لەوەرزشکاران و شارەزایانی بوارەکەیە و داواکارن هەرچی زووە لایەنە پەیوەندی دارەکان پلان و بەرنامەی گونجاوی بۆ دابنێن.
بە شێک لە راهێنەر و یاریزانانی کوردستان دەڵێن تۆپی پێ لە کوردستان چارەنوسێکی زۆر تاریک و نادیاری هەیە، ئه‌وه‌ش بەحوکمی ئەو بارودۆخەی کەئێستا ئێمە تێی که‌وتووین و دەیبینین، هۆکاری سه‌ره‌کیش نەبوونی پلانێکی تۆکمەی درێژخایانە بۆ بەره‌وپێشچوونی یارییەکه ‌و بەستنەوەی خولەکانه‌ بە بارودۆخه‌ سیاسیەکانه‌وه‌و ده‌ستپێنه‌کردنی خولەکانه‌ بە هەر بیانویەکه‌وه‌ بێت.
ستادیۆم بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ی وه‌رزش به‌چاكی زانی رای چه‌ندین وه‌رزشكاری ئه‌م بواره‌ وه‌ربگرێت:

(2-2)

کرمانج عومه‌ر

نزار ئه‌سه‌د
من پێم وایه‌ ئه‌م وه‌رزشه‌ی كوردستان كه‌ ئێستا هه‌یه‌ پێویستی زۆری به‌ پاڵپشتی مادی هه‌یه‌، به‌بێ ئه‌و پاڵپشتییه‌ ناتوانێت پێشبكه‌وێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان هاریكاری مادی یانه‌كان بكات ئه‌وا وه‌رزش له‌م چه‌ق به‌ستووییه‌ رزگاری ده‌بێت.

داره‌وان قادر
به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت وه‌رزش پێشبكه‌وێت له‌كوردستان ئه‌وا پێویستمان به‌وه‌یه‌ وه‌رزش له‌ سیاسه‌ت جیا بكه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ له‌وه‌رزشی كوردستاندا وه‌رزشكاران بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی وه‌رزشی كوردستان بده‌ن نه‌ك له‌سه‌رچاوه‌ حزبییه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌رزش بكرێت، چونكه‌ من وای ده‌بینم ئه‌وه‌ وه‌زرشكاران نین بڕیار له‌سه‌ر وه‌رزش ده‌ده‌ن به‌ڵكو ئه‌وه‌ سیاسییه‌كانن بڕیار له‌سه‌ر وه‌رزشی یانه‌كان ده‌ده‌ن.

عیماد ئه‌سعه‌د
هه‌موومان ئێستا ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ یاریزانان یارییان كردۆته‌ مه‌عیشه‌تی خۆیان، باشه‌ ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ مووچه‌و پاره‌ی بۆند نه‌دات ئه‌ی یاریزان چۆن یاریی بكات و چۆن وه‌رزش پێشده‌كه‌وێت.
بۆ ئه‌مه‌ش یانه‌كان چاویان له‌ده‌ستی حكومه‌ته‌، حكومه‌تیش ئه‌وه‌ بارودۆخی داراییه‌كه‌یه‌تی، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌بێت یانه‌كان وه‌رزش نه‌كه‌ن.
بۆیه‌ من پێم باشه‌ یانه‌كان بكرێنه‌ یانه‌ی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان وه‌ك چۆن ئێمه‌ له‌ عیراق ده‌یبنین یانه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ن و وه‌رزشێكی شایسته‌ ده‌كه‌ن.

عه‌لی كاكه‌ مینه‌
به‌ڕای من وه‌رزش به‌گشتی و یاریی تۆپی پێی كوردستان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، ئه‌گه‌ر وانییه‌ خولێك ده‌كرێته‌وه‌ بۆ 3 مانگ و 9 مانگ یاریزان و راهێنه‌ران له‌ماڵه‌وه‌ بن ئه‌وه‌ مانای مردنی وه‌رزش نییه‌ چییه‌؟
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سه‌یری خولی نایابی عیراق بكه‌و به‌راوردی بكه‌ به‌ خولی كوردستان ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی تری له‌ناو چوون و مردنی ئه‌و یارییه‌ نییه‌؟
هاوكار كاكه‌
من ته‌نیا ئه‌وه‌م له‌ده‌ستدێت بڵێم هیوادارم وه‌رزش و یاریی تۆپی پێی كوردستان پێشبكه‌وێت و خزمه‌تی زیاتری وه‌رزش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزشێكی وامان هه‌بێت هه‌رنه‌بێت ئه‌وانی دوای ئێمه‌ سود مه‌ند بن لێی.

بێستون تاوه‌گۆزی
پێویسته‌ زیاتر له‌مه‌ی هه‌یه‌ خزمه‌تی وه‌رزشی کوردستان بکرێت، پێویسته‌ به‌ هه‌وڵی هه‌موولایه‌کمان وه‌رزش له‌م چه‌قبه‌ستوویه‌ رزگار بکرێت.

سه‌باح گرۆسۆ
وه‌رزشی كوردستان ساڵ به‌ساڵ خراپتر ده‌بێت، به‌ڕای من هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌شی سه‌رۆكی ئێستای یانه‌كانن، چونكه‌ ئه‌وان وەر‌زش و سیاسه‌تیان تێكه‌ڵاو كردووه‌ ناتوانن پاره‌ی هاتوچۆی یاریزانانیش دابین بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر یاریزان بارودۆخی دارایی خراپ بێت چۆن به‌دیار یانه‌وه‌ داده‌نیشێت، چۆن له‌روی ده‌روونییه‌وه‌ یاریی بۆ ده‌كرێت، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ خولی لاوان و تازه‌پێگه‌یشتووانمان نییه‌، هه‌روه‌ها خوله‌كانی كوردستانیش له‌ كاتی خۆیاندا ناكرێنه‌وه‌.

ئارام قادر
من باسی وه‌رزشی شاری سلێمانی ده‌كه‌م، هه‌ردوو یانه‌ی سلێمانی و سیروانی نوێ به‌شداریی خولی نایاب ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش گورزێكی كوشنده‌یه‌ له‌ وه‌رزشی ئه‌م شاره‌ ده‌درێت و یانه‌كانیش به‌بیانوی قه‌یرانی دارایی ئه‌وه‌یان كردووه‌ به‌وه‌ش وه‌رزشی شاره‌كه‌ زیانی گه‌وره‌ی كردووه‌.

هاوكار كاكه‌
من ته‌نیا هویادارم خزمه‌تی وه‌رزشی كوردستان بكرێت ئیتر چۆنه‌و كێ ده‌یکات ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ وه‌رزشكاران له‌خزمه‌تی به‌رده‌وام بێ ‌به‌ش نه‌بن.

چۆمان عومەر
بارودۆخی خراپی هه‌رێمی کوردستانو قه‌یرانی دارایی هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م خراپییه‌ن، ئه‌مه‌و ده‌ستی حزبه‌کانیش له‌ وه‌رزشا هێنده‌ی تر وه‌رزشی کوشتووه‌.

موزه‌فه‌ر نوری
باهه‌موومان پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ پێشخستنی وه‌رزش له‌كوردستان.

د.نازم شێخ جه‌بار
هه‌موو بوراه‌كانی ژیان به‌وه‌رزشیشه‌وه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ پلانی پێشوه‌ختیان بۆ دابنرێت و به‌پلانی گونجاو به‌ڕێوه‌بچن.
من وای ده‌بینم ئێمه‌ له‌وه‌رزشدا به‌گشتی نه‌ك پلانی پێشوه‌خت به‌ڵكو هه‌رپلانمان نییه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی.
ئه‌وه‌تا خوله‌كانی كوردستان هیچیان له‌كاتی خۆیاندا ناكرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به‌وه‌رزش و پێشكه‌وتنی وه‌رزش ناكات، چونكه‌ له‌كاتی دوا كه‌وتن و ده‌ستپێنه‌كردنی خول و پاڵه‌وانێتییه‌كاندا یاریزانان كاته‌ زێڕینه‌كانیان به‌فیڕۆده‌ڕوات نه‌ك بۆ وه‌رزشكردن.

كۆسرەتی كاك ره‌سول
هه‌تا ده‌ستی حزب له‌وه‌رزشدا بێت ئه‌مه‌ بارودۆخی وه‌رزشه‌كه‌مان ده‌بێت، ده‌با هه‌موومان هه‌وڵی جدی بده‌ین بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه‌و وه‌رزش له‌یه‌كتری.

حه‌مه‌ فاتیج
نه‌ك وه‌رزش به‌ڵكو سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی ئه‌م تاكه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ رووبه‌ڕوی كاره‌سات بوونەته‌وه‌ به‌وه‌رزشیشه‌وه‌.
به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێم له‌هیچ شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌ وه‌رزش به‌مشێوه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌و ناكرێت، به‌م شێوازی له‌هه‌رێمی كوردستانیشدا وه‌رزش ‌ده‌كرێت ناكرێت یه‌ك یاریزانی باش پێبگات و ئاستی وه‌رزش پێشبكه‌وێت.
دیارترین گرفتیش كه‌ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕوی وه‌رزشی كوردستان بۆته‌وه‌و هه‌ناسه‌ی لێبڕیوه‌ قه‌یرانی دارییه‌، نابێت ئێمه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وه‌رزش چاومان له‌ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و بێت، هیوادارم هه‌موولایه‌ك پێكه‌وه‌ وه‌رزش بخه‌ینه‌ سه‌ر رێچكه‌ی ته‌ندروستی خۆی و به‌پلانی گونجاو به‌ڕێوه‌ی ببه‌ین و هه‌موو لایه‌كیشمان گه‌شبینبین له‌و رووه‌وه‌.

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*