سەرەکی » ئابووری » كردنەوەی مەرزەكان

كردنەوەی مەرزەكان

دوای ئەوەی وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە ئەنجامدانی ریفراندمی هەرێمی كوردستان كە لە ٢٥ی ئەیلولی رابردوودا بەڕێوەچوو، ئێران بڕیاریدا بە داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان‌و حاجی ئۆمەران، ئێستا هەوڵەكان بۆ كردنەوەی ئەو مەرزانە بەڕووی هاووڵاتیان‌و جموجۆڵی بازرگانیدا چڕ كراونەتەوە.
هەرچەندە ئێران لەزاری چەند لێپرسراوێكەوە بەڵێنی كردنەوەی مەرزەكانی داوە، بەڵام تا ئێستا بە فیعلی چارەنووسی ئەو دەروازە سنوورییانە یەكلانەكراوەتەوە.
لەدوایین لێدوانیشدا سەبارەت بەو بابەتە، ئەندامێكی ئەنجومەنی شورای ئێران رایدەگەیەنێت: تاران قایل بووە بە كردنەوەی دەروازەی سنووریی پەروێزخان.
راشیگەیاندووە: بەرژەوەندی ناوچەو شارەكان بەپرسە نیشتمانییەكان كاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت، كردنەوەی ئەو مەرزەش بەشێوەیەكی رەسمی بەپرسێكی نیشتمانی دادەنرێت. ئەوەشیخستۆتەڕوو: كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڕیارێكە كە یەكلاكراوەتەوە.
سەرباری دیاریكردنی وادەی جیاوازو لێدوانی جیا، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی بۆ كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان‌و حاجی ئۆمەران نەدراوە، بەڵام ئەوەی تەئكید كراوەتەوە ئەوەیە كە لێپرسراوانی ئێران بەڵێنی كردنەوەیان بە لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان داوە.
لای خۆیەوە، سەرۆكی حكومەتی كوردستان لەچەند كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا جەختی كردۆتەوە لەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئێرانیدا بەردەوام لە پەیوەندیدان بۆ كردنەوەی مەرزەكان‌و ئەوان تەئكید دەكەنەوە لەسەر كردنەوەیان، چونكە داخستنی ئەو مەرزانە نەك تەنها زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەینێت، بەڵكو زیانی بۆ ئێرانیش‌و جموجۆڵە بازرگانییەكانی هەردوولا هەیە.
بە وتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هیچ بیانوویەك بۆ كرانەوەی دەروازە سنورییەكان نەماوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*