سەرەکی » مانشێت » ئەنجومەنی وەزیران دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسەندکرد

ئەنجومەنی وەزیران دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسەندکرد

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی سیستەمی بایۆمەتری و گرفتەکانی کەرتی کشتوکاڵ کرد

“سیستەمی بایۆمەتری پڕۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران”

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: رێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانکردن و بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/٨ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبۆوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران راپۆرتێکی دەربارەی پڕۆگرامی بایۆمەتری خستەڕوو کە تیایدا بە زانیاریی و وردەکارییەوە باسی قۆناغەکانی سیستەمەکە و ئامانج و دەرەنجامەکانی سیستەمی بایۆمەتری کرد کە پڕۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمێتری مووچەخۆران.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسەندکرد بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانی دروست.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕوو لەوانە ڕێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانکردن و بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی.

لە تەوەرێکی دیکەشدا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەک سەرچاوەیەکی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەو بوارانەدا.

لە تەوەرێکی دیکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی وگەشتوگوزار، داد)ی راسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.

print

 289 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*