چاو بادەمی

لانه‌ ساماڵ

جەستەیەکی بێ هێز و مردوو لەسەر چرپای ژوورەکەم راکشاوە، رۆحێکی پڕجۆش و خرۆشیش بەردەوام هاوار و هەڵپەیەتی: هەستە، هەستە، بێ دەسەڵات هەستە
دەزانم ئەم رۆژانە سەخترین رۆژەکانی منە.
لە لایەک بێ هێزی جەستەی بۆگەن کردووم لە لایەک ئەو تیشکی خۆرەی لە تەواوی بەدەنم دەدات و وەختە خۆم و هەموو شتەکانی چواردەورم بتوێنێتەوە وەک سەهۆڵ.
مێروولەیەک لە نێو قوڕگما دێت و دەڕوا… دێت و دەڕوا.

حەز ئەکەم پێی بڵێم بە یارمەتیت ملت بشکێنە و بچۆرەوە مەملەکەتە کاولەکەی خۆت. خۆت ماڵت نییە؟
دەمەوێ ئەو کاتژمێرەی سەرم بشکێنم کە بەردەوام دەڵێ : چک. چک. چک. چک… بەسە مێشکم چوو.
گوێم لێیە باوکم لەگەڵ کۆنە دۆستێکی هاوڕێی مناڵی تازە ئاشنابووتەوە و دەڵێ زۆرم پێ خۆشبوو تۆم دییەوە ماڵی فەیسبووک ئاوابێ ئەتوانی هاوڕێی کۆنت ببینیتەوە.

گەرووم پڕ ئەبێ لەوردە برین و فرمێسک نا… قەترە ئاگری شێوە یاقووت لە چاوم دێتە خوارێ و لە دڵەوە نزا ئەکەم و نامەوێ لە دەستت بدەم.
چەند رۆژێکە ئەم پەتا بێباکەی کە نازانم ناوی کۆڕۆنایە یان چی بەرۆکی گرتووم و پێکەنینم بە سەخیفی ئەقڵی ئەو دێت! ئەو پێی وایە دەمدا بەعەرزا و لێی ئەپاڕێمەوە دەڵێم مەردی خوابە بڕۆ لە کۆڵم بەرەوە.
بەڵام نا… من تەنیا خەمی دووری و بێدەنگی تۆ وەک سەرەتان دەمدا بەعەرزا و لەپێم دەخات، ئێستاش کە خەریکە دەست پێ دەکا و سەرەتایە پەتای نەعلەتی پێدەکەنێ و دەزانێ هێزم بڕاوە هاوار دەکات و دەڵێ: یاڵڵا باهێرش بکەین.
لەگەڵ چاو بادەمی گفتوگۆ ئەکەین.
ئەو دەڵێ جوانیی ئەوەیە بێدەنگ بیت و جاڕ نەدەی من لام وایە جوانی یانی ناشیرین نەبوون.
جوانی یانی سەلماندن و گرنگیدان بە تەبیبی دڵ.
ئیتر خۆتان ئازادن کاممان بەڕاست دائەنێن.
لە شوێنێکین و یەک نابینین، ئەڕۆم، ئەگەڕێم، بەڵام من دڵنیام لەم دارستانە چڕە تەنیا هەر خۆم نەبووم!
من و باڵندە تەنیاکەی رۆحم پێکەوە دەگەڕاین و لەپڕێکا دیار نەما و دیار نەما…
جارێک منیش خۆم ئەکەمە باڵندە و شەقەی باڵم لە ئاسمانی مەترسیدارترین شوێنەکان گیر دەکەم و نایدۆزمەوە دەفڕم بۆ دوورگەری مەرگ (سێگۆشەی بەرمۆدە) بە سەلامەتی دەگەڕێمەوەمەوە و نایدۆزمەوە.
دەفڕم بۆ ئاسمانی بیابانەکان چەندین رۆژ بێ نان و ئاو بۆی دەگەڕێم، بۆی دەگەڕێم و نایدۆزمەوە.
جارێک ئەبمە سۆپەرمان، کچ، کوڕ، ژن، مناڵ، پیر، هەرکەس پێویستی پێم بێ رزگاری دەکەم و لە کۆتاییدا دەڵێم ببوورن ئێوە فڵانەکەس ناناسن، وەک ئەوەی باسی بوونەوەری ئاسمانیم لە لاکردبن هەموو سەریان دەسوڕمێ و نازانن و داوای لێبووردنم لێ ئەکەن.
جارێک دەبمە پیاوێکی لاوی خوێنگەرم کە خۆشەویستەکەیان فڕاندبێ، ئامادەم بچمە سەر مەریخیش هەتا بیدۆزمەوە، ئامادەم ئاسمانی شار بە گوللە دابێژمەوە و خەڵکی بترسێنم کوڕێکی منداڵکار بانگ بکەم. هێی تۆ کوڕە وەرە بزانە فڵان کەس نەدیوە؟
بچمە لای بەرپرسە دز و درۆزنەکەی وڵات و سۆراغی تۆی لێ بکەم و هەرچی وتیشی ناچارم باوەڕی پێ بکەم، دیسان نایدۆزمەوە و نایدۆزمەوە.
جارێکی تر دەبمە ئەو برا گەورەیەی برا بچووکەکەی لێ ونبووە و دنیا سەرەو ژێر بکا تا بیدۆزێتەوە.

ئۆ، تۆ ئەزانی برا گەورەیی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە؟
پیرژنێک بەرەوپیرم دێ دەڵێم دایە گیان ئەها سەیرکە ئەم کوڕەت نەدیوە برا بچووکەکەی منە کەمێ پێش ئێستا لەگەڵم بوو ئەها تۆ جوان دیقەتی بە.
لێم تێ ناگات و پیری هێزی بیستنی لاوازکردووە بە دەنگێکی لەرزۆکەوە دەڵێ: رۆڵە بیری چی؟ بۆ ئاو هەیە تا بڵێی بیر!
بە نیگەرانیەوە سەرێ دائەخەم و ملی رێگا ئەگرم، ئەمجارە کە سەر بەرز ئەکەمەوە لە دورەوە کوڕێکی ڕەشتاڵەی بلوز نیلی ئەبینم بە راکردن ئەچمە لای و رووی وەردەگێڕمە دواوە ئەوە تۆ لەکوێ بووی هەتیوە گزگلە؟
کوڕەکە واقی وڕئەمێنی و ئەڵێ برا تۆ باشی؟ هەناسەیەک بەتوندی هەڵەکێشم و داوای لێبووردنی لێ ئەکەم و ئەڕۆم.

ئەمجارە وەک ڕاوچی و فریادڕەسێ ئەڕۆم، ئەڕۆم وەک ئەوەی بەدوای ئاسکێکدا بگەڕێم و راوی بکەم. وەک ئەوەی خۆم دانابێ بۆ ژیژکێکی کێوی… بۆستە بۆنێکی نامۆ ئەکەم و واهەست ئەکەم ئەو بۆنە ئەناسم ئەڕۆم ئەڕۆم… لەناکاو لەدورەوە بەدی ئەکەم لە ئەشکەوتێکدایە و دانیشتووە ئەشکەوتێکی قووڵ قووڵ نازانم ئەم ئاگری بنکایە چۆن گەشتۆتە ئەم قووڵاییە زۆرە! دانیشتووە و هەڵماقۆ بە بەردە کریستاڵییەکانی ئەوێ ئەکات و گوێ لە موزیکێکی هێواش دەگرێ. من سەری پەتێکی درێژ بەجەستمەوە گرێ دەدەم و سەرەکەی تری لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بەجێدەهێڵم نەکا منیش لە قووڵی ئەو ئەشکەوتە ونببم و گیربخۆین. دەستێکی بۆ درێژ ئەکەم و ئەڵێم هەستە بابڕۆینەوە ماڵەوە کەمێکی تر ئێرە تاریک دەبێ و پڕ دەبێ لەگورگ و ورچ و زیندەوەری تر دەزانم تۆ لێان دەترسی، هەستە بڕۆین.
بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەوە پێم پێدەکەنێ و دەڵێ: تۆ جارێ وەرە پشوویەک بە ئەوەندە گەڕایت و پرسیارت کردووە رەنگە جەستە و مێشکت ماندوو بن بحەوێوە.
هیچ ناڵێم و بەپێکەنینەوە بەردەوام دەبێ.
بەس ئەزانی چی بکە؟ ئەم رووداوانەی ئەمڕۆ بکە بەسەرگوزەشتەی گەشتێکی درێژ لە جیهانێکی نادیاردا و پێشکەشی کتێبی گینسی بکه‌ی.
من دڵنیام زۆریان بەدڵ دەبێ تۆ ئەڵێی چی؟
لەنێو دڵما پێی ئەڵێم “سوور سوور دەزانی من لەکوێم، بەڵام ئەوەندە نەفامی خۆت لەگەڵ من سەیر دەکەی” دەی هەستە قۆشمەچی کاتی ئەو گاڵتانە نییە وا دنیا تاریک دادێ و دەبێ بچینەوە ماڵێ.
ئەو پێم ئەڵێ نانا… من گاڵتە ناکەم بە هەمان ئەو رێگایەی پیایدا هاتووی بگەڕێرەوە ماڵەوە من باشم.

 

print

 475 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*