بچێتە بەغا

دوور لە رووی جەنابتان، دوور لە رووی جەنبتان، ئەمجارەش دوور لە رووی جەنابتان کورد پەندێکی ھەیە ئەڵێ کەر بچێتە بەغا دەبێت بە ئێستر. ئیتر بۆچی وای وتووە و مەبەستی کێیە ئەوە خوا خۆی ئەزانێ و موشکیلەی من نییە. گرنگ ئەوەیە نەھێلین پەندەکە کوێر ببێتەوە و دوژمن پێمان پێ بکەنێ بڵێ کورد ھەر ئەو مەخلوقەی ھەیە بتوانێ تەرفیع و تەگەور بکات.
بە کوێرایی چاوی ئەوان وا بەم چەند نموونەیە دیقەدیقەیان پێ ئەدەم. مەمنوون ئەبم ئەگەر ئێوەش بیلامانێ بەپێی ئیمکان بیخەنە سەری:

* نان بچێتە ژێر کەبابەوە دەبێ بە نانەچەورە.

* کورسی بچێتە مەکتەب دەبێ بە ریحلە.

* ھەڤاڵی سەرکردایەتی سەنگەر بگوێزێتەوە دەبێ بە راوێژکار.

* چایخانە بچێتە عەقاری پێی ئەڵێن کافێ.

* دیوەخان بۆینباخ ببەستێ پێی ئەڵێن ئۆفیس.

* مەعاش کلک و گوێی بکەن ئەبێ بە پاشەکەوت.

* خانوو لە گاردن سیتی بێت پێی ئەڵێن ڤێللا.

* بەرتیل تەشریف بباتە بواری نەوتەوە ئەبێ بە شیرینی.

* فشە بخەیتە کتێبەوە ئەبێ بە بیرەوەری.

* جنێو بڕواتە فەیسبووکەوە پێی ئەڵێن کۆمێنت.

* ئیسراحەت گەیشتە کۆمپانیا ئەبێ بە ئۆف.

* فەلافل بە ماتۆڕ بۆت بێنن ئەبێ بە دیلیڤەری.

print

 1,301 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*