سەرەکی » مانشێت » لایەنی سێیەم لە رێكەوتنی بەغدا و هەرێمدا

شرۆڤەی رۆژ

لایەنی سێیەم لە رێكەوتنی بەغدا و هەرێمدا

هەواڵ و بەدواداچوون

هەرێمی كوردستان و بەغدا دوای چەندین دانیشتن و كۆبوونەوە هێشتا لەسەر وردەكاریی كێشەكانیان و ئەو دۆسێ و مەلەفانەی لە نێوانیاندا هەن، نەگەیشتوونەتە رێكەوتن، ئەگەرچی لەلایەن هەردوولایەنەوە ویستی رێكەوتن هەیە.

گفتوگۆی زیاتر
لە دوایین كۆبوونەوەكانی نێوان وەفدی بەغدا و هەرێمی كوردستاندا، جارێكی دیكە ئامادەیی پیشاندراوە بۆ رێكەوتن و چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەڵام ماوەی رێكەوتنەكە كە دەبێت تا كەی بێت؟ هەروەها وردەكاریی رێكەوتنەكە، هەردوولایەنی لە چاوەڕوانی گفتوگۆی زیاتردا هێشتۆتەوە.

ئەوەی هەیە، هەرێم و بەغدا هەردووكیان دەزانن چیان لە یەكتر دەوێت، لەوەشدا نزیكن لە یەكتر، ماوەتەوە سەر سەردانی داهاتووی وەفدی باڵای هەرێم بۆ بەغدا.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، وەفدی باڵای دانوستانكاری هەرێم «بەم نزیكانە بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان و گەیشتن بە رێكەوتن، سەردانی بەغدا دەكاتەوە»، بەڵام روون نییە بە دیاریكراوی كەی سەردانەكە دەكرێت؟.

وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ناوەڕۆكی گفتوگۆكان، لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرایەتیی چەند وڵاتێك لە عیراق و هەرێم كۆبۆوە، هەرێم ئێستا دەیەوێت بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێكی شەفاف و خواست و داواكارییەكانی، ئەو پەیامە بە دەرەوە، یان لایەنی سێیەم بدات كە خوازیاری رێكەوتنن لەگەڵ بەغدا وەك ئەوەی هەمیشە دەوترێت لەسەر بنەمای دەستوور و وەرگرتنی ئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستان.

رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان
لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكانیش دیسان خواستی ئەوە هەیە هەرێم و بەغدا بگەنە رێكەوتن. جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، رایگەیاندووە: ئەوانیش هانی هەردوولایەن دەدەن بۆ چارەسەری كێشەكانیان.

ئەوەی گرنگە لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، رێكەوتنە، هەردوولایەن دەستوور وەك خاڵی هاوبەشی چارەسەری كێشەكان دەبینن، بەڵام هێشتا دەستوور نەبۆتە ئەو خاڵەی كە بەهۆیەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

بۆ دانوستان و كۆبوونەوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، گرنگە هاوكات لەگەڵ بە بنەماگرتنی دەستوور، لایەنی سێیەمیش بەشدار و هاندەر بێت بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێكی كۆنكرێتی. لایەنی سێیەم بەتایبەت لەم دۆخ و قۆناغەی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمدا، دەتوانێت هەنگاوەكانی گەیشتن بە رێكەوتن خێراتر بكات. بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێم لای خۆیەوە كاری زیاتر بكات. بۆ بەشداری و رۆڵبینینی لایەنی سێیەم كە دەكرێت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بێت.

print

 207 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*