سەرەکی » زانست » ماسكێكی سلیكۆنیی هەرزان ئامادە دەكرێت

شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا لە ئەمریكا

ماسكێكی سلیكۆنیی هەرزان ئامادە دەكرێت

زانایانی ئەمریكیی ماسكێكی سلیكۆنیان داهێناوە كە لە بەرگریی ڤایرۆسەكاندا لە (N95) باشترە و دەتوانرێت (١٠٠)جار بەكار بهێنرێتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ( شەپۆلی دووەمی ) ڤایرۆسی كۆرۆنا، زاناكان لە پێشبڕكێدان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە پزیشكییەكان و ئامڕازەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لەم چوارچێوەیەشدا ماسكی پتەو و كارا سەر لیستی ئەو ئامڕازە پێویستانەیە كە دەكرێت بە هۆیەوە شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێت و لەم ڕووەشەوە زاناكانی پەیمانگای ماسوچێتسی تەكنەلۆجیی ماسكێكی سیلیكۆنیان دروستكردوە كە دەتوانرێت پاكژبكرێتەوە و تا (١٠٠)جاریش بەكار بهێنرێتەوە.

ئەم ماسكە دوو شوێنی هەناسەدانی لە پلەی (N95) هەیە كە دەتوانرێت دوای هەموو بەكار هێنانێك بۆ دڵنیا بوون لە ڕزگاربوون لە تەنۆلكەی ڤایرۆسەكە لێبكرێتەوە و بگۆردرێت.

(جەیمس یۆنگ) زانای بواری لووەكان و تیشك كە یەكێكە لە تیمی گەشەپێدەری ئەو ماسكە سیلیكۆنییە وتی» هەموو بیرۆكەكانمان كۆكردەوە بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە شتێكی بەردەوام، بەو شێوەیەش گەیشتینە دروستكردنی ئەو ماسكە نەرمە كە دووبارە و چەند بارە بەكاردێت و دەتوانین زیاتریش گەشەی پێبدەین».

زاناكان مەتاتی سیلیكۆنیان هەلبژاردووە، چونكە لە چەندین پیشەسازی تریشدا بەكاردێت، هەر لە كەرەسەكانی بیناسازیی تا جلوبەرگ و كەلوپەلی چێشتلێنان.
بەپێی تاقیكردنەوەكانیش ئەو ماددەیە بەوە ناسراوە كە بەرگەی پلەی گەمای بەرز دەگرێت و دەتوانرێت لە فڕندا پاكژ بكرێتەوە و دەشتوانرێت بە هەموو جۆرە پاكژكەرەوەیەك پاكبكرێتەوە بێ ئەوەی ماسكەكە هیچ تێكبچێت و خاسیەتی ڕوونییەكەی لەدەستبدات.

هەروەها ئەو زانایانە بە نیازن شوێنی فیلتەری ماسكەكە بە جۆرێك دابنێن كە دەمی كەسی بەكارهێنەر دیار بێت بۆ ئەوەی دۆخێكی لەبارتری تێگەیشتن دروست بكرێت لەنێوان كارمەندی تەندروستیی و ئەو نەخۆشانەی كێشەی بیستنیان هەیە.

هەروەها لە تاقیكردنەوە سەرەتاییەكانیشدا (٢٠) كارمەندی تەندروستیی ماسكەكەیان بەكارهێنا و پێنجیان ئاماژەیان بەوەداوە گەر سەرپشك بكرێین لە كاتی كارەكانمان لەگەڵ توشبووانی كۆرۆنا كام جۆرە ماسك هەڵبژێرین ئەوا بێگومان ماسكە سیلیكۆنییە نەرمەكە هەلدەبژێرین.

جەیمس دەڵێت» ئەگەر كارەكانمان سەركەوتووبن ئەوا چیتر نەخۆشخانەكان لە ژێر ڕەحمەتی ماسكی (N95)دا نامێنێتەوە كە خواستێكی زۆری لەسەرە، هەروەها ئەو جۆرە ماسكە سیلیكۆنییە پەیوەندییەكانی نێوان نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیی دەباتە قۆناغێكی باشترەوە».

لە ئێستاشدا هەموو هەوڵێكی توێژەرەوەو زاناكانی بەشدار لە دروستكردنی ئەو ماسكە بۆ ئەوەیە كە بە زووترین كات مۆڵەتی ڕەسمی بەدەست بهێنن و ژمارەیەكی زۆری لێ بەرهەم بهێنرێت و بە نرخێكی كەمەوە بخرێتە بازاڕەكانەوە كە نزیكەی (١٥) دۆلار بێت و نرخی فلتەرەكەشی (١) دۆلار بێت.

لە كۆتایشدا زانا و دروستكەرانی ئەو ماسكە، پێیانوایە گەر ماسكەكەیان سەركەوتوو بێت دەتوانن بە شداریی لە پرۆسەی ژینگە پارێزییدا بكەن و بە هۆی ئەوەی لەبەر زۆربوونی فڕێدانی ماسك و دەستكێشە پلاستیكییەكان كێشە بۆ ژینگە دروست بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ماسكە سیلیكۆنییەكە بۆ سەد جار بەكار دێت، ڕەنگە خەلكێكی زۆری ژینگە دۆستان ڕووبكەنە بەكارهێنانی ئەو ماسكە سیلیكۆنییەی بۆ چەندین جار بەكاردێتەوە.

سەرچاوە: علوم و التكنولوجیا

print

 207 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*