سەرەکی » زانست » ئەفریقییەكان خۆریشیان هەیە و کەچی ڤیتامین (D)یان كەمە

ئەفریقییەكان خۆریشیان هەیە و کەچی ڤیتامین (D)یان كەمە

ئەفریقییەكان لەگەڵ ئەوەی خۆریشیان هەیە بە شێوەیەكی ترسناك بەدەست كەمیی ڤیتامین (D)یەوە دەناڵێنن.

ئەوەی زانراوە كەمیی ڤیتامین (D) لەو ناوچانەدا زۆرە كە كەشو هەوایەكی ساردییان هەیە و كەشی خۆرەتاوییان كەمە، بەڵام لەتوێژینەوەیەكی نوێدا دەركەوتووە، زۆربەی دانیشتوانی كیشوەری ئەفریقیا سەرەرای ئەوەی كەشی خۆرەتاوییشیان زۆرە كەچی بەدەست هەمان كێشەوە دەناڵێنن، كەواتە هۆكاری چییە؟

ڕۆڵی زندەیی خۆر
ئاستی ڤیتامین(D) بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بە تیشكی خۆر دەبەستێت و پێستی مرۆڤ پێویستی خۆی لە تیشكی سەروو بنەوشەییەوە وەردەگرێت و ئەوەش وا دەكات كە ئەو ڤیتامینە دەربدات و بەپێی توێژینەوە زانستییەكان مرۆڤ دەتوانێت بە تەنها (10-20٪)ی ڤیتامین (D)لە رێگەی خۆراك و دەرمانەوە بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوەشە زۆربەی ئەوانەی لەو ناوچانەدا دەژین كە كەشی خۆرەتاویان هەیە كەمترینیان كەمیی ڤیتامین (D) یان هەیە وەك ئەفریقیا،چونكە ئەو وڵاتانە كەشوهەواكەیان زۆربەی كاتەكانی ڕۆژ خۆرەتاوە لەگەڵ ئەوەشدا نوێترین توێژینەوە لەو كیشوەرە شتێكی ترمان پێدەڵێت.

لەتوێژینەوەیكدا كە لەزانكۆیەكی كینیا كراوە و ئەنجامەكەی لەگۆڤاری (لانسیت)ی پزیشكیدا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی وڵاتانی ئەفریقیا كێشەی كەمیی ڤیتامین (D)یان هەیە.
لەو توێژینەوەیەدا كە شیكردنەوە بۆ (129) توێژینەوەی پێشتر كراوە كە زانیاریی سەبارەت بە (21.500) ملیۆن كەسی لە (23) وڵاتی ئەفریقی جیاوازی تێدایە دەركەوتووە سێیەكی دانیشتوانی ئەفریقیا بە شێوەیەكی مەترسییدار كێشەی كەمیی ڤیتامین(D)یان هەیە.

سەبارەت بەم بابەتە دكتۆر (یۆرگ رایخرات) پزیشكێكی پێستی شاری هامبۆرگە و ماوەی ( 35) ساڵە لێكۆڵینەوە لە بابەتی ڤیتامین(D) دەكات دەڵێت» هیچ تووشی شۆك نەبووم بە ئەنجامی ئەو توێژینەوانە، لە بەرامبەریشدا پێشبینیم نەدەكرد ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی كیشوەرێكی خۆرەتاوی وەك ئەفریقیا كەمیی ڤیتامین(D)یان هەبێت».

ئەویش وەك توێژەرەوەكانی دیكە پێی وایە هۆكاری سەرەكی پێشكەوتنی شارستانی و گەشەكردنی ئاوەدانی و گۆڕانی شێوازی ژیان بێت، چونكە خۆر لەو كەسانە نادات كە لە شوێن و نووسینگە داخراوەكاندا دەژین و كاردەكەن، لە بەرامبەریشدا و هەروەك توێژینەوە كینییەكە ئاماژەی پێداوە دانیشتوانی گوندەكان و ئەوانەی زۆرتر لەبەر تیشكی خۆردان كەمترینیان كێشەی كەمیی ڤیتامین(D)یان هەیە.

مەترسییەكانی كەمیی ڤیتامین(D)
كەمیی ئەو ڤیتامینە ئەنجامی جیاوازی هەیە، كە هەندێكیان دیارن و هەندێكیان شاردراوەن و تا ئێستاش هیچ كۆدەنگییەك لەناو پسپۆڕاندا لەسەر ڕێژەیەكی دیاریكراوی ڤیتامینەكە نییە، لەبری ئەوە پشت بەستراوە بەچەند پێوانەیەكی جیاوازو وەك سەرچاوەیەك بۆ دەستنیشانكردنی كەمیی و نەبوونی ڤیتامین(D)دانراوە.

هەندێك دەڵێن، كاتێك ڕیژەكە بە كەم دادەنرێت كە بڕی ڤیتامین(D) لە لیترێك خوێندا(30)نانۆمول بێت واتە(12) نانۆ گرام بێت بۆ هەر ملیلیترێك لە خوێن.
ئەگەر بڕەكە لەوە كەمتر بێت ئەوا لە تەمەنی ساوایی مناڵیدا دەبێتە هۆی تێكدانی شێوەی ئێسك و نەخۆشیی ئێسكە نەرمە و گۆجیی لە و لە تەمەنی پێگەیشتنیشدا دەبێتە هۆی ئێسكەنەرمە و لە بەساڵاچووانیشدا دەبێتە هۆی فشۆڵیی ئێسكەكان.

ئەركە زیندەییەكانی ڤیتامین(D)
ڤیتامین(D) ڕۆڵی هەیە لە ڕێكخستنی ئاستی كالیسیۆم لە خوێندا و پێكهاتەی ئێسكەكان و پەیوەندیشی هەیە بە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان و زیاتر بوونی مەترسیی توشبوون بە جۆرە جیاوازەكانی هەوكردن و تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لە جۆری دووەم هەندێك جۆری شێرپەنجە

پێویستە بوترێت ئەو ڤیتامین (D)یەی كە جەستە لە تیشكی خۆرەوە بە دەستی دەهێنێت یان لە ڕێگەی خواردنی هەندێك خۆراك و دەرمانەوە بەدەستی دەهێنێت لەسەرەتادا لە ڕووی بیۆلۆژییەوە چالاك نییە و نابێت، پێویستی بە هەندێك پرۆسەی زیندەپاڵكردن هەیە دوایی بە شێوەیەكی بیۆلۆژی لە گورچیلەدا چالاك دەبێت و دەبێتە ماددەی (كالسیتریۆل) و لەوێوە دەردەدرێت بۆ ناو خوێن.

 

سەرچاوە: DW

 287 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*