سەرەکی » دۆسێ » ره‌وته‌كان » حكومەتی عیراق دەست بە چاكسازیی دەكات

حكومەتی عیراق دەست بە چاكسازیی دەكات

بندیوار ناهێڵێت

رەوتەكان-

حكومەتی عیراق گرتنەبەری رێوشوێنی كەمكردنەوەی تەنگژەی ئابوری رادەگەیەنێت كە بەسەر وڵاتدا هاتووە بەهۆی تەنگژەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت.
حكومەتی عیراق دەستیكردووە بە پێداچوونەوە و وردبینیكردن لە لیستی هەموو سودمەندان و مووچەخۆرانی دەوڵەت كە بڕی پارەكەی دەگاتە نزیكەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری مانگانە و دەدرێت بە 10 ملیۆن عیراقی كە بەسەر شەش ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین و سودمەندانی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دابەشبوون.
بەپێی راپۆرتێكی حكومی، ژمارەیەكی گەورە لەوانە دۆزراونەتەوە كە زیاتر لە مووچەیەك لە دوو لایەن یان زیاتر وەرەگرن. حكومەت دەستیكردووە بە جێگیركردنی مووچەكان و پێیوایە ئەو هەنگاوە دەبێتە مایەی نەهێشتنی دیاردەی «بندیوارەكان» لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.

زاراوەی بندیوار
زاراوەی بندیوار لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عیراقی لە دوای 2014وە بڵاوبۆوە كە لەو كەسانە تەواوی مووچەكانیان یان نیوەی دەدەنە بەرپرسانیان لەبەرانبەر ئامادەنەبونیان لە شوێنی كارەكانیان بۆ ماوەیەكی زۆر، یان ناوی نەبوون و بەرپرسان مووشەكانیان وەردەگرن، یان مردوون و شەهادەی مردنیان بۆ دەرنەهێنراوە و تائێستاش تائێستاش بەرپرسان یان چەند ئەندامێك لە خانەوادەكانیان لەبری ئەوان مووچەكانیان وەرەگرن.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە ڕاگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:»حكومەت لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی گەورەدایە، گەر بیەوێت دەست بە هەنگاوەكانی چاكسازیی بكات».
پێداچوونەوە و وردبینیكردن بە لیستی هەموو سودمەندان لە مووچەی دەوڵەت كە بڕەكەی دەگاتە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری مانگانە، دەدرێت بە نزیكەی 10 ملیۆن عیراقی كە بەسەر شەش ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین و سودمەندانی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتیدا دابەشبوون.

كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان
لە نەهێشتنی دوومووچەییەوە دەستیپێكرد و دەبێت دەست بەسەر كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكانیشدا بگرێت، ئەم كاروبارانەش گرنگن بۆ هێنانی وەرهێنان.
ئەندامەكەی لیژنە دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت:»بە وردبینیكردنێكی ئاسایی و دەركردنی بندیوارەكان و یەخستنی مووچەكان لە یەك مووچەدا، خەرجییەكان بە بڕی نزیكەی دوو ملیار دۆلاری مانگانە كەمدەبنەوە، ئەو كاتە تەنیا پێویستی بە دابینكردنی 3.5 ملیار دۆلار دەبێت بۆ مووچە».
جەمال كۆچەر پێیوایە:»پەرلەمان 60 رۆژی بۆ حكومەت دیاریی كردووە تا چاكسازییەكانی پێشكەش بكات و پشتیوانی بەدەستبهێنێت، تاكە ئاستەنگیش كە رەنگە ببێتە مایەی رێگرتن لە هەنگانوەكانی، بوونی هەندێك كەس و لایەنە كە نایانەوێت حكومەت لەسەر چاكسازییەكانی بەردەوام ببێت».
سەرچاوەیەك لە لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان كە نەیویستبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری رایگەیاندبوو:»وەزارەتەكانی بازرگانی و تەندروستی و بەرگری و نەوت و شارەوانییەكان و دەستەی حەشدی شەعبی و ناوخۆ، كۆی گشتی كارمەندە نەبووەكانیان یان بندیوارەكانیان دەگاتە نزیكەی 200 هەزار كە لەنێوانیاندا كەسانێك هەن لەبنەڕەتدا لە وڵاتدا نیین و لە دەرەوەی عیراقن، هەندێكیشیان لەكاردانیین و لەگەڵ بەرپرسەكانیان رێكەوتوون كە نیوەی مووچەكانیان یان سێ‌ یەكی مووچەی مانگانەیان ببەن، هەندێكی تر لە ژیاندا نیین و مردوون.
بەشێك هەن لە واقعدا بونیان نییە و ناسنامەی رەسمییان ساختەكراوە و لە مانگەكانی سەرەتای داگیركردنی ئەمریكا بۆ عیراق لە ساڵی 2003وە دامەزرسێنراون.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت:»دۆسێی بنیدوارەكان بۆتە قورسترین دۆسێكانی گەندەڵی لە عیراق، دەوڵەت بۆهۆیەوە مانگانە بڕێكی گەورە لەدەستدەدات، بۆیە هەر كەسێك هەوڵی كردنەوەی دۆسێی بندیوارەكان بدات، رووبەڕووی هەڕەشە و گوشاری سیاسی گەورە دەبێتەوە لەلایەن حزبە دەستڕۆیشتووەكان».
بە وتەی سەرچاوەكە:»مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران سورە لەسەر كۆتایی هێنان بە دیاردەی بنیدیوارەكان لە عیراق، لەڕێی جێگیركردنی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت، بەو پێیەی باشترین بلانە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی كە ساڵەهایە لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بڵابۆتەوە».
جێگیركردنی مووچەكان مانای گۆڕینی مووچەی فەرمانبەرانە لە كەرتی حكومی و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی كۆمەڵایەتی لە وەرگرتنی دەستییەوە لە فەرمانگەكان بە نەختی، بۆ وەرگرتنی لەڕێی بانكە حكومی یان ئەهلییەكان، ئەمەش لەڕێی ئەژمارێكی تایبەت كە بۆ فەرمانبەر دەكرێتەوە و لەڕێی ماستەركاردەوە یان بە نەختی وەردەگیرێت.

گەندەڵییەكی بە سیستمكراو
شروق عەبایچی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە (العربی الجدید)ی راگەیاندووە:»گەندەڵی لە عیراق بۆتە سیستمێكی رۆچوو، زیاتر لە دەروازەیەكی هەیە، بندیوارەكانیش یەكێكن لە دەروازەكانی كە لە ساڵی 2003وە تائێستا بوونەتە مایەی لاوازكردنی ئابوری عیراق».
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت:»ژمارەی بەیندیوارەكان لە عیراق زۆر گەورەیە، حكومەتی عیراقیش ژمارەی راستەقینەی لەبارەی ژمارە و قەبارەی ئەو پارەیەوە نییە كە مانگانە بۆیان خەرج دەكرێت، تاكە سودمەند لەو دیاردەی بندیوارەكان لە عیراق، حزبە سیاسییەكانن، بە تایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، هەموو ئەو پلە وەزیفیانەی كە حكومەتی عیراق دەریاندەكات بەسەر حزبەكان و هەندێك لە كەسێتییە سیاسییەكاندا دابەشدەكرێن و ئەو حزبانەش پلەكان دەفرۆشنەوە و هەزاران بندیوار بە ناوی نەبۆوە تۆماردەكەن».
حسێن عەرەب، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاریی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ (العربی الجدید) دەڵێت:»حكومەتە عیراقییە یەك لەدوایەكەكان لە دوای ساڵی 2003وە، پارەیەكی زۆریان لە هەزاران كەسی بندیوار و نەبوودا لە ژمارەیەك لە وەزارەتەكاندا خەرجكردووە».

نەوتی عیراق
حسێن عەرەب پێیوایە:»دیاردەی بندیوارەكان بە تاوانێكی چەند لایەنە دادەنرێت، تاوانی یەكەم ئەوەیە كە جۆرێكە لە جۆرەكانی گەندەڵی و دزینی دارایی گشتی، دووەم دزینی مافی هاووڵاتیان و بێبەشكردنیانە لە دەستەبەركردنی دامەزراندن لە كەرتی گشتی»، ئاماژەی بە هەوڵی هەندێك لە نەهەنگەكانی گەندەڵیش دەكات بۆ «تەگەرەخستنە بەردەم جێگیركردنی مووچەكان لە هەندێك لە وەزارەتەكاندا، چونكە ژمارەی بندیوارەكان و قەبارەی ئەو پارەیەی لەماوەی ساڵانی رابردوودا دزراوە، ئاشكرادەكات».

 311 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*