سەرەکی » وەرزش » دیاردەیەك خەریكە دەبێتە نەریت

دیاردەیەك خەریكە دەبێتە نەریت

یاریی تۆپی پێی ئەوروپا و تەنانەت جیهانیش جوانییەكەی لەوەدایە كە نەوەیەك دێت و نەوەیەكی نوێ جێیان دەگرنەوە، زۆرێك لە نەوە رۆیشتووەكەش زۆربەیان هەر لەچواردەوەری یانەكەیان دێن و دەچن و پۆستێك لە پۆستەكانی یانەكە وەردەگرن و لەخزمەتكردنی یانەكەیان بەردەوام دەبن بەڵام ئەمجارە بەشێوازێكی نوێ نەك یارییكردن.

لە نەوە رۆیشتووەكەش مەرج نییە هەر هەموویان لەیانەكە بمێننەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆریشیان پاش ئەوەی واز لەیارییكردن دەهێنن لە پۆستە وەرزشییەكانیش دووردەكەونەوە، زۆرێك لەوانەی كە پێیان دەوترێت كوڕی یانەكە، هەر بە دڵسۆزی دەمێننەوەو لەخزمەتی یانەكەیان بەردەوام دەبن.

ئەوانەی ناوی كوڕی یانەیان بەسەردا دادەبڕێت بەزۆری ئەو یاریزانانەن كە زۆرترین خزمەت بەیانەكەیان دەكەن، زۆرترین ماوە لەیانەكانیان دەمێننەوە، كاتێكیش واز لەیاریی دەهێنن چاویان لەوەیە ببنە كاراكتەرێكی تر و بەشێوەیەكی جیاواز لە سەردەمی یارییكردنیان خزمەت بكەن.

زۆر لە یاریزانە ئەفسانەییەكان یان دەبنە ئیداری ئەو یانەیەی كە بە ماڵی دووەمی خۆی دەزانێت، بۆ نموونە بەم دواییە بینیمان ئۆلیڤەر كانی گۆڵچی ئەفسانەیی ئەڵمانیاو بایرن مونشن بوو بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەی بایرن مونشن، لە یۆڤانتۆس نیدڤید و چەند یاریزانێكی دێرینی تر هەمیشە لەبەر زومی كامێراكاندان، ئەبیدال لەبارسا پۆستی گرنگی هەیە، پیكنپاوەر لە بایرن مونشن پۆستی گرنگی هەیە، ئەمانەو دەیان نموونەی تر.

بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە ماوەیەكە لە یانە ناودارەكانی ئەوروپا و تەنانەت یانە كەم ناوەكانی تریشدا، یاریزانە دێرینەكانی یانەكان پۆستی راهێنەری یانەكەیان پێدەدرێت.

دیاردەیەك بەم دواییە لەیاریگاو یانەكانی ئەوروپادا بەئاشكرا دەبینرێت ئەویش ئەوەیە خەریكە یانەكان چاو لەراهێنەرە ئامادەو دیارەكانی ئەوروپا دەپۆشن و پەنا بۆ ئەو یاریزانانەی خۆیان دەبەن كە لەسەرەتاوە ووتمان كە كوڕی یانەكەیانن، زیندووترین و نوێترین هەنگاوی یانەكان لەم رووەوە ئەوەیە یانەی یۆڤانتۆس ساری لەپۆستەكەی دوورخستەوە و پیرلۆی لەجێگای دانا.

ماوەیەكی زۆرە مانشێت و باسی رۆژنامەكانی ئیتالیاو ئەوروپاش ئەوە بوو كە یۆڤانتۆس نیازی وایە ماوریسیۆ ساری لەپۆستەكەی دوور بخاتەوە، باسی ئەوەش دەكرا كە بۆچیتینۆی ئەرجەنتینی یان ئەنتۆنیۆ كۆنتی دەبێتە جێگرەوەی، بەڵام یەك رۆژ بەسەر كارەساتی كرانە دەرەوەی یۆڤانتۆس لە چامپیۆنس لیگدا، یانەی یۆڤی بەرەسمی ئەندریا پیرلۆی بەراهێنەری نوێی یانەكە دیارییكرد و ئەم باسەی ئێمە پتەو تر دەبێت كە كوڕەكانی یانە ناودارەكانی ئەوروپا باشترین كەسانێكن بۆ پۆستی راهێنانی یانەكەیان نەك راهێنەرە ئامادەكان.

پێشتر بینیمان یانەی مان یونایتد سۆلسكیاری بۆ پۆستی راهێنەری یانەكەیان هەڵبژارد و ئێستا راهێنەری یانەكەیە، یانەی چێڵسی لامپاردی دەستنیشان كردووە، بارسیلۆنا چاوی لەوەیە چاڤی هێرناندێز بكاتە جێگرەوەی سیتین، ئەوا یۆڤانتۆسیش پیرلۆی دانا، ئەم هەنگاوەی یانە ناودارەكانی ئەوروپا رەنگە ئیتر باڵادەستی و كۆنترۆڵی پۆستی راهێنەرانی ئامادەی وەك مۆرینهۆ و بۆچیتینۆ و ڤینگەر و ساری و كۆنتی و گواردیۆلا كۆتایی پێبهێنێت و هەنگاوەكەی یۆڤانتۆس و مان یونایتد و چێڵسی و هەوڵەكانی بارسا ببنە نەریتی چەند ساڵی ئایندەو ئیتر یانەكان پێویستیان بەوە نەبێت چاو بۆ راهێنەرێكی وەك كۆنتی و گواردیۆلا و ڤینگەر و كومان بگێڕن و بێ منەت كوڕێكی یانەكە ئەوەی لە هەموو نهێنییەكانی یانەكە شارەزانو زۆریش نزیكن لە ئیدارەی یانەكەو تەنانەت یاریزانانی یانەكەوە ئەو ئەركەی پێبسپێرن.

دیارە مەرجیش نییە ئەوانەی كە كوڕی یانەكانیان بەسەردا دەبڕێت باشترین راهێنەری جێگرەوە بن بۆ راهێنەری ئیزندراو، بەڵام هەنگاوەكە خۆی بۆخۆی گرنگەو رەنگە ئیترە یانەكانی تری ئەوروپاش ئەم مەسەلەیە بەهەند وەربگرن و هەمان هەنگاوی یۆڤانۆس بنێن.

print

 135 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*