سەرەکی » راپۆرت » ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران: هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای موڵكدارێتی له‌ عیراق

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران: هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای موڵكدارێتی له‌ عیراق

كه‌ركوك، كوردستانی نوێ

جووتیارانی كورد له‌كه‌ركوك داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ن هه‌نگاوی خێراو جددیی بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی پارێزگاكه‌. چاوه‌ڕوانیشن دۆسێكانیان به‌یاسایی یه‌كلابكرێته‌وه‌و به‌ته‌واویی كۆتاییان پێبهێنرێت.

هه‌وڵه‌كان هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌
به‌پشتیوانیی راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك له‌په‌رله‌مانی عیراق، هه‌وڵی ته‌عریبكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌گونده‌ كوردنشینه‌كانی سنووری داقوق و قه‌زای خورماتوو ده‌درێت، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین جار هه‌وڵدراوه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ شاره‌كه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان رێگرییان لێكراوه‌و هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌.

كاراكردنه‌وه‌ی كاری ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موڵكدارێتی
له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌ڵماس فازڵ ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ سه‌باره‌ت به‌میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری له‌ڕووی یاساییه‌وه‌، رایگه‌یاند: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاری كشتوكاڵی له‌كه‌ركوكدا له‌ڕووی یاساییه‌وه‌، پێش هه‌موو شتێك، پێویستی به‌گۆڕانكاری‌و پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌یاسای ده‌سته‌ی كێشه‌كانی موڵكدارێتیدا، وتیشی: له‌ڕووی ته‌شریعییه‌وه‌ ده‌بێت هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 13ی تایبه‌ت به‌كێشه‌كانی موڵكدارێتی له‌عیراق بدرێت، له‌وڕووه‌شه‌وه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراقدا وه‌كو لیژنه‌كانی یاسایی‌و كۆچ‌و كۆچه‌ران، له‌سه‌ر پرسی كاراكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موڵكدارێتی له‌عیراقدا له‌گه‌ڵ عه‌لا ساعدی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موڵكدارێتی كۆبووینه‌ته‌وه‌و گفتوگۆكراوه‌ له‌باره‌ی میكانیزمی كاراكردنه‌وه‌ی كاری ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌قۆناغی ئێستاداو به‌كاراكردنه‌وه‌ی كاری ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موڵكدارێتیش، فاكته‌رێكی كاریگه‌ر ده‌بێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ته‌واوی پارێزگاكاندا، ئه‌وه‌ش به‌نده‌ به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 13ی تایبه‌ت به‌كێشه‌كانی موڵكدارێتی له‌عیراق، كه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ بكرێت و پاشان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

یه‌كڕیزیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان
ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌وه‌شی وت: هه‌نگاونانی یاسایی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك، پێویستی به‌دروستكردنی فشاره‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موڵكدارێتی له‌عیراقدا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پێویستی به‌ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی سیاسییه‌‌و پێویستیشه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان هاوكارو هه‌ماهه‌نگبن‌و به‌رگریی له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موڵكدارێتی بكه‌ن، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌”یه‌كێك له‌كاره‌ گرنگه‌كان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌فدێك بنێرێته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كۆی گرفته‌كانی په‌یوه‌ست به‌كێشه‌كانی موڵكدارێتی له‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌كه‌ركوكدا”.

هه‌وڵه‌كان چڕبكرێنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ڕووی ته‌نفیزییه‌وه‌ پێویست ده‌كات كورد هه‌وڵه‌كانی چڕبكاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، له‌وانه‌ش پرسی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كان، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی بڕگه‌كانی ماده‌ی 140ی ده‌ستووره‌وه‌، له‌و بواره‌شدا كورد ده‌توانێت كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 29ی ساڵی 2012ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بكات، كه‌ له‌سه‌رده‌می نوری مالكی ده‌رچووه‌و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ش زۆربه‌ی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌پارێزگای كه‌ركوك چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

رێكه‌وتنی سیاسی پێویسته‌
له‌كۆتایی قسه‌كانیشیدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌”ده‌رئه‌نجام ئه‌م هه‌نگاوانه‌ پێویسته‌ له‌هه‌نگاوی حزبی و فه‌ردییه‌وه‌ بكرێنه‌ هه‌نگاوی باڵاو له‌ڕێگه‌ی رێكه‌وتنی سیاسییه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان بخرێنه‌سه‌ر رێچكه‌ی خۆیان و میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌كه‌شیان دیاری بكرێت، به‌وه‌ش هه‌نگاوێك له‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 نزیكمان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و رێگه‌ش ده‌گرێت له‌و لێكه‌وته‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌كه‌وه‌ دروستده‌بن، له‌ نموونه‌ی كێشه‌ی ئه‌و زه‌ویه‌ كشتوكاڵییانه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌سنووری قه‌زاكانی داقوق و خورماتوو، سه‌ریان هه‌ڵداوه‌”.

 244 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*