سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » بێگەرد تاڵەبانی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی ئیمزا كرد

ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران دەكڕدرێتەوە

بێگەرد تاڵەبانی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی ئیمزا كرد

بەگوێرەی گرێبەستێك لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت لە ناوخۆی هەرێم، جگە لەو گەنمەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە‌و لەڕێگای سایلۆكانەوە وەردەگیرێت، ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەلایەن كەرتی تایبەت دەكڕدرێتەوە.

سوودێكی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت
بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ 11/8/2020، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە رێورەسمێكدا لە شای هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری ژمارەیەك لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، گرێبەستی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ئیمزاكردو پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە خستەڕوو.

سەرەتا خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بەو هەنگاوە كە سوودێكی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت و رایگەیاند: پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران پڕۆژەیەكی ستراتیژیە، لە قۆناغی یەكەم پێنج 500 تۆن گەنمی جووتیاران لەلایەن كەرتی تایبەت دەكڕدرێتەوە، ئەویش بەسەرپەرشتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.

سەرمایەی پڕۆژەكە سەدان ملیۆن دۆلارە
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم وتیشی: «ئەم 500 هەزار تۆن گەنمە بۆ ماوەی ساڵێك خووددابینكاری لە ئارد بە هەموو جۆر و پلەكانی، ساوار، بروش، گەنمەكوتا…تد دەكات، هەروەها هەموو ئەو بەرهەمانە قەدەغەدەكرێت، سەرمایەی پڕۆژەكە سەدان ملیۆن دۆلارەو هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنێت‌و پشكی سەرەكی هەلی كارەكان بۆ دەرچووانی بەشەكانی كشتوكاڵییە».

لەبەشێكی تری وتەكانیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئامادەیی حكومەتی هەرێم و وەزاەتی راگەیاند بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە، بۆ ئەمەش سوپاسی وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكانی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی سەرخستنی ئەو هەنگاوە كە لەداهاتوو كاریگەرییەكانی زیاتر دەردەكەوێت.

ئەو پڕۆژە ستراتیژییەی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەكاتێكدایە، ساڵانە حكومەتی عیراق تەنها بڕێكی دیاریكراو لەگەنمی جووتیارانی هەرێم وەردەگرێت‌و بڕێكی زۆری بەرهەمەكەش دەمێنێتەوە، بۆیە لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە، هەزاران تۆن لەگەنمی جووتیارانی هەرێم لەلایەن كۆمپانیاكانەوە وەردەگیرێت‌و رێگە دەگیرێت لە زیانی بەرهەمی جووتیاران.

 204 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*