سەرەکی » ئاراستە » مەکۆکەی باوەسەرحەد پەناگەیەک بۆ لەشکرەکەی شێخ محمودپەڕە 3

مەکۆکەی باوەسەرحەد پەناگەیەک بۆ لەشکرەکەی شێخ محمود

زەردەشت محەمەد

خەڵکی گوندەکان، بەردەوام ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەخزمەتکردن بە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان، ئەوانەی کە لەپێناو ڕزگارکردنی کوردستان لەدەستی دوژمنان دامەزراون، ئەم خزمەت و قوربانی دانەیان وەنەبێ تەنها لەشۆڕشەنوێیەکاندا بوبێت، بەڵکو هەر لەکۆنەوە بێ سڵەمینەوە لەزەبرو زەنگی داگیرکەران توانیویانە خۆیان یەک بخەن و دژ بەداگیرکەران بوەستنەوە، یەکێک لەوشۆڕشە گەورانەی کە مێژوی کورد زۆر بەگرنگییەوە باسی لێوە کوردووە، شۆڕشی شێخ محمودی نەمرە، کە دژ بەداگیرکەرانی ئینگلیز لەکوردستاندا دروست بوەو بەشێکی گەورە لە پاڵپشتی کەرانی ئەم شۆڕشە، جافەکانی گەرمیان و کوێستان بون، کە بەگیان وماڵی خۆیان لەپێناو ئازادیدا قوربانی زۆریان داوەو مێژوو ئەو ڕاستیەی بۆ گێڕاوینەتەوە. جەفەکان لەگەرمیان ئێستاش شانازی بەو خەباتەی باوباپیرانیانەوە دەکەن و ئەوشوێنانەشی کە لەشکری شێخ محمود وەک پەناگەیەگ دژبەئینگلیز بەکاریان هێناوە وەک شوێنێکی پیرۆز و مێژوی لێی دەڕوانن، یەکێک لەو شوێنانەی کە بەشێک لەسوپاکەی شێخ محمود، ڕۆژانەو بەتایبەت دوای زاڵبونی ئینگلیز و دەستگیرکردنی شێخ بەکاریان هێناوە، (مەکۆی باوە سەرحەدە) ئەم مەکۆیە دەکەوێتەباشوری گوندی (قولیجانی سەرحەد) لەگەرمیان، ڕۆژگارێک بەشێک لەچەکدارانی شۆڕشەکەی شێخ هاتونەتە گەرمیان و لێرەوە ڕۆژانە بۆسەیان بۆ ئینگلیزەکان و پۆلیسی ئەوکاتەی حکومەتی عێراق داناوە کەدژ بەکورد جوڵاونەتەوەو زەبری کوشندەیان لێداون و دواجار بۆ خۆحەشاردانی خۆیان و ئەو دەستکەوتانەی کە لەو جەنگانەدا دەستیان بەسەردا گرتووە، پەنایان بردووە بۆ ئەو جێگەیەی کە ناودەبرێت بە (مەکۆکەی باوەسەرحەد)

حەمەساڵەح قادر گوڵخاس: یەکێک لەو کەسانەی کە خەڵکی گوندی قولیجانی سەرحەدەو لەزاری باوکیەوە بیستویەتی کەیەکێک بووە لەچەکدارانی شێخ محمود، باس لەوڕۆژگارە دەکات کە (خەلیفەیونسی ڕۆغزای) لەگەڵ ژمارەیەک چەکداردا لەوانە (حسەینی کاکە حەمەی قەیتولی، قادر گوڵخاس ، ئەحمەد ڕۆستەم ، ڕۆستەم حەمەڕەش ناوخاس، ساڵەح حەمەڕەش ناوخاس ، عەبداللە عەزیز سەیالی) و ژمارەیکی دیکە لەچەکدارانی جاف، لە نێوان دوس _ کفری دا، ئەدەن بەسەر قافڵەیەکی ئەوکاتەی حوکمەتی عێراق دا و تێکیان دەشکێنێت و تەواوی ئەسڵیحەو ئازوخەکانیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە بەرەو بنەی جاف، تادەگەنە گوندی (قولیجانی سەرحەد) و لەوێ خەلیفە، هەموو ئەو دەستکەوتانەی لەو شەڕەدا دەستی بەسەردا گرتبوو، بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا دابەشی دەکات ، لەتۆڵەی ئەوەدا حوکمەتی ئەوکاتی عێراق، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ خەلیفەو هاوڕێکانی دەردەکات و لەئەنجامی ئەمەشدا هێزێکی زۆری پۆلیس و چەند فرۆکەیەک دەنێرێتە ئاسمانی گوندی قولیجانی سەرحەد و بۆمب بارانی سەروی گوندەکە دەکات کە دەوارنشینەکان لەوێ نیشتە جێ بون، حەمەساڵەح دەڵێت: بەهۆی ئەو بۆمب بارانەوە زۆرینەی دەواری دەوارنشینەکان سوتاوەو هەتا ئێستاش خەڵکی گوند ئەو جێگەیە بە ماڵ سوتاو ناو دەبەنن.

حەمەساڵەح وتیشی: قادر گوڵخاسی باوکم بۆی گێڕاومەتەوە ئەوانیش ئەو دەمە بێ وەڵام نەبون چی بەرامبەر بە پۆلیس و چی بەرامبەر بە فڕۆکەکان هەرچەندە چەکی دەستی ئێمە لە بڕنەو و سێ تیر پێک دەهات و ئەو چەکانە بەرامبەر فڕۆکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبو، بەڵام تاڕادەیەک چەکەکانمان ڕێگری لەوە دەکرد کە فڕۆکەکان بەنزمی بۆمب بارانی خەڵکی گوندەکە بکەن.

حەمەساڵەح قادر باسی لەوەش کرد: یەکێک لە سەربازەکانی هاوەڵی خەلیفە یونس بەناوی ئەحمەد ڕۆستەم سەرحەد لە مەکۆکەی باوە سەرحەدەوە بە بڕنەو تەقەی لە کۆپتەرەکان کردوە، ئەو پۆلیسانەش کە حکومەت ناردبوی بۆ دەستگیرکردنی خەلیفە یونس و هاوەڵەکانی لە نێوان گوندی قولیجان و گوندی زەینەڵ ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە دواتر نوێنەری حکومەت هەست بەشکستی هێزەکەی دەکات، بۆیە بەناچاری داوای ڕێککەوتن لە خەلیفە یونس دەکات و کۆتایی بەشەڕ دێنن و ڕێگەیان پێ دەدات بگەڕێنەوە بۆ پێباز، بەو مەرجەی جارێکی دیکە هەوڵی گرتنی خەلیفەو هاوەڵەکانی نەدەن و زیانیان بۆ خەڵکی ناوچەکەش نەبێت، ئەم سەروەرییەی بەشێک لەسوپاکەی شێخ محمود تائێستاش بووە بەجێگەی شانازی بۆ نەوەی جافەکان و بەتایبەت دانیشتوانی گوندی قولیجانی سەرحەد و ئەو شوێنانەش وەک ناوچەیەکی مێژوی گرنگ لێی دەڕوانن.

print

 203 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*