سەرەکی » مانشێت » عیراق سەردانی وەزیری بەرگریی توركیای بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە

سەرۆكایەتیی كۆمار:كۆتاییهێنان بە پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەریی عیراق

عیراق سەردانی وەزیری بەرگریی توركیای بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە

بەیاننامەی سەرۆكایەتیی كۆمار

سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیای دەكات، بۆ سەر ناوچەی سیدەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:
بە توندی ئیدانەی ئەو پیشێلكارییانە دەكەین كە توركیا لە رێگەی فڕۆكەكانییەوە ناوچەی سیدەكانی لە هەرێمی كوردستان بۆردومان كردووە، ئەو پێشێلكارییە سەربازییە بەردەوامانەی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ سەر خاكی عیراق و سەرپێچییەكی روون و ئاشكراشە بۆ یاسا و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندیی نیازپاكی دراوسێیەتی، ئێمە ئەم رەفتارە دوژمنكارانە سەرزەنشت دەكەین، كە بووە هۆی شەهیدكردنی ژمارەیەك هاووڵاتی بێتاوان و ئەفسەران لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور، هاوكات داوای دەستبەجێ راگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و دیالۆگ و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەكەین، بۆ چارەسەركردنی كێشە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە، كە ببێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.

شەهیدان بەر رەحمەتی یەزدان بكەون و ئارامی و سەبووریش بۆ كەسوكاریان و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

وتەبێژی فەرمی سەرۆك كۆمار

بۆردومانكردنی ناوچەی سیدەكان لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە لە دوو رۆژی رابردوودا، ناڕەزایی ناوخۆیی ‌و عەرەبیی لێكەوتەوە.

عیراق: پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا سەردانی وەزیری بەرگریی توركیای بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە ‌و بە توندی ئیدانەی بۆردومانەکەشی كرد.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق راشیگەیاند: توركیا سەروەریی خاكی عیراقی بەزاندووە، كە پێچەوانەوەی تەواوی بنەما نێودەوڵەتییەكانە ‌و دووبارەبوونەوەی ئەو رەفتارانە و وەڵام نەدانەوەی داواكارییەكانی عیراق، وادەكات پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بكەین.

كۆمكاری وڵاتانی عەرەب: دژی بنەما نێودەوڵەتییەكانە
دوێنێش كۆمكاری وڵاتانی عەرەب ‌و پەرلەمانی عەرەبی بۆردومانەكەی توركیایان بۆ سەر ناوچەی سیدەكان بە توندی ئیدانەكرد. لای خۆیەوە، ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب ئیدانەی پێشێلكارییە چەندبارەكانی توركیای كرد بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق، كە دژی بنەما نێودەوڵەتییەكان ‌و پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باشە.

سەرچاوەیەكیش لە كۆمكارەكە رایگەیاند، كە لە پێناوی بەرگرتن لە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق ‌و پاراستنی سەروەری ‌و ئاسایش ‌و سەقامگیرییەكەی، كۆمكاری وڵاتانی عەرەب پشتیوانی لە هەر هەنگاوێكی عیراق دەكات، كە لەو رووەوە دەینێت.

پەرلەمانی عەرەب: پێشێلكاریی چەندبارەیە بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق
هەروەها میشعل بن فەهم سەلمی سەرۆكی پەرلەمانی عەرەب بە توندی ئیدانەی بۆردومانەكەی توركیای كرد ‌و جەختیكردەوە، كە ئەوەی توركیا دەیكات، دەستدرێژییەكی ئاشكرا ‌و پێشێلكاریی سەربازی چەندبارەیە بۆ سەر سەروەریی خاكی عیراق ‌و بنەماكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و عورفە نێودەوڵەتییەكان ‌و پێشێلكاریییەكی ئاشكرای بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ‌و بێڕێزییە لە بەرامبەر پرەنسیپی دراوسێیەتی.

 228 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*