سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شه‌هاب حسێنی پیاوه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كه‌ی سینه‌مای ئێرانی

شه‌هاب حسێنی پیاوه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كه‌ی سینه‌مای ئێرانی

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

شه‌هاب حسێنی «تنكابنی» ساڵی 1974، له‌ تاران له‌ دایكبووه‌، نۆبه‌ره‌ی خێزانه‌كه‌یه‌تی و یه‌ك برا و دوو خوشكی هه‌یه‌، ئه‌سڵ و فه‌سڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ «تنكابنی» مازنده‌ران. به‌ مناڵیی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا چه‌ند ساڵێك له‌ «خوڕه‌م ئاباد» ژیاوه‌. له‌ زانكۆی تاران له‌ به‌شی ده‌روونزانیی وه‌رگیراوه‌، پاشان به‌ مه‌به‌ستی سه‌فه‌ركردن بۆ كه‌نه‌دا وازی له‌ زانكۆ هێناوه‌. چالاكی شه‌هاب حسێنی به‌ بێژه‌ری له‌ رادیۆ ده‌ستیپێكرد و پاشان له‌ ته‌له‌فزیۆن درێژه‌ی به‌ كاره‌كه‌ی دا. دواتر چووه‌ ناو درامای ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ و له‌وێوه‌ بۆ شانۆ و سینه‌ما و ده‌رهێنان، ئێستاش شه‌هاب حسێنی كه‌ ته‌مه‌نی چل و شه‌ش ساڵه‌ و خه‌رمانێك به‌رهه‌می هه‌یه‌ له‌ كار و چالاكییه‌كانی به‌رده‌وامه‌ له‌ دراما و فیلم و شانۆگه‌ریی و ده‌رهێناندا. له‌م ژماره‌یه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا پێمان باشبوو ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ی سینه‌مای ئێران به‌ خوێنه‌رانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئاشنا بكه‌ین.

له‌ دوای په‌خشكردنی درامای شه‌هره‌زاد كه‌م كه‌س هه‌یه‌ له‌ كوردستان ناوی شه‌هاب حسێنی نه‌بیستبێ، كه‌ زۆرتر به‌ «قوباد» ناسراوه‌، چونكه‌ له‌ درامای شه‌هره‌زاددا رۆڵی قوبادی بینیووه‌ و رۆڵه‌كه‌ی زۆر له‌ دڵی بینه‌راندا جێی خۆی كردۆته‌وه‌. شه‌هاب حسێنی ئه‌كته‌رێكی ناوداری ئێرانییه‌ به‌شداری له‌ چه‌ندین دراما و فیلمدا كردووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پاڵه‌وانه‌كانی شاشه‌ی تیڤییه‌كانی ئێران و له‌سه‌ر ئاستی دنیاش به‌ناوبانگه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌.

شه‌هاب حسێنی ئه‌كته‌ر و سینه‌ماكاری ناوداری ئێرانی كه‌ له‌ بواری هونه‌ری گۆرانیشدا شاره‌زایی هه‌یه‌. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ تاران له‌ دایكبووه‌، ساڵی 1996 له‌ ته‌مه‌نی بیست و دوو ساڵیدا ژیانی خێزانی له‌گه‌ڵ «پریچهر قنبری» پێكهێناوه‌ و خاوه‌نی دوو كوڕه‌ به‌ ناوی «ئه‌میر عه‌لی و محه‌مه‌د ئه‌مین» شه‌هاب خوێندنی ده‌ستیپێكردووه‌ و دوای‌ ته‌واو كردنی‌ قۆناغی‌ ئاماده‌یی چووه‌ته‌ زانكۆی تاران و له‌ به‌شی ده‌روونزانی ده‌ستی‌ به‌خوێندن كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی ته‌واو نه‌كردووه‌، ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و بواره‌ بووه‌ و به‌ ئاره‌زووی دڵی خۆی دوای خه‌ون و خولیاكانی خۆی كه‌وتووه‌ كه‌ هونه‌ری‌ سینه‌مایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

شه‌هاب حسێنی سه‌ره‌تا به‌ هونه‌ری شانۆ ده‌ستی پێكردووه‌ و وه‌ك بێژه‌ریش له‌ رادیۆ كاری كردووه‌. دوای ساڵانێك له‌ كاركردن بۆ یه‌كه‌م جار له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ به‌رنامه‌ی ئۆكسجین. ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ رێگه‌ی‌ بۆ شه‌هاب حسێنی خۆشكردووه‌ تاوه‌كو هه‌نگاوێكی‌ گه‌وره‌تر بنێ بۆ دنیای‌ دراما و سینه‌ما. له‌ ساڵی 2000 به‌شداری له‌ یه‌كه‌م كاری ته‌له‌فزیۆنیدا كردووه‌ كه‌ زنجیره‌ درامای «دوای باران» بوو. شه‌هاب حسێنی لێره‌وه‌ ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه‌ و ورده‌ ورده‌ شوێن و پێگه‌ی فراوانتر بووه‌ تا به‌و ئاسته‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ئێستا وه‌كو ئه‌كته‌رێكی جیهانی ناسراوه‌.

له‌ دوای زنجیره‌ درامای «دوای باران» كار له‌ دوای كار، به‌رهه‌م له‌ دوای به‌رهه‌م له‌ چه‌ندین درامادا رۆڵی بینیوه‌ و تا دێت ناو و ناوبانگی زیاتر ده‌بێ. له‌ ساڵی 2009 به‌ رۆڵی «عه‌باس بابائی» له‌ زنجیره‌ درامای «حه‌زی فڕین»دا بەشداری کردوە. ئه‌م درامایه‌ وێسگه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بووه‌. دواتر له‌ درامای «تای سارد» و «خولگه‌ی پله‌ سفر» دا به‌شداری كرد و له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا له‌ درامای شه‌هره‌زاد دا به‌شداری كرد كه‌ وێسگه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی شه‌هاب حسێنی بوو، كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو هه‌م له‌ناو ئێران و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ باشووری‌ كوردستانیش ئه‌م زنجیره‌ درامایه‌ بینه‌رێكی‌ زۆری‌ هه‌بوو، كه‌ به‌م دواییانه‌ په‌خشكرا، هه‌ر لێره‌وه‌ بینه‌ری‌ كورد ئاشنای‌ قوباد ناوێكی هه‌ڵكه‌وتوو بوو. كه‌ شه‌هاب حسێنی بوو.

شه‌هاب حسێنی له‌گه‌ڵ درامادا ورده‌ ورده‌ چووه‌ته‌ نێو دنیای سینه‌ماوه‌ و له‌ چه‌ندین فیلمدا رۆڵی بینیوه‌. بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ فیلمی «رخساره‌« دا رۆڵی بینیوه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای سینه‌مای شه‌هاب حسێنی بوو، لێره‌وه‌ هاتووه‌ته‌ نێو دنیای‌ سینه‌مای ئێرانییه‌وه‌ و رۆڵه‌ جوان و سه‌ركه‌وتووه‌كانی وای كردووه‌ به‌ زوویی له‌ دڵی بینه‌ردا جێگای ببێته‌وه‌ و یه‌ك له‌ دوای یه‌ك له‌ چه‌ندین فیلمدا رۆڵی بینیوه‌. تا كار به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی ئێرانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادیدا كاربكات. كه‌ له‌ فیلمی‌ «جیابوونه‌وه‌ی‌ نادر له‌ سیمین» به‌شداری كردووه‌ له‌ رۆڵی (حجه‌ت)دا. كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فیلمه‌ باشه‌كانی‌ دنیای‌ سینه‌مای‌ ئێرانی و له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیش به‌ یه‌كێك له‌ فیلمه‌ باشه‌كان داده‌نرێ. ئه‌وانه‌ی‌ له‌م فیلمه‌ی‌ ئه‌سغه‌ر فه‌رهادیدا رۆڵیان بینیوه‌، له‌یلا حاتمی‌، شه‌هاب حسێنی، سارینا فه‌رهادی‌، ساره‌ به‌یات و… جیابوونه‌وه‌ی‌ نادر له‌ سیمین چیرۆكی‌ نه‌هامه‌تی‌ خێزانێكی ئێرانییه‌، چیرۆكی‌ كێشه‌ خێزانییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ ئێرانه‌. كه‌ باس له‌ ژن و مێردێك ده‌كات كێشه‌یان هه‌یه‌ و كار گه‌یشتووه‌ته‌ مه‌حكه‌مه‌ و مه‌حكه‌مه‌كاری‌ و جیابوونه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی‌ وای‌ كردووه‌ له‌یه‌ك جیاببنه‌وه‌ باوكی پیاوه‌كه‌یه‌ كه‌ پیاوێكی‌ په‌ككه‌وته‌یه‌ له‌و ماڵه‌دا بووه‌ به‌ كێشه‌ی‌ ئه‌و ژن و مێرده‌، ژنه‌كه‌ ئاماده‌ نییه‌ خزمه‌تی‌ خه‌زوری‌ بكات. ئه‌م فیلمه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی‌ وه‌رگرتووه‌.

رۆڵی شه‌هاب حسێنی له‌ درامای ئێرانیدا
ئه‌و درامایانه‌ی شه‌هاب حسێنی رۆڵی تێدا بینیون بریتین له‌مانه‌: (دوای باران) له‌ ساڵی 2001، به‌رهه‌م هاتووه‌. درامای (پۆلیسی گه‌نج) ساڵی 2002. درامای (تای سارد) ساڵی 2004. درامای (خولگه‌ی پله‌ سفر) ساڵی 2007. درامای (سه‌مای فڕین) ساڵی 2008. درامای (حه‌زی فڕین) ساڵی 2012. درامای (شه‌هره‌زاد) ساڵی 2015 كه‌ رۆڵی قوبادی تێدا بینی.

شه‌هاب حسێنی له‌ فیلمدا:
فیلمی (ئه‌و ژنه‌ی بێده‌نگه‌) و فیلمی (رخساره‌) و فیلمی (ادمك ها) به‌رهه‌می‌ ساڵی 2002 فیلمی (پێنجه‌مین كاردانه‌وه‌) و فیلمی ( زه‌هری هه‌نگوین) ساڵی 2003 فیلمی (مۆمی به‌ربا) ساڵی 2004 فیلمی (باخی خوری) و فیلمی (كوشتنی ئۆنلاین) و فیلمی (رزگاركردن له‌ هه‌شت و 20 خوله‌ك) و فیلمی (گێژاو) چوار به‌رهه‌می‌ ساڵی 2005 فیلمی (منداڵی هه‌میشه‌یی) ساڵی 2006 فیلمی (نیلوفه‌ر) و فیلمی (ژیان) ساڵی 2008 فیلمی (ده‌رباره‌ی ئێلی) و فلیمی (سوپه‌رستار) و فیلمی (ئاڵاكانی قه‌ڵای كاوه‌) و فیلمی (دڵشكاو) به‌رهه‌مه‌كانی‌ ساڵی 2009 فیلمی (رۆیشت له‌ ته‌م) و فیلمی ( ئه‌ناهیتا) و فیلمی (ئه‌فریقا) ساڵی2010 فیلمی (جیابوونه‌ی نادر له‌ سیمین) و فیلمی (كۆتا فیكه‌) و فیلمی (ده‌وروبه‌ری شاڕێ) و فیلمی (سێبه‌ری تۆقین) و فیلمی (ماڵئاوا) و فیلمی (وه‌ره‌ له‌گه‌ڵ من ) ساڵی 2011 فیلمی (من و زیبا) و فیلمی (كه‌سێك ده‌یه‌وێ قسه‌ت له‌گه‌ل بكات) و فیلمی (ماڵی باوكان) و فیلمی (ششش كچان هاوار ناكه‌ن) ساڵی 2012 فیلمی (تابلۆی حه‌وز) ساڵی2013 فیلمی (پێنج ئه‌ستێره‌) و فیلمی (خه‌یاڵی شیرین) و فیلمی (ژووری ناوه‌ند) ساڵی 2014 فیلمی (سه‌رده‌می خۆشه‌ویستی) ساڵی 2015، فیلمی (چوارشه‌ممه‌) و فیلمی (براكه‌م خه‌سره‌و) و فیلمی (فرۆشیار) و فیلمی (كۆتا تاقیكردنه‌وه‌) ساڵی 2016 فیلمی (غوڵام ) و فیلمی (پڕوپاگه‌نده‌) ساڵی 2017 فیلمی (نه‌بات) و فیلمی (فلته‌ر) ساڵی 2019 فیلمی (ئه‌مشه‌و) ساڵی2020.

شه‌هاب حسێنی و ده‌رهێنان:
شه‌هاب حسێنی ساڵی «2013» به‌ ده‌رهێنانی فیلمی «دانیشتووی نهۆمی ناوه‌ڕاست» ده‌ستی به‌ ده‌رهێنان كرد، كه‌ چیرۆكی پیاوێك ده‌گێڕێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ دێته‌ ئه‌پارتمانێكی تازه‌ كۆمه‌ڵی رووداو له‌ ژیانیدا رووده‌ده‌ن. ساڵی «2015» به‌هاوكاری «عه‌لیڕه‌زا نسایی و سینا ئازین» كورته‌ فیلمی «وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم»ی ده‌رهێنا، تازه‌ترین ئیشی ده‌رهێنانیشی ده‌رهێنانی فیلمی «دانیشتووانی ناشوێن»ه‌.

خه‌ڵاته‌كانی شه‌هاب حسێنی:
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری له‌ شازده‌یه‌مین فێستیڤاڵی حافز به‌ده‌ستهێناوه‌. پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر له‌ 27 هه‌مین فێستیڤاڵی فه‌جری نێوده‌وڵه‌تی. خه‌ڵاتی‌ رۆشنبیریی و هونه‌ری فه‌ره‌نسی پالێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر له‌ 61 هه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌رلین. پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر له‌ فێستیڤاڵی لیسبۆنه‌ فلیم له‌ ساڵی 2014. پالێوراوه‌ بۆ باشترین ئه‌كته‌ر له‌ فێستیڤاڵی كان له‌ ساڵی 2016. له‌ ساڵی 2017 پالێوراوه‌ بۆ باشترین ئه‌كته‌ر له‌ 17هه‌مین فێستیڤالی حافز.

سه‌رچاوه‌:
ویكی پیدیای عه‌ره‌بی، ویك پدیا دانشنامه‌ی ازاد.

print

 281 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*