سەرەکی » ئابووری » كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەر

دەستوور بكرێت بە بنەما

كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەر

قۆناغی چەقبەستووی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عیراق كە بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە سەریهەڵدا، بەرەو چارەسەربوون دەڕوات‌و هەنگاوەكان بۆ توانەوەی بەستەڵەكەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەدیار دەكەون، ئەوەش دوای دەركردنی چەند بڕیارێك لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كە كاریگەری تەواوی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

چارەسەری كێشەكان
ئیحسان شەمەری راوێژكاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی:»رازیبوونی هەرێمی كوردستان بەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق بكرێتە بنەمای سەرجەم هەنگاوەكان بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان، وایكردووە حكومەتی عیراقیش بۆ هەمان مەبەست چەند بڕیارێك دەربكات كە كاریگەری تەواویان دەبێت لە چارەسەری كێشەكاندا».
شەمەری، بڕیارەكانی حكومەتی عیراق لەچەند خاڵێكدا كۆكردۆتەوە كە بریتین لە: بەڕێوەبردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران‌و توركیا، پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەولێرو بەغدا بەمەبەستی رێكخستنەوەو سەرپەرشتیكردنی هەموو فڕۆكەخانەو گومرگ‌و دەروازەكان، لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكی تر بۆ وردبینیكردنی ناوی فەرمانبەرانی هەردوو كەرتی پەروەردەو تەندرووستی هەرێم‌و دابەشكردنی مووچەی سەرچاوە ئاوییەكان‌و بانگهێشتكردنی لێپرسراوی ئەو فەرمانگانەی سەر بە حكومەتی عیراقن‌و لە هەرێمی كوردستان دەوام دەكەن.

دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران
هاوكات، مەعن سەعدی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانیش لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:»پێویستە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی لەسەرجەم ناوچەكاندا لە زاخۆوە تا فاو بسەپێندرێت».
لای خۆشیەوە، سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا تەئكیدی كردۆتەوە، لە گرنگی كردنەوەی رێگاكان بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییە كاراكان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاندوە: پشت دەبەستن بەلیژنەكان بۆ تاوتوێكردنی بابەتی بیرە نەوتییەكان‌و سەرچاوە ئاوییەكان‌و دەروازە سنورییەكان‌و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران. روونیشیكردۆتەوە: هیچ وەفدێكی هەرێم تا ئێستا سەردانی بەغدای نەكردووە.

فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی
حەدیسی لەو لێدوانەیدا ئاماژەشی كردووە، فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی تا جێبەجێكردنی داواكاریی حكومەتی فیدراڵی بۆ كۆنترۆڵكردنیان بەردەوام دەبێت، بەوپێیەی ئەو فڕۆكەخانانە دوو دەروازەی سنوورین‌و تایبەتن بەڕەوشی ئاسایشی نیشتمانی.
وتەبێژی حكومەتی عیراق وتیشی: «تائێستا هەرێمی كوردستان نەوت لەو كێڵگانەی لەژێر كۆنترۆڵیدایە هەناردە دەكات، كە هیچ شەفافیەتی تێدا نییەو باشترین چارەسەریش ئەوەیە كە هەناردەكردنەكان بەپێی دەستور بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵی، تا لەو رێیەشەوە بتوانن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكەن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*