سەرەکی » راپۆرت » لە ئێران خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌ و وڵاتـانی جیهانیش هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌یه‌

لە ئێران خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌ و وڵاتـانی جیهانیش هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌یه‌

بۆ پێنچه‌مین رۆژ، خۆپیشادان له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی ئێراندا به‌تایبه‌تی له‌تارانی پایته‌خت به‌رده‌وام بوو، ئاژانسه‌کانی جیهانیش، باس له‌ کوژرانی 15 که‌س و ده‌ستگیرکردنی نزیکه‌ی 400 که‌س ده‌که‌ن له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانه‌وه‌. ئه‌مریکاو به‌ریتانیاش پشتگیری خۆپیشاندانه‌کان ده‌که‌ن و ئه‌وروپاش داوای مافی خۆپیشانده‌ران ده‌کات، گه‌رچی روسیایه‌ داوای هێورکردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌که‌ ده‌کات. ئێرانیش هه‌ریه‌ک له‌ئه‌مریکا و به‌ریتانیاو سعودیه‌ تاوانبار ده‌کات.

خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌
ئاژانسه‌کانی جیهان باسیان له‌ به‌رده‌وام بوونی خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵكی ئێران کرد، که‌له‌ رۆژی پێنچ شه‌ممه‌ی پێشوو سه‌ریهه‌ڵدا، زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کانیش له‌ شه‌ودا ده‌کرێت و له‌زۆربه‌ی شاره‌کانیشدا، له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان توندوتیژی تێکه‌وت. که‌ناڵی فرانس 24 ی فه‌ره‌نساش له‌هه‌واڵێکدا رایگه‌یاند: هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی فئێران، شه‌وی شه‌ممه‌ نزیکه‌ی 400 که‌سیان ده‌ستگیرکردووه‌.

هۆکاری خۆپیشاندانه‌کان
له‌یه‌که‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌، خه‌ڵكی دژی گه‌نده‌ڵیی و بێکاری و هه‌ژاری ده‌نگیان به‌رزکرده‌وه‌. رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیاش له‌راپۆرتێکدا ده‌ڵێت: هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌، به‌رزبوونه‌ی رێژه‌ی بێکارییه‌ که‌ ده‌گاته‌ 12.4% به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌کانی ئێران. هه‌رچه‌نده‌ سه‌نته‌ره‌ بیناییه‌کان باس له‌ رێژه‌یه‌کی زۆرتر ده‌که‌ن و ده‌ڵێن بێکاری ده‌گاته‌ 20% . له‌لایه‌کی تره‌وه‌ به‌رزبوونه‌ی نرخی شمه‌ک به‌تایبه‌تی خۆراک، هۆکارێکی تری ئه‌م خۆپیشادانانه‌. جگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ زۆربه‌ی ده‌زگا ئیدارییه‌کانی حکومه‌ت دا.

رۆحانی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات
له‌لای خۆشیه‌وه‌ حه‌سه‌ن رۆحانی له‌ وته‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیدا رایگه‌یاند: ئه‌وان دژی خۆپیشادان و ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات نین، به‌ڵام دژی ئاژاوه‌چیی و تێکده‌رانن. وتیشی: گه‌لی ئێران وه‌ڵامی خۆی ده‌بێت بۆ ئه‌و ئاژاوه‌چیی و له‌یاسا ده‌رچوانه‌.

دوژمنانی کۆماری ئیسلامی
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ عه‌لی شامخانی ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئێران رایگه‌یاند: تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هانی توندوتیژی ده‌ده‌ن. وتیشی: زۆربه‌ی هاشتاگ و نامه‌ ئه‌لکترۆنییه‌کان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه‌ دێن به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌. ئه‌مه‌ناش به‌ دوژمنی ئێران داده‌نرێن.

کوژرانی پۆلیسێک و برینداربوونی سیانی تریش
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ سه‌عید مه‌هدی، وته‌بێژی پۆلیسی ئێرانی به‌ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێرانی رایگه‌یاند: چه‌ند ئاژواچییه‌ک له‌ شاری نه‌جه‌ف ئاباد، ته‌قه‌یان له‌هێزێکی پۆلیسی کردووه‌و له‌ئه‌نجامدا پۆلیسێک کوژراوه‌و سیانی تریش برینداره‌.
هه‌ڵوێستی جیهان
خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مجاره‌ی‌ ئێران به‌پێچه‌وانه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ساڵی 2009 ته‌واو جیاوازه‌، به‌شێکی زۆری ده‌وڵه‌تان پشتگیری له‌ خۆپیشانده‌رانی ئێران ده‌که‌ن.

ئه‌مریکا
ئه‌مریکا یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت بوو که‌ پشتگیری خۆپیشانده‌‌رانی ئێرانی کرد، ئه‌ویش له‌زاری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه،‌ کاتێک له‌سه‌ر واڵه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: له‌کۆتاییدا گه‌لی ئێران هه‌ڵوێستێکی حه‌کیمانه‌یان ده‌ربڕی ، کاتێک سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌که‌یان ده‌دزرێت و بۆ گرووپه‌ تیرۆریسته‌کانی ناوچه‌که‌ خه‌رج ده‌کرێت. وتیشی: ئه‌مریکا پشتگیریان ده‌کات و به‌ووردیشه‌وه‌ چاودێری ره‌وشه‌که‌ ده‌کات. لای خۆشیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌یانێکدا رایگه‌یاند: داوا له‌هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهان ده‌که‌ین، که‌ پشتگیری خۆپیشانده‌رانی ئێران بکه‌ن، بۆ کۆتایی هێنان به‌ گه‌نده‌ڵیی و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی. له‌هه‌مانکاتیشدا، به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیرکردنی خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێزه ‌ئه‌منییه‌کان ده‌که‌ین.

به‌ریتانیا
بۆریس جۆنسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌سه‌ر واڵه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: داوا له‌حکومه‌تی ئێران ده‌که‌م که‌ گوێ بۆ داخوازی هاوڵاتیانی بگرێت و دانوستان له‌گه‌ڵیان بکات. وتیشی: پێویسته‌ حکومه‌تی ئێرانی پارێزگاری له‌مافی ئازادی راده‌ربرین و خۆپێشاندان بۆ هاوڵاتیانی ئێران دابین بکات.

ئه‌وروپا داوای مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ ده‌کات
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ فیدریکا مۆگرینی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ به‌یانێکدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ کردووه‌و داوامان لێکردوون، که‌مافی ئازادی راده‌ربرین و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.

روسیا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیاش له‌به‌یانێکدا هه‌ڵوێستی روسیای راگه‌یاند: ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی ئێرانه‌ و هیواداریشین که‌ ره‌وشه‌که‌ ئاڵۆزتر نه‌بێت و هه‌نگاو بۆ توندوتیژیی و خوێنڕشتن نه‌نێت. راشیگه‌یاند: ئێمه‌ دژی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کین و پێـمان وایه‌، ئه‌مه‌ هێنده‌ی تر ره‌وشه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌کات.

ئه‌ڵمانیا
ئه‌ڵمانیاش له‌زاری زیگمار گابریل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند: داوا له‌ حکومه‌تی ئێرانی ده‌که‌ین، که‌ رێز له‌ مافی خۆپیشانده‌ران بگرێت، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ مافی کۆبونه‌وه‌و ئازادی راده‌ربرین به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه.

خۆپیشاندان له‌ ئه‌و‌روپا و ئه‌مریکا
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ له‌زۆربه‌ی شاره‌کانی ئه‌وروپا وئه‌مریکا به‌تایبه‌تی له‌ پاریس و به‌رلین و ڤیه‌ننا و بروکسێل و واشنتۆن، هاوڵاتییه‌ ئێرانییه‌کان خۆپیشاندانیان کردو داواشیان له‌جیهان کرد، که‌پشتگیری خۆپیشانده‌رانی ئێران بکه‌ن.

 623 جار بینراوە