سەرەکی » راپۆرت » سعودیه‌،ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ باڵا لە كاره‌كانیان ده‌رده‌كرێن

دوانیان له‌ خانه‌واده‌ی‌ شاهانه‌ن

سعودیه‌،ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ باڵا لە كاره‌كانیان ده‌رده‌كرێن

ئا: كوردستانی‌ نوێ‌

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ باڵای‌ سعودیه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانیان ده‌رده‌كرێن، دوان له‌وانه‌ش له‌ خانه‌واده‌ی‌ شاهانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ن.

به‌پێی‌ فه‌رمانێكی‌ شاهانه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2020 ده‌ركرا، شا سه‌لمان، میر فه‌هد بن توركی‌ له‌ پۆستی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن، ده‌ركردووه‌. له‌ هه‌مان شێوه‌ عه‌بدولعه‌زیز بن فه‌هدی‌ كوڕیشی‌ دوورخستۆته‌وه‌ له‌ پۆستی‌ جێگری‌ میری‌ ناوچه‌ی‌ جه‌وف.

ئه‌و دوو پیاوه‌ كه‌ چوار به‌رپرسی‌ ترییان له‌گه‌ڵدایه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت له‌سه‌ر «مامه‌ڵه‌ داراییه‌ گوماناوییه‌كان» له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌، ئه‌مه‌ش له‌ فه‌رمانه‌ شاهانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌ و هه‌روه‌ها تێیدا هاتووه‌، ئه‌و چوار كه‌سه‌ی‌ تر كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، له‌ یوسف بن راكان بن عندی‌ عتێبی‌، و محه‌مه‌د بن عه‌بدولكه‌ریم بن محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، و فه‌یسه‌ڵ بن عه‌بدولڕه‌حمان بن محه‌مه‌د عجلان و محه‌مه‌د بن عه‌لی‌ بن محه‌مه‌د خه‌لیفه‌، پێكدێن.

ده‌سته‌ی‌ چاودێری‌ و بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ سعودیه‌، رێكاره‌كانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ده‌گیرێنه‌به‌ر كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌و سه‌ربازیی‌ و مه‌ده‌نیانه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ فه‌رمانه‌ شاهانه‌كه‌دا، فه‌ریق روكن موتڵه‌ق بن سالم عه‌زیمه‌، بۆ پۆستی‌ جێگری‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی‌ گشتی‌ راسپێردراوه‌، تا كار و به‌رپرسیارێتی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ئه‌ستۆبگرێت.

هه‌ڵمه‌تی‌ جێنشینی‌ شاهانه‌ له‌دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌
محه‌مه‌د بن سه‌لمان، فه‌رمانڕه‌وای‌ راسته‌قینه‌ له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، پێشتر هه‌ڵمه‌تێكی‌ ده‌ستپێكرد كه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ حكومه‌تدا وه‌سفكرا. به‌ڵام ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن، ئامانج له‌ ده‌ستگیركردنی‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ده‌وڵه‌ت، راماڵینی‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌یه‌ كه‌ دێنه‌ ڕێی‌ میر محه‌مه‌د بۆ ده‌ستگرتنی‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا.

رۆژنامه‌ی‌ (وۆڵ ستریت)له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا ئاماژه‌ی‌ به‌ ده‌ستگیركردنی‌ سێ‌ كه‌سی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ خاوه‌دای‌ شاهانه‌ كردبوو له‌ سعودیه‌ی‌ كه‌ میر ئه‌حمه‌د بن عه‌بدولعه‌زیز برا بچوكی‌ پادشا، و میر محه‌مه‌د بن نایف جێنشینی‌ پێشووی‌ شاهانه‌یان تێدابوو.

گه‌وره‌ترین رووداو له‌ ساڵی‌ 2017دا بوو كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ ده‌یان كه‌سێتی‌ خانه‌واده‌ی‌ شاهانه‌، و وه‌زیره‌كان، و گه‌وره‌ بازرگانان بوو له‌ ئوتێلی‌ ریتز- كارڵتۆن له‌ ریاز. له‌ دوای‌ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنێك بۆ راستكردنی‌ بڕێك پاره‌ به‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ به‌ 106.7 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، زۆربه‌یان ئازادكران.

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ وڵاته‌كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به‌ 15 مانگ ته‌واوكرد، به‌ڵام رایانگه‌یاند كه‌ حكومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ له‌ڕێی‌ داهاتی‌ نه‌شیاوه‌وه‌ خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن.

له‌ مانگی‌ ئاداریی‌ رابردوو، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌، به‌ تۆمه‌تی‌ په‌سوه‌ت به‌ به‌رتیل و قۆستنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌ گشتییه‌كان بۆ مه‌به‌ستی‌ تایبه‌ت، نزیكه‌ی‌ 300 به‌رپرسی‌ حكومییان ده‌ستگیركرد كه‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیشیان له‌نێواندا بوو.

به‌ڵێنه‌كانی‌ چاكسازیی‌
محه‌مه‌د بن سه‌لمانی‌ ته‌مه‌ن 35 ساڵ، له‌ دوای‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ 2016، له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان ستایشكرا، كاتێك به‌ڵێنیدا زنجیره‌یه‌ك چاكسازیی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا ئه‌نجام بدات كه‌ به‌ ئاراسته‌ تونده‌كانی‌ موحافیزكاریی‌ ناسرا.

میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌، وێڕای‌ ئه‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك ئابڕوچوون ناوبانگیان شێواندووه‌، له‌وانه‌ش كوشتنی‌ جه‌مال خاشقچی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ سعودی‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ریاز له‌ ئیسته‌نبوڵ له‌ ساڵی‌ 2018، و پیلانێك كه‌ ده‌گوترێت بۆ تیرۆركردنی‌ كارمه‌ندێكی‌ پێشووی‌ هه‌واڵگری‌ سعودی‌ له‌ كه‌نه‌دا دانراوه‌.

له‌ هه‌مان كاتدا رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌ی‌ توند بۆته‌وه‌ به‌هۆی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ ململانێكان له‌ یه‌مه‌ن كه‌ سعودیه‌ پشتیوانی‌ له‌ هێزه‌ حكومییه‌كان ده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ ره‌خنه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ خراپی‌ لێده‌گیرێت بۆ ژنه‌ چالاكوانانی‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، وێڕای‌ هه‌ڵگرتنی‌ هه‌ندێك له‌ كۆتوپێوه‌نده‌كان له‌سه‌ر ژنان له‌ سعودیه‌، له‌وانه‌ش پێدانی‌ مافی‌ شۆفێریكردن.

ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست
له‌ مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 2015، محه‌مه‌د بن نایف وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ پێشوو و نزیك له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌مریكا، له‌ پۆستی‌ جێنشینی‌ شاهانه‌ و جێگره‌وه‌ی‌ شا سه‌لمان دیاریكرا و محه‌مه‌د بن سه‌لمانیش كرایه‌ جێنشینی‌ جێنشینی‌ شاهانه‌. به‌ڵام له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2017، شا سه‌لمان فه‌رمانێكی‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ میر محه‌مه‌د بن نایف ده‌ركرد، به‌و شێوه‌یه‌ میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێگه‌ی‌ گرته‌وه‌.

له‌كاتی‌ به‌یعه‌تدانی‌ میر محه‌مه‌د بن نایف به‌ جێنشینی‌ نوێی‌ شاهانه‌، محه‌مه‌د بن سه‌لمان ده‌ستی‌ محه‌مه‌د بن نایفی‌ ماچ كرد و له‌به‌رده‌میدا وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ رێزگرتن خۆی‌ چه‌مانده‌وه‌. وه‌ڵامی‌ محه‌مه‌د بن نایفیش ئه‌وه‌ بوو:»من ئیسراحه‌ت ده‌كه‌م، و تۆش خودا پشتیوانت بێت»، جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ له‌سه‌ركارلادراو له‌ هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی‌ پێشتر هه‌یبوو لادرا، و نیشته‌جێبوونی‌ زۆره‌ملێی‌ به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*