سەرەکی » وتار » دکتۆر لوئەی جاف‌ » ده‌رباره‌ی دوكانی سیاسی

دووربینی

ده‌رباره‌ی دوكانی سیاسی

سیاسەت وەک سیستەم، دینامیکییە، هه‌میشه‌ له‌ جوڵاندایه‌ وەستاو نییە، بۆیە هاوڕێیەتی‌ هەمیشەیی و دوژمنایەتی هەمیشەیی تێدا نییە. دیدی سەدەی نوێ بۆ سیاسەت، بینینێتی وەكو قوتابخانەیەك کە تیایدا فێرئەبین، باشتر رووداوەکان ئەنەلیزە دەکەین، زیاتر و روونتر لە رووداوەکان تێدەگەین، بەگرنگییەوە ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا ئەكەین و لە سەرووی هەمووشی‌ بەپڕۆژەی دیراسه‌كراو کۆمەڵگەو وڵات پێشدەخەین.
ئەمڕۆ لە جیهانی‌ پێشكەوتوو و مۆدێرندا باس لە ئاستی‌ رۆشنبیری‌ و توانای‌ ئامادەكردنی‌ پڕۆژەی‌ سیاسی‌، پڕۆژەی كۆمەڵایەتی‌، پڕۆژەی ئابووری‌ و کلتووری هتد، دەكرێت لە ته‌كلیفكردنی هەر لێپرسراوێكی‌ حزبی‌ یان حكومی‌. به‌واتایه‌كی تر، جێگە نییە لە گۆڕەپانی گشتیدا بۆ خەڵكی‌ ناشارەزاو بێ ئه‌زموون لە ڕووی‌ فیكری‌ و کلتووری گشتییەوە. لە جیهانی‌ پێشكەوتوو و مۆدێرندا باس لە توانای‌ لێكۆڵینەوە و تێگەیشتن لە هەلومەرجی‌ سیاسی‌، ئابووری و سۆسیۆلۆجیای کۆمەڵگە دەكرێت بۆ گەیشتن بەڕاستییەكان و دۆزینەوەی چارەسەری بابەتیانەو زانستیانە بەپێی‌ داتاو زانیاری‌ تەواو بۆ بەدەستهێنانی‌ ئامانجەکان. به‌واتایه‌كی تر، هاویشتنی هه‌نگاوی لۆژیكی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی لۆژیكی.
بەداخێكی‌ زۆرەوە گۆڕه‌پانی سیاسی و بواری گشتی لە هەرێمی كوردستان خەریکە دوور ده‌خرێته‌وه‌ له‌ پڕۆسەی سروشتی پێشخستنی کۆمەڵگە و بیناکردنی دەزگا و دەوڵەت. دیارده‌ی لیست و حزب دروستكردن له‌ كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، له‌جه‌وهه‌ردا پێویستییه‌كی سیاسی نییه‌. بگره‌ ته‌نها‌ دوکانداری سیاسییە، بژێوی پەیداکردن و پاراستنی مه‌كانه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسییه‌ و هیچی تر‌. له‌ڕووی فیكری و فه‌لسه‌فی و قوتابخانه‌ی سیاسییەوە، له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستاندا حزبی چه‌پڕه‌و، راستڕه‌و، سۆسیال دیموكرات، موحافزكار و ئیسلامیی هه‌یه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ خۆیان تاقیكردۆته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و قه‌باره‌یان زانراوه‌. هه‌ڵه‌یه‌ وا بزانین به‌ دروستكردنی حزبی نوێ، گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتووری و فه‌رهه‌نگی دێته‌ به‌رهه‌م. له‌ داهاتوودا گۆڕانكاریی ئه‌گه‌ر به‌دی بكرێت ته‌نها له‌ڕووی شكڵییەوە ده‌بێت نه‌ك له‌ڕووی بنه‌ما و ناوه‌رۆكەوە. كه‌واتە هاووڵاتی ساده‌ چ قازانجێك ده‌كات له‌ دروستبوونی ئه‌و حزب و لیسته‌ نوێیانه‌دا؟ ئایه‌ چ پڕۆژه‌یه‌كی نوێی سیحرییان پێیه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن به‌ سویسرا؟
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرێت، بارەگای حزبە دێرینه‌كان بۆتە دیوەخانی چا خواردنەوە و ململانێی‌ نا تەندروست و دەمارگیریی. ئەمەش وایکردووە لە خەڵکی شارەزا و بەتوانا دوور بکەونەوە لە گۆڕەپانی سیاسی به‌گشتی و به‌شداریكردن له بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی بواری گشتی و خزمەتکردن بەکۆمەڵگە و نیشتمان. ئەوەی‌ ئاشكرایە و دەیبینین، لە هەرێمی کوردستاندا بەپێی پێویست گوێ ناگیرێت لە شارەزا و تەکنۆکراتەکان، رۆشنبیران و هونەرمەندان کە نوخبەی کۆمەڵگەن. ئەگەر سەیری‌ رێژەی وازهێنان، دوورکەوتنەوە و بێزاربوون بکەین لە ژیانی سیاسی لە ماوەی رابردوودا، دەبینین كە رێژەی‌ رۆشنبیران و خاوەن بڕوانامەی‌ بەرز بەشی شێریان بەرکەوتووە. ئەمەش ئەگەر شتێك بگەیەنێت ئەوە دەگەیەنێت كە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دێرینه‌کان به‌ بایه‌خه‌وه‌ وه‌كو جاران گوێ ناگرن و خەڵكی‌ تەكنۆكرات لە خۆیان كۆناكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكانی دروستبوون یان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دیارده‌ی دوكانی سیاسیی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

*نوێنەری یەکێتی لە فەڕەنسا

 333 جار بینراوە