سەرەکی » زانست » چۆن دارستانه‌كان له ‌ئاگر بپارێزین و رزگاریان بكه‌ین

چۆن دارستانه‌كان له ‌ئاگر بپارێزین و رزگاریان بكه‌ین

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

به‌داخه‌وه‌ جارێكی تر سوتانی دارستانی چیای گۆیژه‌، كاره‌ساتێكی زۆر دڵته‌زێن بوو، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سانێك كه‌ گرنگی دره‌خت بزانن له‌ژینگه‌دا، به‌ئاگابن له‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ كردنی تۆوێك تا ده‌بێته‌ نه‌مام، وه‌ چۆنیه‌تی ڕواندن و چاودێری كردنی نه‌مامێك تاده‌بێته‌ دار چه‌نده‌ ماندووبون و خه‌رجی ده‌وێت، بێگومان ئه‌وانه‌ خۆشه‌ویستیان بۆ سروشت و ژینگه‌ هه‌یه‌.

سوتانی پاوان و دارستانه‌كانی كوردوستان، له‌ ئه‌نجامی تۆپ بارارانی داگیركه‌ره‌ شه‌ڕه‌نگێزه‌كان، مێژویه‌كی دورو درێژی هه‌یه‌ وبه‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌رچی به‌دارستانكردنی چیای گۆیژه‌، له‌سه‌رده‌می داگیركه‌ری سه‌ربازی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، به‌ڵام سوپای ئه‌و حكومه‌ته‌ چه‌ندین جار به‌تۆپ باران چیاكه‌ی سوتاندووه‌.

له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی شه‌قامێكی قیرتاو برایه‌ سه‌ر ترۆپكی چیاكه‌، ئه‌و شه‌قامه‌ هێنده‌ی هۆكار بوو تێكدانی ژینگه‌و گڕتێبه‌ربوونی چیاكه‌، هێنده‌ كاریگه‌رنه‌بوو بۆ فریاكه‌وتنی له‌كاتی ئاگركه‌تنه‌وه‌دا.

ساڵانه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز پارێزگا یان قائیمقام له‌ قائیم قامیه‌تی سلێمانی، پرسی پاراستنی دارستانه‌كان، به‌تایبه‌ت چیای گۆیژه‌، پێشوه‌خت كۆبونه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار تیایا ئاماده‌ ده‌بن. له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌نده‌ ئاماده‌بوو، پێشنیاری ئه‌وه‌م كرد، كه‌ دارستانه‌كه‌ به‌ڕووی شوانكاره‌كاندا بكرێنه‌وه‌ هه‌رله‌وكاته‌وه‌ كه‌ گیاكه‌ سه‌وزه‌ تا ئه‌وكاته‌ش كه‌ ده‌بێته‌ پوش، تا مانگاو مه‌ره‌كانیان بله‌وه‌ڕێنن، كه‌ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌و نه‌مانی پوش وه‌ دابڕ دابڕكردنی ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مێنێ. بێگومان شوان چونكه‌ گرنگی پوش بۆ له‌وه‌ڕاندن ده‌زانێ، زۆر به‌ته‌نگ پاراستنیوه‌ دێت، به‌تایبه‌ت زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو ئاگر ده‌كاته‌وه‌ له‌كاتی پێویستیدا و هه‌رگیز جگه‌ره‌ی توڕنادات وه‌ك خه‌ڵكی تر، به‌ڵك و به‌باشی ده‌یكوژێنێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پێشنیاره‌ ڕه‌ت كرایه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی،گوایه‌ به‌هۆی قاچی گاگه‌له‌وه‌ هێڵه‌كانی دێراوی دارستانه‌كه‌ داده‌ڕوخێن.
به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ ئه‌و دارستانه‌ له‌سه‌ره‌و له‌ خواره‌وه‌، به‌ڕووی خه‌ڵكدا كراوه‌یه‌، له‌وانه‌ كه‌سانێك كه‌ به‌هۆی مه‌ی خواردنه‌وه‌وه‌، هێند به‌ئاگانین له‌وه‌ی كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ورو به‌ریان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ڕۆژانه‌ له‌ سه‌روه‌و له‌ دامێنی چیاكه‌دا، كۆمپانیاكانی كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك چه‌ندین باری لۆری پاشماوه‌ی، ئه‌وخه‌ڵكانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆر كه‌مته‌رخه‌مانه‌ و گوێنه‌دان، هه‌رچی پێان بكرێت فڕێی ده‌ده‌ن وجێی ده‌هێڵن. بێگومان له‌ناو ئه‌وانه‌شدا. ئاگر.

جا بۆ ئه‌وه‌ی چیای گۆیژه‌ بپارێزین، پێویسته‌ تا ڕاده‌یه‌ك ڕێگری له‌م دیارده‌یه‌ بكرێ، به‌تایبه‌ت له‌ لای سه‌ره‌وه‌ به‌ ته‌لبه‌نگێك ڕێگه‌ له‌ چونه‌خواره‌وه‌ی خه‌ڵك بگیرێ، ئه‌مه‌ش هه‌ندێ له‌ مه‌ترسیه‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
بۆ پاراستنی زیاتری دارستانه‌كان به‌گشتی و چیای گۆیژه‌ به‌تایبه‌ت به‌ پێویستی ده‌زانم :

•كه‌مكردنه‌وه‌ و دابڕكردنی پوشی ناودارستانه‌كه‌و ده‌ورو به‌ری.

•دابینكردنی چاودێری و فریاگوزاری گونجاو بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر.

كه‌مكردنه‌وه‌ی پوش له‌ ناودارستاندا جگه‌ له‌ له‌وه‌ڕاندنی گاگه‌ل و مێگه‌ل، ده‌كرێت به‌ دروونه‌وه‌ی گیا له‌كاتی كامڵبونیدا، ئه‌ویش به‌وه‌ی خه‌رجیه‌ك دابین بكرێ، كاره‌كه‌ بدرێت به‌كه‌سێك یان كۆمپانیایه‌ك، كه‌ له‌و وه‌رزه‌دا چه‌ند قه‌پانێك بباته‌ دامێنی چیاكه‌. وه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێ كه‌ گیایه‌ ئه‌و چیایه‌ به‌كێشانه‌ ده‌كڕدرێته‌وه‌، جاهه‌ركه‌س ئاره‌زووی هه‌یه‌ با به‌شدار بێت. بێگومان به‌م شێوه‌یه‌ هه‌چكه‌س بۆخۆی، پیشبڕكێ ده‌كات كه‌ زۆرترین گیا بدروێته‌وه‌و پاره‌یه‌كی زیاتری ده‌ست كه‌وێت. دواتر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كۆی گیا دوراوه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌ بكڕێته‌وه‌، جێی گومان نییه‌ ئه‌وگیایه‌ به‌ ته‌ڕی یان كه‌وشك بوو خاوه‌ن كێڵگه‌كانی ئاژه‌ڵ ده‌یكڕنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌لی كار له‌و وه‌رزه‌دا بۆ خه‌ڵكێكی زۆر دابین ده‌كات، هه‌روه‌ها واده‌كات كه‌ ڕێژی پوش له‌ نێو دارستانه‌كه‌دا هێنده‌ چڕ نه‌بێت كه‌ گه‌ر بشسوتێ داره‌كان زیانیان پێبگات.

بۆ فریاگوزاری له‌ كاتی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌دا، ده‌توانرێت له‌ دۆڵی نێوان چیاكاندا چه‌ند توانرا، حه‌وزی كۆنكرێتی داخراو درووست بكرێ ، له‌سه‌روو حه‌وزه‌كه‌وه‌ له‌ئاستێكدا كه‌ به‌رزتر له‌ سه‌ری حه‌وزه‌كه‌ پێشگرێك بۆ ئاو دروست بكرێ به‌ پانی چه‌ند مه‌ترێك وه‌ به‌بۆریه‌ك ئه‌وبه‌ربه‌سته‌، ببه‌سترێ به‌ حه‌وزه‌كه‌وه‌. به‌جۆرێك ڕێك بخرێت كه‌ سێڵاوی باران بچێته‌ حه‌وزه‌كه‌وه‌. ئه‌و حه‌وزانه‌ كه‌ گه‌ر( 5×5×3 م )یان گه‌وره‌تر بن و به‌گڵ دابپۆشرێن ئه‌وا ئاویان تیا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌كاتی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌دا، به‌ به‌ستنی ترومپایه‌كی بچوكی به‌نزین و چه‌ند سه‌د مه‌ترێك سۆنده‌، ده‌توانرێت، ڕوبه‌ڕێكی فراوانی ئاگری ده‌ورو به‌ری پێ بكوژێنرێته‌وه‌. له‌ ئێستادا حه‌فاره‌و ئامێری زنجیردار زۆره‌،كه‌ گه‌یشتنه‌ هه‌رشوێنێكی چیای به‌لاوه‌ ئاسانه‌. جابۆ هه‌ڵكه‌ندنی شوێنی حه‌وزه‌كان بێت، یان گه‌یاندنی كه‌ره‌سه‌كان.

بۆ چاودێری چیاكه‌، ده‌كرێت له‌ناو شاردا له‌سه‌ر ئه‌و ته‌لارانه‌ی كه‌ به‌رزن، چه‌ند كامێرایه‌ك دابنرێ كه‌ ببه‌سترێ به‌ سه‌نته‌رێكی چاودێریه‌وه‌، تا له‌كاتی ئاگر كه‌ونته‌وه‌دا زوو شوێنی ئاگره‌كه‌ دیاری بكرێ و به‌پێی توانا فریا گوزاری بكرێ.

دابین كردنی ته‌نكه‌ری زنجیردار و فلاتی گواستنه‌وه‌ی ته‌نكه‌ره‌كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌و له‌ دامێنی چیاكه‌دا، فریاگوزاریه‌كه‌ چالاك ده‌كات.

به‌هیوام هوشیاری خه‌ڵك بگاته‌ ئاستێك،كه‌ خۆیان به‌خاوه‌نی هه‌موو بستێكی ئه‌م كوردوستانه‌ بزانن، به‌ پاراستنی شانازی بكه‌ن.

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*