سەرەکی » ئاراستە » حه‌سۆی قادر داود،ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی خۆی و تێكڕای خێزان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی،شه‌هیدبوون

حه‌سۆی قادر داود،ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی خۆی و تێكڕای خێزان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی،شه‌هیدبوون

ئاوات كۆكه‌یی

شه‌هید حه‌سۆ قادر حه‌مه‌ساڵح داود ناسراو به‌ حه‌سۆ داود، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوی ده‌شتی كۆیه‌و قه‌ڵاسێوكه‌ و گۆپته‌په‌ن كه‌ بنه‌ماڵه‌ی (حه‌مه‌ساڵح داود)یان پێده‌وترێت.

ساڵی 1955 له‌ گۆپته‌په‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی 1974 له‌ رێگه‌ی هه‌ڤاڵ (سالار بۆگدی)یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ ئه‌ڵقه‌ رۆشنبیرییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ شه‌هید ئازاد هه‌ورامی كاری رێكخستنی كردووه‌.

له‌ كاره‌كانی رێكخستندا دڵسۆز و ورد بوو، ئه‌ندامێكی چالاك و به‌ئاگابووه‌، خاوه‌ن په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر و به‌رفراوانی بوو.

ساڵی 1978 له‌ چه‌می رێزان بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی دووی ئه‌وسا، پێشمه‌رگه‌یه‌كی گورج و گۆڵ و چاونه‌ترس بووه‌، ئازاو خاون ئیراده‌ی به‌هێز بوو له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كاندا.

بنه‌ماڵه‌كه‌ی خاون شه‌هیدو قورانییه‌كی زۆره‌، تێكڕای بنه‌ماڵه‌كه‌یان سه‌ر به‌شۆڕش بوون و له‌به‌ره‌ی گه‌لدابوون، باوكی یه‌كێك بووه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول.

بۆ خۆیشی له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێدا بووه‌ و پله‌كانی جێگری فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌، فه‌رمانده‌ی كه‌رتی بڕیوه‌، یه‌كێكیش بووه‌ له‌و فه‌رمانده‌ كه‌رتانه‌ی هه‌میشه‌ جێگه‌ ده‌ستی دیار بووه‌ له‌ سنووری هه‌ردوو تیپی 21ی كه‌ركوك و 25ی خاڵخاڵان.

به‌شداریی زۆر شه‌ڕو نه‌به‌ردیی گه‌وره‌و گرنگی كردووه‌، یه‌كه‌م شه‌ڕی له‌ مانگی 3ی ساڵی 1979 دا بوو، كه‌ له‌گه‌ڵ پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی هاوڕێیدا، تفه‌نگ و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌ ناو گوێنییه‌وه‌ و به‌پێ ده‌ڕۆن له‌ سه‌رجاده‌ی گشتیی دوكان- سلێمانی بۆسه‌یه‌ك ده‌نێنه‌وه‌ و ئۆتۆمبێلێكی ده‌وڵه‌ت ده‌گرن، كه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ چالاكییه‌كی زۆر گه‌وره‌بوو.

به‌گشتی به‌شداریی زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی سنووری هه‌رێمی دووی كردووه‌.

كاتێك رژێمی به‌عس هێرشی كیمیایی كرده‌ سه‌ر گوندی گۆپته‌په‌، شه‌هید حه‌سۆ كه‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رت بوو له‌ تیپی 25ی خاڵخاڵان و ئۆتۆمبێلی پێبوو، به‌هانای خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌چوو و سه‌رقاڵی رێنمایی به‌ركه‌وتوان بوو كه‌ چی بكه‌ن و چۆن هه‌ڵسوكه‌ت بكه‌ن تا كاریگه‌ریی ژه‌هره‌كه‌ له‌سه‌ریان كه‌م ببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا خۆیشی به‌ركه‌وت و شه‌هید بوو.

ته‌واوی كه‌سوكاره‌كه‌شی له‌ ئه‌نفالیشدا شوێنبزركران، له‌وانه‌ هاوسه‌رو منداڵه‌كانی و خوشك و براو برازاو براژن و ته‌واوی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی كه‌ نزیكه‌ی 80 كه‌س ده‌بوون، ئه‌نفال كران، ته‌نها دایك و باوكی و مامێكی به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌دواتر گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ته‌واوی كه‌سوكاره‌كه‌یدا ئێستا ته‌نها دوو ئامۆزای ماوه‌ یه‌كێكیان له‌ كۆیه‌و ئه‌وی تر له‌ عه‌سكه‌ر نیشته‌جێن.

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*