سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » جیهان لە سایەی پێشبڕكێی كەر و فیلەكانی ئەمریكادا !

جیهان لە سایەی پێشبڕكێی كەر و فیلەكانی ئەمریكادا !

*كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ كۆتایهێنان و پەردە دادانەوە بەسەر ئەو شانۆگەرییەی كە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە لە ئەمریكادا لە نێوان پارتی كۆماریەكان ((فیلەكان)) كە سیمبولی كۆمارییەكانە و قەوارەیەكی گەورە و ترساوی هەیە و پارتی دیموكراتەكان ((كەرەكان)) كە سیمبولی خۆڕاگریی و بەهێزییە، ئیدی بۆ چوار ساڵی ئایندە، جیهان جارێكی تر دەبێت بەناچاری خۆی رێكبخات و بگونجێنێت لەگەڵ سیاسی و سیاسەتە نوێكەی ناو كۆشكی سپی لە ئەمریكادا. دوو گریمانەی سەرەكی هەن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان:

یەكەمیان دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپە بۆ جاری دووەم و بەردەوامبوونی ساسەتەكانێتی كە كەم كەس و وڵات و سەركردە پێشبینی دەكەن، چونكە ئەم پیاوە لەم چوار ساڵەی رابردوودا مۆدێلێكی نوێی لە سیاسەت و حوكمڕانی پیشانی جیهان دا كە زۆر جیاواز بوو لە چەندان ساڵی رابردووی حوكمڕانی لە ئەمریكادا، چونكە بۆخۆی كەسێكی سیاسی نەبووە و تەنها بازرگانێكی سەركەوتوو بووە، هەربۆیەش سیاسەتەكان و ئیدارەدانەكانیشی رەنگدانەوەی عەقڵییەت و پاشخانە بازرگانی و ئابوورییەكانێتی نەك پاشخانە سیاسییەكەی كە خاڵی بووە لە تاكتیك و ستراتیژێكی نوێی چەسپاو.

ترەمپ هێندەی وەك سەركێش و زۆرجاریش وەك نمایشكارێك خۆی پیشانداوە و هێندەی گرنگی بە پەیوەندییە كەسییەكانی داوە لەگەڵ سەرۆك و پادشاو میری وڵاتاندا، نیو هێندە وەك سیاسییەكی جیهانبین و موحەننەك خۆی دەرنەخستووە و بڕیارو هەنگاوەكانیشی زۆرجار پەلەكردن و نەگەڕانەوەی پێوە دیاربووە بۆ دامودەزگا ئۆرگانییەكانی حوكمڕانی و تاڕادەیەكی زۆریش شڵەژان و ناسەقامگیریی بە ئیدارەكەیەوە دیاربووە و ئەوەتا لە دوو ساڵی یەكەمی حوكمڕانیدا زیاتر لە 20 وەزیر و كارمەندی باڵا لە ئیدارەكەیدا دەستیان لەكاركێشایەوە، یان ترەمپ دەریكردوون.

دەسكەوتەكانی ترەمپ لەم چوار ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی كە پەتای كۆرۆنا ساڵی 2020 لێی تێكدا و نەیتوانیووە كاری بەرچاو بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی ستایشكردنە لەلایەن زۆرێک لە چاودێرانی سیاسییەوە لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی و پشتیوانیكردنی كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان و هەڕەشە كردنێتی لە توركیایە لەسەر ئاستی جیهان و لەناوخۆشدا جگە لە ساڵی 2020 کە توانیبووی ئابووریی ئەمریكا تاڕادەیەك گەشە پێبدات، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لەهەندێك كار و هەنگاودا شكستی هێناوە، وەك لە عیراق و سوریا و بەرامبەر كۆریای باكوور و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپاییە هاوپەیمانەكانیشدا پەیوەندییەكانی سارد و سڕكردووە.
جا بەدەرچوونەوەی ترەمپ چوار ساڵی ئایندەش جیهانێکی پڕ مەترسی و شڵەژاو و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بەردەوام دەبێت و چارەنووسی هەموو جیهان لەسەر نووسینی تویتە درەنگ وەختەكانی ترەمپ دەوەستێت، كە ئەم كار و هەڵوێستەی ترەمپ لەهەموو مێژووی حوكمڕانی ئەمریكادا وێنەی نەبووە.

*گریمانەی دووەم بریتییە لە دەرچوونی كاندیدی دیموكراتەكان جۆ بایدن، كە ركابەرێكی سەرسەختی ترەمپە و سیاسییەكی دیار و بە ئەزموون و پێشترش جێگری سەرۆك ئۆباما بووە و خاوەن تێز و تێڕوانینی خۆیەتی بۆ بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و لانیكەم ئەگەر بڕیار بەدەستی یەكەمیش نەبووبێت ماوەی 8 ساڵ وەك كەسی دووەم لە دوای ئۆباماوە ئاگاداری رووداو و پێشهاتەكانی جیهان بووە و كاریگەریشی هەبووە.
بەسروشتی، دیموكراتەكان و سیاسەت و بەرنامەكانیان ئەوان هەمیشە پشتیوانیی بابەتە ناوخۆییەكانی ئەمریكان لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی و باج و رسومات و داد و دادگاكان و فێركردن و خوێندن و زانست و توێژنەوە و …هتد. نەك بابەتە دەرەكییەكان و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و گفتوگۆ و نەرمونیان بوون و حەزیان بە بەكارهێنانی جەنگ و توندوتیژیی و بژاردەی سەربازی نەكردووە و بە كۆتری ئاشتی ناسراون، بە پێچەوانەی كۆمارییەكان كە بە هەڵۆكان ناسراون و هەمیشە لایەنگری بەكارهێنانی هێزی سەربازی بوون بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە نێودەوڵەتییەكان.

ئاشكرایە جۆ بایدن-یش دژایەتییەكی توندی ئەردۆغان و سیاسەتە ئیسلامگەرایی و فراوانخوازییەكانی دەكات لە ناوچەكەدا و لە جیهانیشدا و بڕیاریداوە كە یەكەم كاری ڕووخاندنی حکومەتی ئێستای تورکیایە، ئەمەش ئەگەر بەوردی لێی بڕوانین، هۆكاری ئایینی و ئیتنی لە پشتەوەیە، وەك لەوەی سیاسی بێت، چونكە جۆبایدن جولەكەیە و پشتیوانییەكی گەورەی ئیسرائیلە و توركیا و ئەردۆغان بە مەترسی دەزانێت بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەكانی كەنداویش. دانانی جێگرەكەشی كە ژنێكی رەشپێستی توندڕەوە بەناوی كامالا هاریس، دژی توركیا و ئەردۆغان، جارێكی تر سیاسەتەكانی دووپات دەكاتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە بە پێچەوانەی ترەمپەوە بەڵێنی داوە كە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا كارابكاتەوە و ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆمەڵی نێودەوڵەتی و بەشێك لە گەمارۆ ئابوورییەكانی لەسەر هەڵبگرێت، كە بۆخۆی ئێران وەك وڵاتێكی خاوەن هەژموون و هێز لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدرێژایی 40 ساڵی رابووردوو دژایەتییەكی سەرسەختی سیاسەتەكانی ئەمریكای كردووە لە ناوچەكە و جیهاندا.
لەبابەتی چین و كۆریای باكوور و روسیاشدا سیاسەتەكانی پێچەوانەی ترەمپە.

بەم شێوەیە جیهان لە چاوەڕوانییەكی بێهودەدا دەژین لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا و دەرچوون یان دەرنەچوونی هەر كامێكیان بە قازانجی كۆمەڵێكە و بە دژایەتی كۆمەڵێكی تر تەواو دەبێت.

*پرسیارێك كە تایبەت بە كورد و هاوپەیمانێتی و ئایندەی لە سیاسەتی هەردوو كاندیدەكەی سەرۆكایەتیدا لە چ ئاست و پلە و گەرموگوڕیەكدان؟
خۆشبەختانە كورد و مەسەلەكەی لە بەرنامە و بەڵێن و كارنامەی هەردوو كاندیدەكەدا جێگە و پێگەیەكی دڵخۆشكەری هەیە و هەردوولایان بەلایانەوە گرنگە كە چارەنووسی كورد لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا بەرەو ئایندەیەكی رۆشنتر ببەن و لەو نەهامەتی و قاتوقڕی سەدان ساڵە رزگاری بكەن و بەڵگەی زیندووش هاوپەمانیی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوور و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هاوكاریی و پشتیوانی گەرموگوڕی كوردی رۆژئاوا و میانگیریی لە نێوان پەكەكە و توركیا كاركردنیانە بۆ بوژاندنەوەی كوردی رۆژهەڵات.كوردیش بەڕۆڵی خۆی لە ماوەی 10 ساڵی رابووردوودا كارامەیی و لێهاتوویی و گیانفیدایی پیشانداوە لە دژی داعش و وەك بەرگریكارێكی سەرسەخت لەجیاتی هەموو جیهان و وەك دۆست و هاوپەیمانێكی سەرڕاست ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردووە و قوربانیی زۆری داوە، كە ناكرێت هیچ كاندیدێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەم رۆڵ و قوربانی و بەرگریكردنەی كورد لەبەرچاو نەگرن و كوردیش وەكو دۆستێكی ستراتیژیی تر لە ناوچەكەدا نەبینن.

ئەوەی ماوەتەوە كورد و سەركردایەتییەكەیەتی كە بزانن چۆن خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ سیاسەتی ئایندەی سەرۆكی نوێدا و وەكو 10 ساڵی رابووردوو دەبنە جێگەی متمانە و ستایشی ئەوان.

خۆشبەختانە تر كارتی كورد و مەسەلە رەواكەی ئێستا بۆتە جێگەی بایەخ و پێگە و سەنگی خۆی هەیە لەلایەن تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و ئەوروپا و خۆرهەڵات و خۆرئاواییەكان و هچ كامیان ناتوانن فەرامۆشی بكەن، بۆیە گرنگە كوردیش بە عەقڵییەتێكی كراوەتر و بە فراوانتر لە جیهان و پەیوەندییە سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەكانی بڕوانێت و باشتر و وردتر هاوكێشە و حساباتەكان بخوێنێتەوە.

بەهیوای ئەوەی كە كورد و جیهانیش لەدوای دوو مانگی تر دڵخۆش و پڕ هیوا بن بەوەی كە سەرۆكی دڵخوازی خۆیان دەرچووە و لەگەڵیدا خەون و ئاواتەكانیان بۆ دێنێتەدی.

print

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*