سەرەکی » وەرزش » به‌بێ بوونی پاره‌ له‌ خه‌زێنه‌كه‌ی دا 3 بۆندی گرنگی ئیمزا كردوه‌

به‌بێ بوونی پاره‌ له‌ خه‌زێنه‌كه‌ی دا 3 بۆندی گرنگی ئیمزا كردوه‌

یانه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵی پاڵه‌وانی پریمه‌رلیگ له‌ میركاتۆی هاوینه‌دا بۆندی له‌گه‌ڵ 3 یاریزان ئیمزا كردوه‌ كه‌ یانه‌كه‌ پێویستی زۆری به‌ تواكانیان هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ یۆرگن كلۆپی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ یانه‌كه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی دارایی هه‌یه‌و ناتوانێت هیچ پاره‌یه‌ك خه‌رج بكه‌ن.

لیڤه‌رپوڵ له‌م میركاتۆیه‌ بۆندی له‌گه‌ڵ كۆستاس تسیمیكاسی به‌رگریكاری یۆنانی و تیاگۆ كانتارا و دیۆگۆ جۆتا ئیمزا كردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و بۆندانه‌ پاره‌یه‌كی زۆری ده‌وێت به‌ڵام زیره‌كی ئیداره‌ی لیڤه‌رپوڵ هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ یانه‌كه‌ توشی هیچ كێشه‌یه‌كی دارایی نه‌بێت.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو لیڤه‌رپوڵ به‌ چه‌ند یاریزانێك به‌سترابۆوه‌ له‌نێویاندا تیمۆ ڤیرنه‌ر و كای هاڤێرتز كلۆپی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش دوپاتی كرده‌وه‌ یانه‌كه‌ به‌هۆی خراپی باری دارایی توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ بگوازێته‌وه‌ كه‌ دواجار په‌یوه‌ندیان به‌ چێڵسی كرد.

سه‌ره‌ڕای خراپی دۆخی یانه‌كه‌ به‌ڵام مایكل ئیدواردزی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی یانه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ كردن به‌شێوه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ توانی پێویستییه‌كانی پێكهاته‌ی‌ یانه‌كه‌ پڕ بكاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ بدات قه‌یرانی دارایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر یانه‌كه‌ دروست بكات.

لیڤه‌رپوڵ له‌سه‌ره‌تای میركاتۆی هاوینه‌ بڕیاری دا ده‌ستبه‌رداری دیان لۆڤرین بێت كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ی‌ به‌ 12 ملیۆن یۆرۆ به‌ یانه‌ی‌ زینیت فرۆشت، به‌و پاره‌یه‌ش یانه‌كه‌ بۆندی له‌گه‌ڵ كۆستاس ئیمزا كرد كه‌ به‌ 13 ملیۆن یۆرۆ هاته‌ یانه‌كه‌ و ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی‌ رۆبێرتسۆن له‌كاتی به‌شداری نه‌كردنی.

به‌ درێژایی ئه‌م میركاتۆیه‌ش یانه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵ به‌ ئیمزاكردنی بۆند له‌گه‌ڵ تیاگۆ ئه‌لكانتارای یاریزانی بایرن مونشن به‌سترابۆوه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ راشكاوانه‌ به‌ یانه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو ده‌یه‌وێت بڕوات به‌هۆی كۆتایی هاتنی بۆنده‌كه‌شی له‌ هاوینی رابردوو بایرن مونشن 30 ملیۆن یۆرۆ دیاریكردبوو.

سه‌ره‌ڕای پێویستی لیڤه‌رپوڵ به‌و یاریزانه‌ ئاست به‌رزه‌و ویستی یاریزانه‌كه‌ بۆ یاریكردن بۆ لیڤه‌رپوڵ به‌ڵام ئیداره‌ی رێدز توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو 30 ملیۆن یۆرۆ بداته‌ بایرن مونشن.

به‌لام دواجار و دوای گفتوگۆیه‌كی درێژخایه‌ن ئیدواردز توانی ئیداره‌ی بایرن مونشن رازی بكات ئه‌و یاریزانه‌ به‌ 25 ملیۆن یۆرۆی جێگیر و 5 ملیۆن یۆرۆ پاداشت بگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان.

رێككه‌وتنیش بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاریزانه‌ به‌ جۆرێك بووه‌ لیڤه‌رپوڵ له‌ ماوه‌ی‌ 4 ساڵ ئه‌و پاره‌یه‌ بدات به‌ یانه‌ باڤاریه‌كه‌ به‌جۆرێك ئه‌مساڵ ته‌نها 5 ملیۆن یۆرۆ ده‌ده‌ن به‌ بایرن مونشن و پاره‌كه‌ی‌ تر 4 ساڵی داهاتوو ده‌ده‌ن به‌و یانه‌یه‌، به‌مه‌ش لیڤه‌رپوڵ له‌ حساباتی دارایی ئه‌م وه‌رزه‌ی‌ ته‌نها 5 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ تیاگۆ خه‌رج كردوه‌.

سێیه‌م بۆندیش دوای ماوه‌یه‌كی كورت بوو له‌ راگه‌یاندنی بۆندی تیاگۆ ئه‌ویش دیۆگۆ جۆتای هێرشبه‌ری لاوی پرتوگالی بوو كه‌ وه‌كو راگه‌یه‌ندراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 43 ملیۆن پاوه‌ند له‌ ولڤه‌رهامبتۆنه‌وه‌ هاتۆته‌ لیڤه‌رپوڵ.

به‌ڵام یانه‌یه‌ك كێشه‌ی گه‌وره‌ی دارایی هه‌بێت چۆن ده‌توانێت 43 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانێك خه‌رج بكات كه‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی‌ سیانه‌ی‌ هێرشبه‌ری یانه‌كه‌ ئه‌گه‌ر كلۆپ بیه‌وێت پشوو به‌ یه‌كێكیان بدات.

به‌ڵام ئیداره‌ی لیڤه‌رپوڵ ئه‌مجاره‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ مامه‌ڵه‌ی كرد كه‌ له‌ پاڵ كڕینی جۆتا یانه‌كه‌ كی جانا هۆڤه‌ری به‌رگریكاری لاوی یانه‌كه‌ی‌ به‌ 13 ملیۆن پاوه‌ندی فرۆشت به‌ ولڤه‌رهامبتۆن.

له‌ رێگه‌ی‌ فرۆشتنی ئه‌و یاریزانه‌ش به‌ ولڤه‌رهامبتۆن ئیداره‌ی لیڤه‌رپوڵ توانی ئیداره‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ رازی بكات له‌م هاوینه‌دا ته‌نها له‌سه‌دا 10ی پاره‌ی بۆندی جۆتا بدات به‌ ولڤه‌رهامبتۆن واتا ئه‌م هاوینه‌ ته‌نها 4 ملیۆن و 300 هه‌زار پاوه‌ندیان به‌خشیوه‌ به‌و یانه‌یه‌.

به‌مه‌ش ئیداره‌ی لیڤه‌رپوڵ توانی به‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ زیره‌كی و به‌ خه‌رج كردنی ته‌نها 10 ملیۆن پاوه‌ند 3 بۆندی گرنگ ئه‌نجامبدات و ریزه‌كانی به‌هێزتر بكات.

 128 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*