سەرەکی » وەرزش » سەرجەم زانیارییەكان لەسەر تۆر دوفرانسپەڕە 3

سەرجەم زانیارییەكان لەسەر تۆر دوفرانس

مێژوویەكی كورت
ئەم پاڵەوانێتییە یەكێكە لە دێرینترین و بەناوبانگترین پاڵەوانێتییە وەرزشییەكان لەسەر ئاستی جیهان، مێژووی دەستپێكردنی زۆر دێرینەو یەكەم پاڵەوانێتی ساڵی 1903 رێكخراوە، خاوەنی بیرۆكەكەشی كەسێكە بەناوی هێنری دی گرانگ.

رۆژنامەی (پایسكل) كاتی خۆی پاڵەوانێتیی پایسكلسواری سەررێگاكانی رێكدەخست، هەرئەم رۆژنامەیە بیرۆكەی رێككخستنەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام ئەم رۆژنامەیە بەهۆكاری سیاسی داخراو رۆژنامەی (ئۆتۆمبێل) جێگای گرتەوەو تەنیا ناوەكەی گۆڕدرا بەڵام رۆژنامەكە هەر رۆژنامەی(پایسكل) بوو.

بۆ ئەوەی رۆژنامەكە خوێنەرانی لەدەست نەدات، پاڵەوانێتییەكانی (پاریس بۆردۆ پاریس) و (پاریس بریست پاریس) ی رێكدەخست، دواتر بیرۆكەی تۆر دوفرانس هاتە ئاراوەو بەپراكتیكی ساڵی 1903 ئەم رۆژنامەیەو خاوەنەكەی كە ناوی هێنری دی كرانگ بوو، لەسەر داواكاریی و پێشنیاری جیۆ لۆفڤێری رۆژنامەنووسی رۆژنامەكە، یەكەم پاڵەوانێتیی رێكخرا.

یەكەم پاڵەوانێتیی تۆردوفرانس كاردانەوەكەی هێندە بەهێز بوو لەناو فەرەنسییەكاندا، رێكخەران هەرگیز چاوەڕوانی وەها پێشوازییەكی گەرمیان نەدەكرد، بەتایبەتی قۆناغی كۆتاییەكەی لەناو شاری پاریسداو لەنێو شەقامەكانی ئەو شارەدا خەڵكانێكی زۆر پێشوازییان لە پایسكلسوارەكان دەكرد و ئەمەش زۆر جیاواز بوو لە پاڵەوانێتییەكانی پێشوو.

تیراژەكەشی زیادی كرد
ئەم كارەی ئەو رۆژنامە نووسە بووە هۆی ئەوەی بۆ بەشدارییكردن لەم پاڵەوانێتییە گرنگەدا، لەسەرتاسەری جیهانەوە پایسكلسوارە ناودارەكان ناوی خۆیان بۆ بەشدارییكردن بنووسن، هەموو ئاواتیان ئەوە بوو ببنە خاوەنی درێسی زەردی یەكەمی، ئەوەتا تا ئەم ساتەش پایسكلسورانی نزیكەی 190 وڵات بەشدار دەبن، زۆرتر لەو ژمارەیەش لە وڵاتان ئەم پاڵەوانێتییە روماڵ دەكەن و بە ملیۆنان كەس لەسەرتاسەری جیهانیشدا موتابەعەی دەكەن.

هەرئەم پاڵەوانێتییە وایكرد كە تیراژی رۆژنامەی (ئۆتۆمبێل) هێندە زیاد بكات و هێندە دواكاری لەسەر زیاد بێت، لە قۆناغی نێوان پاریس و لیۆندا 93 هەزار دانەی لێفرۆشرا، لە قۆناغی كۆتایی ناو پاریسدا تیراژەكەی گەیشتە 135 هەزار دانە، ئەمەلەكاتێكدا پێشتر و پێش دەستپێكردنی تۆر دوفرانس، تیراژی رۆژنامەكە هەرگیز لە 60 هەزار دانە تێپەڕی نەدەكرد.

دووەم قۆناغی ئەم پاڵەوانێتییە جیاواز لە قۆناغی یەكەم پایسكلسوارەكان لەلایەن ئامادە بووانی سەر شەقامەكانەوە تووشی زۆر لە نارەحەتی و رەفتاری نەشیاوی وەرزشیی بوونەوە، چەندین كرداری گزی كردن رویدا، تەنانەت كار گەیشتە ئەو رادەیەی لە زۆر شوێن بزمار لەسەر رێگەی پایسكلسورەكاندا بڕژێنرێت.

ئێستا پاڵەوانێتییەكە لەلایەن جامیعەی پایسكلسواری فەرەنسییەوە رێكدەخرێت، لەلایەن یەكێتیی نێودەوڵەتی پایسكلسواریشەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەكرێت.

هەرچی سپۆنسەرە داراییەكانی ئەم پاڵەوانێتییەیە كۆمپانیا زەبەلاحەکانی كارەبا و غاز و رادیۆ تەلەفزیۆنە بەناو بانگەكانی فەرەنسان.

یەكێتیی پایسكلسواری فەرەنسا 23 جار رێگەی داوە دەستپێكی تۆردوفرانس لە وڵاتێكی تری ئەوروپا بێت نەك فەرەنسا ئەمەش لەبەرامبەر بڕێك پارەدا.

تائێستا 9 وڵاتی ئەوروپا ئەم هەنگاوەیان ناوەو دەستپێكی تۆر دوفرانس لە وڵاتەكانیاندا بووە، یەكەم وڵات كە ئەم شەرەفەی پێبڕاوە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا بووە ساڵی 1954، دوا وڵاتیش بەلجیكا بووە كە دەستپێكی 2019 ی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لەفەرنسا دەستیپێكرد و هەر لەو وڵاتەش كۆتاییهات.

زانیارییەكان

*ئەو ماوەیەی پایسكلسوراەكان دەیبڕن 3484 كیلۆ مەترە.

*ئەو ماوەیە بە 21 قۆناغی جیاجیا دەبڕن.

*22 تیپی جیاجیا بەشداریی پاڵەوانێتییەكە دەكەن.

*هەر تیپێك لە 8 پایسكلسوار پێكدێت كە سەرجەم دەكاتە 176 پایسكلسوار.

*پاڵەوان درێسی زەردی لەبەر دەكرێت و بەرامبەر هەر رۆژێك لەمانەوە لە بەریدا 500 یۆرۆ وەردەگرێت.

*كاتێكیش یەكەم دەبێت 500 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.

*درێسی سەوز ئەو پایسكلسوارە دەیپۆشێت كە لە كۆتایی هەر قۆناغێكدا خێراترین پایسكلسواری قۆناغەكە بووە.

*ئەوەی درێسی سەوز دەپۆشێت، چەند رۆژ پارێزگاری لەو درێسە بكات هەر رۆژەی 300 یۆرۆ وەردەگرێت.

*درێسی سپی خاڵ خاڵی سور لە ساڵی 1975 –ەوە كاری پێكراوە، ئەم درێسە بەو پایسكلسوارە دەدرێت كە بەخێراترین و كەمترین كات بەسەر چیادا سەردەكەوێت.

*ئەوەی ئەم درێسەی لەبەردایە چەند رۆژ پارێزگاری لە درێسەكەی بكات هەر رۆژەی 300 یۆرۆ وەردەگرێت.

*هەر ئەو پایسكلسوارەی ئەم درێسەی لەبەردایە ئەگەر بەدرێسەكەیەوە یەكەم بوو ئەوا خەڵاتی 25 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.

*درێسی سپی ئەو پایسكلسوراە لەبەریدەكات كە تەمەنی لە 25 ساڵ كەمترە، ئەمەش بۆ هاندانی یاریزانە لاوەكانە.

*ئەوەی لەبەری دەكات هەموو رۆژێك 300 یۆرۆ وەردەگرێت، ئەگەر لەنێو درێس سپییەكانیشدا یەكەم بوو ئەوا 20 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.

*تیپی یەكەمی سەرجەم قۆناغەكان، لەپای یەكەمیی لە قۆناغەكەدا 2800 یۆرۆ وەردگرێت.

*ئەو تیپەشی یەكەمی كۆتایی تۆر دوفرانس دەبێت 50 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.

یەكەم رووداوی لەم جۆرە
ئەمساڵ بۆیەكەمین جار لەمێژووی تۆر دوفرانسدا پایسكلسوارێك دەبێتە پاڵەوانی تۆر دوفرانس كە تەمەنی 21 ساڵە و ناوی تادای بوگاچارە و خەڵكی سلۆڤینیایە، لە دووەم پاڵەوانێتیی تۆر دو فرانسەوە تا ئەم پاڵەوانێتییە، بوگاچار بوو بەیەكەم لاوی بەشدار بەو تەمەنەوە نازناوی پاڵەوان دەستەبەر بكات.
بوگا لە قۆناغی 20 و پێش كۆتاییدا درێسی زەردی یەكەمی لەبەر كرد، هەرچەندە لە قۆناغی 21 و كۆتاییدا نەیتوانی یەكەم بێت، بەڵام بەكۆی گشتی بووبە پاڵەوانی ئەمساڵ و خەڵاتی یەكەمی وەرگرت.

ئەنجامی كۆتایی
1-تادای بوگاچار-سلۆڤینیا (87:20:05)سەعات.

2-بریمۆز رۆكلیچ-سلۆڤینیا- بە جیاوازی (59)سانیە.

3-ریچی بۆرت-ئوستورالیا- بە جیاوازی (3:20)دەقیقە.

4-مایكل لاندا-ئیسپانیا- بە جیاوازی (5:58)دەقیقە.

5-ئەندریك ماس -ئیسپانیا- بە جیاوازی (6:07)دەقیقە.

 159 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*