سەرەکی » مانشێت » ئارام بنوو پیاوە جوامێر و مەردەكەی گەرمیان

ئارام بنوو پیاوە جوامێر و مەردەكەی گەرمیان

قوباد تاڵەبانی

هەر كاتێك وشەی جوامێر یان پیاوی مەردم دەكەوێتە بەر گوێ، یەكسەر كاك سەڵاحی كوێخام دێتە بەرچاو. كاك سەڵاح نموونەی مەردایەتی و مێرخاسی و پەرۆشی بوو بۆ خاك و نیشتمان. پێشمەرگەیەكی پارتیزان و دڵسۆز، دەوڵەتمەدار و بەرپرسێكی دەست و دامێن پاك و رەوشت بەرز و بە هەموو مانایەك مەرد.
كاك سەڵاح زۆر جیاواز بوو و تا دواساتەكانی ژیانی بە پاكێتی و بە هەمان ئەو بیر و باوەڕەوە ژیا، كە لە گەنجێتیدا لەپێناویدا بووە پێشـمەرگە و هەرگیز رێگەی نەدا ناو و ناوبانگی لەكەدار بێت.
كاك سەڵاح وەكچۆن لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتیدا مەرد و جوامێر بوو، لە قۆناغی پاش پێشمەرگایەتیشدا هەر مەرد و جوامێر مایەوە. نەیهێشت پلە و پۆست ناوی بزڕێنێت. ئەو دەسەڵاتە زۆرەی وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هەیبوو، بەكاری نەهێنا بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی یان بۆ پڕكردنی گیرفانی.
لە دوا كۆنگرەی یەكێتی، لە ناو گەرمییانیەكاندا رەنگە كاك سەڵاح خۆشەویسترین و بەهێزترین ئەندامی كۆنگرە بووبێت، كەچی پاشەكشەی كرد بۆ هەندێك هەڤاڵی تر، تا گرژی نەكەوێتە ناو كۆنگرەوە.
لە ژیانمدا لە كەم شت پەشیمانم. بەڵام هەست دەكەم غەدرم لەم پیاوە مەزنە كرد. دوو ساڵ بوو داوای دەكرد خانەنشینی بكەم و هەڤاڵێكی تر لە شوێنەكەی دەستبەكار بێت، بەڵام من لێی پاڕامەوە كە لەبەر هەستیاریی دۆخەكە و ئەو هاوسەنگییەی رایگرتبوو و هەروەها لەبەر ئەو رێزەی كە لە گەرمیان هەیبوو، بەردەوام بێت لە خزمەتكردنی گەرمیان. ساڵی رابردوو بەڵێنم پێدا كە یەكساڵی دیكە بەردەوام بێت خانەنشینی دەكەم. ئەوەبوو سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ خانەنشین كرا.
بەڵێ كوێخا جوامێرەكەی گەرمیان دوو ساڵ تەنیا لەبەر خاتری من و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، ویست و خواستی خۆی و هاوسەرە بەڕێزەكەی مامۆستا هیام-ی بەلاوەنا و لە پۆستەكەی بەردەوام بوو.
ئێستا پەشیمانم و هەست ئەكەم غەدرم لە خۆی و مامۆستا هیام-ی هاوسەری كرد، كە بە پێداگرییەكانم نەمهێشت لانیكەم دوو ساڵ بە ئارامی و دوور لە فشاری بەرپرسیارێتی پێكەوە بژین. زۆر دڵگرانم كە نەیتوانی یەك رۆژ چێژ لە ژیانی خانەنشینی ببینێت، چونكە هەر كە خانەنشین بوو، تووشی پەتای كۆرۆنا بوو. لێرەدا هیچم نییە بیڵێم، جگە لەوەی زۆر داوای لێبوردن بكەم لە مامۆستا هیام.
هیوادارم كاك سەڵاح و ئەداكەی نموونەیەك بێت بۆ ئەو كەسانەی نایانەوێت مێژووی خۆیان بە كاری نەشیاو ناشیرین بكەن. ژیان و تێكۆشانی كاك سەڵاح فێرمان دەكات هەر كەسێك كە ئەمڕۆ لەهەر بوارێكدا ناوبانگێكی هەیە، ئەگەر بە پاكی و بە رەوشت بەرزییەوە بژین، ئەوانیش دوای خۆیان وەك كوێخا جوامێرەكەمان بە جوانی دەچنە ناو مێژووەوە.
هەرچەندە وشەكان زۆرجار لە ئاست شكۆ و ناوبانگ و مێژووی مرۆڤە مەزنەكاندا كورت دەهێنن، بەڵام دوای هەموو ئەو ساڵانەی یەكتر ناسینمان، هەست دەكەم تەنیا وشەیەك كە شیاو بێت لەپاڵ ناوی كاك سەڵاحدا دایبنێم، ئەوەیە كە بڵێم: كاك سەڵاحی مەرد.
رۆحت شادبێت كاك سەڵاح .. كوێخاكەی خۆم و گەرمیان

 164 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*