سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا بەغدا بەجێدەهێڵێت

دێتە هەولێر

ئەمریكا بەغدا بەجێدەهێڵێت

ئەمریكا بەنیازە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا دابخات و توێژەرێكیش لە پەیمانگەی (واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك)، هۆكارەكانی ئەو هەنگاوە ئاشكرا دەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێت گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شاری هەولێری هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

توێژەرێك لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك، باس لە هۆكاریی هەڕەشەكانی ئەمریكا دەكات بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی و پاشەكشەكردن لە بەغدا و دەڵێت، هەڕەشەكان “ڕاستەقینەن”.

بیلال وەهاب تویژەر لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند”خواستی ئەمریكا بۆ پاشەكشەپێكردنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە بەغدا، خواستێكی راستەقینەیە لەبەر چەندان هۆكار كە بریتین لە: ماندووبوون و ناڕەزایی بەرانبەر بە مامەڵەی عیراقی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و هەموو وڵاتان لەڕووی دروستكردنی ئاستەنگ لە پێدانی ڤێزە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت بچنە نێو عیراق”.

بە وتەی ئەو توێژەرە”پەیوەندی عیراق و ئەمریكا بە تەواوەتی بۆتە سەربازی و دامەزراوەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی بەردەوام دەكرێنەئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازیی دەوڵەت و دووركەوتنەوە لە بەرپرسیارێتی”.
بیلال وەهاب دەڵێت”داواكارییەكانی ئەمریكا گەورە نیین كە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكایە، كێبڕكێیەكی ناوخۆیی هەیە بۆ شەرمەزاركردنی حكومەتی عیراقی، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لە بەغدا لە بەرژەوەندی عیراق نییە”.

پێشتر سامیویل وربێرگ وتەبێژی ئیقلیمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو”حكومەتی ئەمریكا هەموو ڕێوشوێنێك بۆ پاراستنی باڵۆزخانەكەی و نێردە دیپلۆماسییەكەی دەگرێتەبەر، وێڕای ڕووبەڕووبوونەوەكانیش باڵیۆزخانەكە لە بەغدا بەردەوامه لە كارەكانی”.

بە وتەی سامیویل وربێرگ”ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوام دەبێت لەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ عیراقییەكاندا هەیەتی، بەڵام هەندێك گروپ هەن باڵیۆزخانەی ئەمریكا و تەنانەت دامەزراوە عیراقییەكان و عیراقییەكانیش دەكەنە ئامانج، لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ هەموو هێزە ئەمنییەكانی عیراق بۆ بنبڕكردنی مەترسییەكان”.

وربێرگ پێیوایە”ئەوان بەردەوامن لە پەیوەندییەكانیان و باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدایە، وێڕای ڕووبەڕووبوونەوەكانی بەردەمیان و ئەو هێرشانەی لە عیراق لە دژەیان ئەنجام دەدرێن، بونی ئەوان لە عیراقدا بەردەوام دەبێت، گەر ئەو هێرشانەش زیادییان كرد، ئەوان هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەكەیان و نێردەی دیپلۆماسی دەگرنەبەر”.

وربێرگ دەڵێت”زۆربەداخەوە گەلی عیراق بەدەست ئەو هێرش و پەلامارانەوە دەناڵێنێت كە تێیدا گوللـە و بۆمب ئاراستەی باڵێوزخانەی ئەمریكا دەكرێن، ئامانجی سەرەكی ئەوانەش گەلی عیراقە كە بەدەست نائامادەیی ئەمریكایی و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن باڵیۆزخانەكەیان بگیرێتەبەر لەبەرانبەر ئەو هێرشانە، باش دەزانیین ئەوانەی ئەو هێرشانە دەكەنە سەر باڵیۆزخانەكەمان، دوژمنی عیراق و و دوژمنی گەلی عیراقن”.

لە 27ی ئەیلولی 2020وە، هەواڵەكانی تایبەت بە خواستی راستەقینەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بڵاودەبێتەەوە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، ئەمەش بەهۆی ئەو هێرشە مووشەكیانەی بەشێوەیەكی نیمچە ڕۆژانە لەلایەن لایەنە نادیارەكانەوە دەكرێتەسەری، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەڵوێستێكی فەرمی نە لەلایەن حكومەتی عیراق و نە لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 29ی ئەیلولی 2020، بەبێ‌ ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ناوی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بهێنێت رایگەیاند، پاشەكشەكردن یان داخستنی بارەگای نێردەیەی دیپلۆماسی هەر وڵاتێك كاریگەریی كارەستباریی بۆسەر هەموو ناوچەكە دەبێت.

ئەحمەد موللا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”داخستنی بارەگای نێردەی دیپلۆماسی هەر وڵاتێك لە بەغدا، كاریگەریی كارەساتباری بۆسەر هەموو ناوچەكە دەبێت”، ڕەتیشكردەوە حكومەتی عیراق ڕێگەبدات وڵات بكرێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران و تەئكیدی لەسەر پشتیوانی واشنتن و تارانیش كردەوە بۆ ئەو هەڵوێستە.

بە وتەی موللا تەڵاڵ”كازمی ڕەتیدەكاتەوە لەئێستادا داگیركەر لە وڵاتدا هەبێت و پێیوایە هاتنی هێزەكانی هاوپەیمانانیش لەسەر داوای حكومەتەكانی پێشوو بووە”، ئاماژەی بەو ڕێوشوێنانەش كرد كە لەلایەن حكومەتەوە دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە ئەمنییەكان ڕایانگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە چوارچێوەی مەشق و ڕاهێنانەكانی كە كارەستەكان و ڕێوشوێنەكانی باری نائاسایی لەخۆدەگرێت، زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێدا.

لە 28ی ئەیلولی 2020، سەرچاوە ئەمنییەكان لە بەغدا بە میدیا عیراقییەكانیان ڕاگەیاندبوو”باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، دەستیكردووە بە لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی مەشق و ڕاهێنانەكان و تاقیكردنەوەی كەرەستەكان و رێوشوێنی باریی نائاساییە”، ڕەتیشیانكردەوە باڵیۆزخانەكە و دەوروبەری ڕووبەڕووی هێرشی مووشەكی بوبێتنەوە.

پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ڕایگەیاندبوو، چەندان تاقیكردنەوە ئەنجام دەدات كە دەنگییان دەگاتە ئەو دانیشتوانەی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەكە نیشتەجێن.

لەئێستادا تەنگژەكان لەبارەی هەژمووی واشتن و تاران لە عیراقدا گەیشتوونەتە ترۆپك و پێشتر مایك بۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەرپرسانی عیراقی سەرپشك كردبوو لەنێوان داخستنی باڵیۆزخانەكە، یان ڕاگرتنی ئەو هێرشە مووشەكیانەی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق دەكەنە ئامانج.

لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار دوایین هەوڵەكانی كردنەوەی كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكای لە شاری هەولێری هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد كە چاوەڕوان دەكرێت لەسەر ئاستی جیهان گەورەترین كونسوڵخانە بێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە 29ی ئەیلولی 2020 بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عیراقی ڕاگەیاندبوو”كونسوڵخانە نوێیەكەی ئەمریكا لە هەولێر كە چاوەڕوان دەكرا لە هاوینی 2023 بكرێتەوە، كۆمپانیای جێبەجێكار كە زیاتر لە هەزار كرێكاریی هەبوو، ڕێنمایی پێگەیشتووە كارەكانی لە بارەگای كونسوڵخانەدا خێرابكات”.

بە وتەی سەرچاوەكە”دوای زیادكردنی ژمارەی كرێكارەكان تێیدا، چاوەڕوان دەكرێت بارەگا نوێیەكەی كونسوڵخانەكە لە هاوینی داهاتوودا بكرێتەوە، كاركردنیش بەردەوامە تا كونسوڵخانە نوێیەكە شوێنی پتەو بۆ پاسەوانان و كارگەكان و هۆتێلەكان لەخۆبگرێت”.

سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات دەڵێت”خێراكردنی كارەكانی بنیاتنان بەو هۆیەیە كە كونسوڵخانەی ئێستا لە ناوچەی عەنكاوە لە تەلارێكی بچوكدایە و لەڕووی ئەمنییەوە بەشێوەیەكی باش پارێزراو نییە”.

 533 جار بینراوە