سەرەکی » کەلتوور » خوێنەر بە کۆکردنەوەی کتێبەکان دروست نابێت

ئاوات ئەحمەد سوڵتان:

خوێنەر بە کۆکردنەوەی کتێبەکان دروست نابێت

یەكێك لە پرسە جدی و كاریگەرەكانی دونیای ڕۆشنبیری، مەسەلەی سیحرو جادوی كتێبە، كە لە ڕێگایەوە مرۆڤ بەر چەندین سەدە لە زانست و زانیاری و مێژووی داهێنانەكانی مرۆڤ دەكەوێت، بێگومان لەپاڵ پرسی كتێبیشدا پرسی دەستنیشانكردنی فیگۆری خوێنەر یەكێكی كەیە لەباسە پێویستەكان، لەم دیدارەداو لە ڕێگای وروژاندنی ئەم پرسیارانەوە نووسەرو وەرگێڕ(ئاوات ئەحمەد سوڵتان) دەدوێنین.

2-2

سازدانی: شاخەوان سدیق

 

+ ئەی ئەگەر خوێنەر هوشیار بوو، وە ئاگاداری گرنگی كتێب بوو، ئەوسا (ئاگایی خوینەر و ئاگایی کتێب) چۆن دەبێت؟ ئایا كتێبیش بەرپرسیارە بەرامبەر خوێنەر؟

_با چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە: چەند ساڵێک لەمەوبەر پارتێکی سیاسی نوێ دامەزرێنرا، سەرۆکی پارتەکە چەند کەسێکی ڕاسپارد کتێبی بۆ بکڕن. بەڵام هەموو کتێبێک نا! ئەو چەند مەرجێکی هەبوو:

‌أ.بەرگی کتێبەکە ڕەق بێت،

‌ب.لە (٥٠٠) لاپەڕە کەمتر نەبێت،

‌ج.چەند بەرگێک بێت..

سەرەنجام ئەوەی ویستی زۆر بە باشی بۆی جێبەجێکراو لە پشتی خۆیەوە لە کتێبخانەیەکی جواندا ڕیزی کردن.

ئایا ئێمە ئێستا خوێنەرێکمان هەیە؟ ئەو کتێبخانە گەورەیە کە پڕێتی لە کتێبی سەیر و سەمەرەی پێکەوە نەسازاو (ڕێنمای چێشتلێنان، ئافەتە کشتوکاڵییەکان، کتێبی پزیشکی، ئەدەبی، مێژوو، جۆرەها کتێبی دیکە) کە تاکە شت پێکەوە کۆیان بکاتەوە دوو سیفەتە: یەکەم هەموویان ئەستورن و دووهەمیش هەموویان بەرگەکانیان ڕەق و ڕەنگاو ڕەنگ و نوێن. ئەمەی لێرەدا هەمانە چیە؟

کاتێک سەرۆکی پارت دەبینین لە پشتی مێزەکەیەوە و لەبەردەم کتێبخانەکەیدا قسە دەکات، ئایا هەست دەکەین خوینەرێک لەوێیە؟ ئەم پیاوە سیاسەتمەدارە تا ئەم ساتە خۆی ماندوو نەکردووە تا لە دەرگای کتێبەکان بدات، ئەو هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ کتێبەکاندا ناگرێت، بەڵکو وەهمی خوێندنەوە دەخاتە زەینی جەماوەرەکەیەوە. دەیەوێت وێنەیەکیان لا دروست بکات کە ئەو کتێبانەی خوێندۆتەوە!

ئێستا ئەگەر گریمانە بکەین، کەسێكی نائاسایی، یاخود کاراکتەرێکی ناو یەکێک لە چیرۆکەکان، دێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی پشتەوە سیاسەتمەدارەکەمان. دەبێت ئەو کەسە چی بکات؟ ئەم کتێبانە لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی خوێندنەوە و لەگەڵ پەرەسەندنی هزر و کەشفکردنی نهێنییەکانی خوێندنەوەدا پەیدا نەکراون. پەرت و بڵاو، بابەتی جۆراوجۆر و فرە بابەت. دەتوانم بڵێم ئەو کتێبخانەیە پڕێتی لە کتێب و دژە کتێب! بەجۆرێک کە قابیلی خوێندنەوە نین، یاخود کەس ناتوانێت بە تاقی تەنها دابنیشێت لە یەک ماوەی بەردەوامدا ئەو هەموو کتێبە ناکۆک و سەیر و سەمەرانە بخوێنێتەوە. ئەوە پرۆسەیەکە ئەنجامدانی نزیک دەبێتەوە لە مەحاڵ. بۆچی؟ دەڵێن باڵندەی سیمرغ هەرچییەک بێتە بەردەستی دەیخوات، بێشک خوێنەر لە چەشنی ئەو باڵندەیە نیە هەرچییەک بێتە بەردەستی بیخوێنێتەوە. هەرکەسێكیش ئەم کارە بکات، کۆتاییەکەی بەوە دەگات هیچی نەخوێندۆتەوە.

کابرای سیاسەتمەداریش هەر لە بنەڕەتەوە ئەو کتێبانەی بۆ خوێندنەوە لەوێدا کۆ نەکردۆتەوە، ئەو سیفەتی کتێب بوونی لەوانە وەرگرتۆتەوە. چ جیاوازییەک دروست دەبوو، ئەگەر ئەو سیاسەتمەدارە لەبری ئەو کتێبانەی پشتی خۆی، کەسێکی بناردایە بۆ کتێبخانەیەک و وێنەی کتێبەکانی بۆ بگرتایە و پاشان وێنەکەی گەورە بکردایە و بە دیوارەکەی پشتی خۆیدا هەڵی بواسییایە؟ ئایا وینەی کتێبەکان هەمان ڕۆڵی بۆ سیاسەتمەدارەکە نەدەبینی؟

+ بەبڕوای تۆ خوێنەری ئەكتیڤ چۆن پەیدا دەبێت، چۆن هوشیارانە بڕوانێتە كتێب و تێكست و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بكات واتە لە دۆغی (نائاگایی خوێنەر و ئاگایی کتێب) دا پرۆسەكە چی لیدێت؟
_ خوێندنەوە پرۆسەیەکی درێژخایەنە، خوێنەر ئەزمونی خوێندنەوەی لە کتێبێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ کتێبێکی دی، هەموو جارێک کە لەگەڵ کتێبێکی نوێدا مامەڵە دەکات، هەموو ئەزمونی ڕابردووی لەگەڵ خۆی دەبات، تا سەرەنجام فێر دەبێت (کتێبی خۆی) بخوێنێتەوە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ ئەو کتێبەدا کە نووسەر خستوویەتیە بەردەستی. سیحری خوێندنەوەش ئەمەیە! هەر ئەمەشە هۆی ئەوەی کتێبێک دوای ئەوەی خوێندرایەوە، ئیتر بەهای خۆی لەدەست نادات، چونکە هەمیشە خوێندنەوەیەکی دیکە لەوێ هەیە کە دەتوانیت لە ئایندەدا ئەنجامی بدەیت.

سەیری ئەو کەسە بکە کە پێی دەڵێین (حافز)! عەرەبەکان وشەیەکی زۆر جوان بۆ ئەم کەسە بەکاردەهێنن، کە بەزمانی خۆمان مانای (خوێنەرەوە) دەگەیەنێت. واتە ئەو کەسە کتێبێک دەخوێنێتەوە کە خوێنراوەتەوە. کە ئەم وشەیە بەرگوێی من دەکەوێت، حاڵەتێکی دۆش دامان و سەراسیمەبوونم لا دروست دەکات، وەک دەڵێم تووشی (واق وڕمان) دەبم! سەرنجی ئەوەش بدە کە حافزەکان بەزۆریی نابینان، ئەوانە یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی خوێندنەوەیان نیە، بگرە هەندێکیان ئەو زمانەش بە باشی تێناگەن (جاریکیان گوێم لێ بوو باسی کەسێکیان دەکرد کە تەنها دەنگەکانی لەبەر کردبوو، شتێکی ئەوتۆی لە زمانەکە نەدەزانی). ئەمە سوکایەتیکردن نیە بەو پیشەیە؛ ئەوەش لە بەستێن (کۆنتێکست)ی خۆیدا کاری خۆی دەکات، بەڵام کارێکە پەیوەندیی بە خوێندنەوەوە نیە و ئاماژە پێدانی لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستێکی تایبەتییە.

+ ئایا دەشێت کتێبێک لە ئەنجامی خوێندنەوەی جار لەدوای جار و هێرشی خوێنەرەکان بۆ سەری و بە تێپەڕینی کاتێكی زۆر، ئیتر بەکەڵکی خوێندنەوە نەمێنێت و هەموو نهێنییەکانی خۆی بدات بەدەستەوە؟ شتی وا دەکرێت؟

_ کە دەمەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەگەمە ئەوەی کە ئەمە ساتەوەختی کوشتنی کتێبەکانە، بەتاڵکردنەوەیانە لەمانای (کتبێب بوون). ئەو کتێبانەی دەکوژرێن چییان لێ دێت؟ دەبن بە کتێبی پیرۆز! کتێبی پیرۆز ئەو کتێبەیە کە ناخوێندرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە بە بەردەوامی دەخوێنرێتەوە! هەرچییەکیش لەبارەی ئەو کتێبانەوە دەوترێت پەیوەندیی بە خودی کتێبەکانەوە نیە، یاخود پەیوەندییەکی ئاڵۆزو تەماوی و ساکێنەری هەیە.

هەربۆیە بەشێوەیەکی بەردەوام کتێبە پیرۆزەکان کەس یان گروپێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی لێکدانەوەو ڕاڤەکاریی بۆ کتێبەکە بکەن؛ کتێبەکە ناخرێتە بەردەستی جەماوەری گشتی. ئەمە لە سەردەمەکانی ڕابردوودا بە زەقی پیادە دەکرا، بەڵام پیشەسازی چاپەمەنی و وەرگێڕدرانی کتێبە پیرۆزەکان لە زمانە سەیرو قورسەکانیانەوە بۆ زمانە باوەکان، ئەمەی تا ڕادەیەک کاڵ کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کتێبە پیرۆزەکان خۆیان قابیلی خوێندنەوە نین، چونکە ئەوانە دەرگاکانیان زۆر بە مەحکەمی داخراوەو هەوڵدان بۆ کردنەوەیان و ئەنجامدانی خوێندنەوەی تایبەت یاخود جیاواز، مەترسی گەورە دروست دەکات. دواهەمینی ئەو مەترسییانەمان لەگەڵ دکتۆر محەمەد شەحروردا بینی. ئەم پیاوە لە دەرگایەکی دیکەوە، یاخود لە هێڵێکی دیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا گرت. تەحەدای کردو وتی نەخێر، کتێبەکەمان هێشتا نەخوێندراوەتەوەو من دەست دەکەم بە خوێندنەوەی.

+ پێم خۆشە لەبارەی كتێبە پیرۆزەكانەوە بۆم بدوێيت، ئایا ئەوانەی پێیان دەوترێت كتێبی پیرۆز، دەتوانین وەك هەموو كتێبەكانی دیكە لێیان بڕوانین؟

_ قسەکردن لەبارەی کتێبی پیرۆزەوە هەم زۆر دەخایەنێت و هەم ترسناکە و هەم تا ڕادەیەکی زۆریش لە پرسی خوێندنەوە دوورمان دەخاتەوە. بەڵام ویستم بەشێوەیەک لە شێوەکان دوو چەمکی پێ ڕوون بکەمەوە: ناکتێب و ناخوێندنەوە. مەبەستم لەوەیە کتێبە پیرۆزەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان کتێب نین، بەڵکو شتێکی دیکەن، کە ناتوانین لەناو پێناسەیەکدا کۆیان بکەینەوە. سەرنجت داوە لە ماڵە کۆنینەکانی شاردا، لەو جێگایانەی پیرەمێردەکان و پیرەژنەکان دەژین، بەرگێکی سەوز بۆ کتێبی پیرۆز دروستکراوەوەو بە تەنها لەسەر تاقێک دانراوە. ڕەنگە ساڵانێکی درێژ بێت هەروا بەو شێوەیە لەوێدا مابێتەوە. ئەو کتێبە وەزیفەیەکی دیکەی هەیە جگە لە خوێندنەوە: دەتوانین بڵێن موفەڕک (پیرۆزکردن)، ئارامی دەرونیی (پاراستن لە هێزو بوونەوەرە پەنهان و نەبینراوەکان، لەنمونەی جنۆکە)، بەخشینی هێز، هەرەوەها خستنەڕووی شوناسی ئاینداریی و لەخواترسانەی ئەوانەی کتێبەکەیان لەوێ داناوە. ئەمانە کردەوەن، ڕەنگە بۆ خودی کەسەکان و گەلێک کەسی دیکەش کردەی چاک بن، بەڵام خۆ خوێندنەوە نین!

بە یەک سەرنجی دیکە کۆتایی بە باسی کتێبی پیرۆز دەهێنم: لە ئێستادا خەڵک بەدەگمەن بەرگ دەگرنە کتێبە پیرۆزەکان، بەڵام هەمیشە لە جێگایەکی بەرزدا دایان دەنێن، یان ئەگەر لەناو کتێبخانەدا بێت، وەک کتێبێکی ئاسایی لەتەنیشتی ئەوانیترەوە دایان نانێن، بەڵکو بە پاڵکەوتوویی لەسەرووی هەموو کتێبەکانەوە دایان دەنێن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەم کتێبە لەسەرووی خوێندنەوەیە. ڕاستە ناوبەناو دایدەگرن و دەیخوێننەوە، بەڵام ئەوانە تەنها وشەکان یەک بەدوای یەکداو بەپێی سیستمێکی تایبەتی دەنگ و هەناسە خەریکی دەبن، هیچ کارێکی دیکەیان نیە.

+ ئێستا پرسیارەکەی سەرەتا بە شێوەیەکی دیکە دەکەم: ئایا کۆکردنەوەی کتێبی زۆر مانای بوونی خوێنەرى جدیە؟

_ بێگومان خوێنەر بە کۆکردنەوەی کتێبەکان دروست نابێت، ئەگەر وابووایە، ئەوە ئەمینی مەخزەنەکان، کارمەندەکانی چاپخانە، کتێبفرۆشەکان… هتد هەموویان خوێنەر، بگرە خوێنەری زۆر زرنگ دەبوون. ڕەنگە لێرەو لەوێ لەناو ئەوانەدا خوێنەرێک لە یەکێک لە ئاستەکاندا ببینین، بەڵام هەر بەوەندەی مامەڵەت لەگەڵ کتێب کرد نابیت بە خوێنەر.

کاریكی زۆر زیاترو قورسترت لە پێشە تا ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی بتوانین وەک خوینەر ناوت ببەین.

دەتوانین بە سەرۆکی پارت بڵێین چی؟ خۆی قۆز کردووەو ئەو هەموو کتێبەش لە پشتییەوە دیارن! ئەو هیچ نیە جگە لە پاسەوانێک، لە وەردیانێک کە هەوڵ دەدات ئەو (شت)انە لەشوێنی خۆیان بمێننەوە، دەرگاکانیان بە کڵۆمدراویی جێبهێڵدرێن و پرۆسەی خوێندنەوە ڕوونەدات، واتە کتێبەکان پەیدا نەبن.

تۆ پاسەوانی بانکت بینیوە؟ لەدەرەوە وەستاوەو بیر لەوە دەکاتەوە چۆن قەرزەکانی بداتەوە، کەچی ناو بانکەکەش پڕە لە پارە. ئەو هەروا بە بەردەمی باڵاخانەی بانکدا دێت و دەچێت، پاسەوانیی لە پارەیەک دەکات کە هی خۆی نیە؛ هیچ زانیارییەکیشی لەبارەیەوە نیە، هی کێیە یان چی لێ دەکرێت!

+ چۆن دەتوانین ئامانجی خوێنەرەكان جیابكەینەوە، ئایا هەموو ئەوانەی كە دەخوێنەوە ئامانجی گشتگیریان لەناو كتێبەكاندا هەیە، یان جۆرەكانی خوێنەر ئامانجەكان جیادەكەنەوە؟

_ من لە یەکێک لە سیمینارەکانمدا باسم لە جۆرەکانی خوێنەر کرد. لەوێدا ئاماژەم کرد بۆ هەندێک کەس کە بەحوکمی پیشەکانیان ناچارن کتێب بخوێننەوە، وتم ئەوانە پیشەوەرن، خوێنەر نین. نمونەی ئەوانە قوتابی و مامۆستا، هەڵەبڕ، ڕۆژنامەوان، ئەو کەسەی پێداچوونەوە بۆ کتێبەکان دەکات، پزیشک، پارێزەر… هتد. ئەمانە هیچیان خوێنەر نین. ئەی چی دەکەن؟ ئەمانە لەناو پرۆسەیەکدان کە وەک میکانیزم و ئەگەر لە دوورەوە سەیری بکەیت لە خوێندنەوە دەچێت، بەڵام خوێندنەوە شتێکی دیکەیە، ئەمانە لەپێناوی ئامانجێکی دیاریکراودا ئەو کارە دەکەن کە دەکەوێتە دەرەوەی کایەی پەیوەندیگرتن بە کتێبەکانەوە.

بەهەمانشێوە ئەوانەی لەناو گروپداو بەپێی فەرمانێک یان داخوازییەکی دیاریکراو کتێبەکان دەخویننەوە (کە ئەمیان ئەوەندە لە پرۆسەی خوێندنەوە نزیکە، ئەگەر وریا نەبین بۆمان جیاناکرێتەوە)، ئەمانیش دیسان خوێنەر نین. مەبەستم لەوانەیە کە گروپە ئاینیی سیاسی، پیشەییەکەیان ژمارەیەک کتێبی دیاریکراویان بۆ دەستنیشان دەکەن تا خۆیانی پێوە خەریک بکەن. ئەمانە خەریکی لەکتێبخستنی کتێبەکانن، بچووکردنەوەی خوێنەرن بۆ ئامڕازی کردەیی لە کایەیەکی دیاریکراودا. خوێندنەوە پرۆسەیەکی سەپێنراو نیە، بەڵکو بژاردەیەکی ئەقڵانییە. واتە خوێنەر کەسێکە خاوەنی کاتی ئازادو بڕیاری خۆبەخۆیە بۆ ئەوەی بخوێنێتەوە.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا، بەهۆی کەیسێكی یاساییەوە ڕێم کەوتە لای خاتوونێکی دادوەر. لەکاتێکدا کە من لەبەردەمیدا بەپێوە وەستابووم، ئەو سەیری کتێبەکەی بەردەمی خۆی دەکردو ناوبەناو گوێم لە دەنگێک دەبوو، دەمزانی پرسیار لەمن دەکات. ئایا ئەو خاتوونە خەریکی کتێب خوێندنەوەیە؟ ئەو کتێبەی بەردەستی پڕە لە بەندی یاسایی کە پەیوەندییان بە زەوتکردنی ئازادی کەسەکان، یاخود سزادانیان بەوەی دەسبەرداری بەشێک لە سامانەکانیان ببن، یاخود ڕێگایان پێ بدەن بڕۆن… ئەمانە کتێبی خوێندنەوەن؟ خاتوونی دادوەر خوێنەرە؟

+ لە جێگایەكدا دەستەواژەی (دژەکتێب)ت بەكارهێنا دەتوانی كەمێك زیاتر مەبەستت لە بەكار هێنانی وشیە ڕوونبكەیتەوە؟

_ زۆر ڕاستە من لەسەرەوە دەستەواژەی (دژەکتێب)م بەکارهێنا. لەوێدا مەبەستم لەهەموو ئەو (شت)انەیە کە لە شێوەو سیمای دەرەوەیاندا لە کتێب دەچن، بەڵام ئەرکی دیکەیان هەیە جگە لەوەی پەیوەندیی لە نێوان نووسەر و خوێنەردا دروست بکەن. یەکێک لە خاسییەتە سەرەکییەکانی دژە کتێب ئەوەیە نووسەرەکەی ناسراو نیە، یاخود ژمارەیەکی زۆری (نووسەر)ەکان کاریان تێدا کردووەو بەردەوامیش خەریکی کارکردنن لەسەری. بێگومان دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە من لە بەکارهێنانی وشەی دژ وەک پێشگرێک بۆ کتێب، مەبەستێکی نەرێنی یان شەڕەنگێزانەم نیە، بەڵکو ڕوونکردنەوەی واقیعێکی دیکەیە کە بە ئاسانی خۆی بەیان ناکات. بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە: کتێب و خوێنەرو نووسەرەکان، کاتێک بە پرۆسەیەکی دیاریکراودا تێدەپەڕن، دەگۆڕێن بۆ دژەکانیان. ئەمە چۆن؟ ئەمە پرسیارێكی گرنگەو لە دەرفەتێكی تردا لێی دەدوێین و وەڵامی دەدەینەوە.

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*