سەرەکی » ئابووری » ״هیچ دەروازەیەكی سنووریی نافەرمی لە هەرێمی كوردستان نییە״

״هیچ دەروازەیەكی سنووریی نافەرمی لە هەرێمی كوردستان نییە״

یەکەی ئابووری

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم، ئاشكرایكردوە، بڕیارەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و هیچ دەروازەیەكی نافەرمییش لە هەرێمدا بوونی نییە.

نۆ دەروازەیەو چواریان دەروازەیان نێودەوڵەتین
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم دەڵێت: «بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، تەنها ئەو دەروازە نافەرمییانە دەگرێتەوە كە لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقدان، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی بۆ راسپێردراوە».

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم وتیشی: «لە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەروازەی لاوەكی و نافەرمی بوونی نییە ئەوەی هەیە نۆ دەروازەیە چواریان دەروازەیان نێودەوڵەتین و پێنجیان دەروازەی نانێودەوڵەتین، ئەمانەش حكومەتی عیراق تیم و ستافی تایبەتمەندی بۆ ناردون و بەدواداچوون كراوە بۆ كارەكانیان تەنها ماوەتەوە دانپیدانانیان بۆ بكرێت، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە فەرمی ناسێنراون».

سەبارەت بە داهاتی دەروازەكان، ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەكرد، بۆ داهاتی دەروازەكان مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكرێت و سەرجەم داهاتەكانیش دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و گەنجینەكانی حكومەتی هەرێم.

بە ئەلیكترۆنی كراوە
بەڕێوبەری گومرگی هەرێم باسی لە بوونی قاچاخچێتی كرد لە دەروازەكاندا و وتی: «ئێستا سیستمی دەروازە سنوورییەكان بە ئەلیكترۆنی كراوەو بەستراوەتەوە بە تۆڕێكی ئینتەرنێتی و راستەوخۆ بەستراوە بە سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەوە، بۆیە هەموو ئەو كاڵا و بارانەی دێنە هەرێمەوە بەو سیستمەو بەشێوەیەكی رێكوپێك گومرگ دەكرێن، بەبێ دەستێوەردانی هیچ كەسێك».

ئەوەشی وت: «ئەوەی لە دەرەوەی سیستمی گومرگییە ئەگەر دیاردەی قاچاخچێتی هەبێت ئەنجومەنی وەزیران لێی ئاگادارە و لە چارەسەركردنی ئەو بابەتەدا كاردەكەن».

لە كۆبوونەوەیەكدا، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، دەبێت دەروازە سنوورییە نافەرمییەكان دابخرێن و رێگە نەدرێت چیتر زیان بە ئابووریی عیراق بگەیەنرێت لەو رێگەیەوە.

 48 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*