سەرەکی » ئاراستە » ئەو ژنە سویدییەی ناوزەنگ-ی کردە ماڵی خۆی

ئەو ژنە سویدییەی ناوزەنگ-ی کردە ماڵی خۆی

ئەگنێتا سالی ١٩٦٨ پاش ئەوەی مامۆستا و کەسایەتی ناسراوی کورد هۆمەر شێخموس-ی ناسی، ئیتر کورد و کوردستان بووە بەشێک لە ژیانی و رۆژ بە رۆژیش خۆشەویستی گەلی کورد لەلای ئەو خانمە ئێسک سوک و دڵسۆزە قوڵتر دەبێتەوە.

خانم ئەگنێتا پاش ئەوەی شووی بە هۆمەر شێخموس کرد، زیاتر لە مەسەلەی کورد نزیک بووەوە، تا سەردەمێک لەگەڵ هاوسەرەکەی بۆ ماوەی ٨ مانگ لەسەرەتای هەشتاکاندا چووە ناوزەنگ و لەنزیکەوە بەشداری لەژیانی پێشمەرگایەتی کرد. ماوەیەک بوو دەمویست لەنزیکەوە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا بکەم لەو دەرفەتەی بۆم رەخسا توانیم خاتوو ئەگنێتا بێنمە قسە و بڵێ:
لە ساڵی ١٩٦٨ هۆمەرم ناسی ئەوکاتە زۆر زۆر کەمم دەربارەی کورد دەزانی، چونکە ئەوێ دەمێ تەنها پێنج کورد لە سوید هەبوون ئەویش بۆ خوێندن هاتبوون، ئەوانی تریش هەمووی کوردی تورکیا بوون بۆ کارکردن هاتبوون. وردە وردە هۆمەر باسی کورد و کوردستانی بۆ دەکردم و منیش زیاتر لە مەسەلەکە دەگەیشتم.

لە راستیدا ئەو پێنج کوردەی بۆ خوێندن هاتبوون و پەنابەربوون رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە ناساندنی کێشەی کورد بە کۆمەڵی سویدیی، تاوای لێهات ئێستا کورد و مەسەلەکەی شتێکی زۆر ناسراوە لەناو کۆمەڵگای سویددا.

زۆرجار لەگەڵ ئەو پێنج کوردەدا بۆ رێپێوان لە بۆنەکاندا پێکەوە دەبوین، لە رۆیشتندا من لەلای راست و ئەوان لە لای چەپ دەڕۆیشتن.

لەساڵی ١٩٧٥ کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرا، هۆمەر یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی، بۆیە ئەو خاڵە وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ من، کە زیاتر لە مەسەلەی کورد نزیک ببمەوە بە تایبەت دوای ئەوەی کە رۆژنامەیەکمان بە ناوی ژ سپارک THE SPARK بە زمانی ئینگلیزی بۆ مەسەلەی کورد دەردەکرد.

* سەرەتای ناسینت لەگەل هۆمەر شێخموس چۆن بوو؟

لە راستیدا هۆمەر بۆ خوێندن هاتبوو بۆ سوید، بەڵام چونکە حەزی لە زمانی سویدی نەدەکرد، دەیوست بچێتە وڵاتێکی تر. من ئەوم هەر لە ساڵی یەکەمەوە ناسی، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی قسەمان دەکرد، دواتر بڕیاریدا کە لە سوید بمێنێتەوە.

* کەواتە کاک هۆمەر لەبەر تۆ لە سوید مایەوە؟

(بەپێکەنینەوە) بەڵێ من وام لێکرد لێرە بمێنێتەوە.

( ساڵی ١٩٧٨ هۆمەر شێخموس بۆ سێ هەفتە گەڕایەوە کوردستان، بۆئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەشداربێت، کەچی وەکو خاتوو ئەگنێتا گوتی؛ ئەم سێ هەفتەیە بوو بە ٧ مانگ تا لە پڕێکا دەنگی هۆمەرم لە تاران گوێ لێ بوو، گوتی؛ ئەوا دەگەڕێمەوە بۆئەوەی بە یەکجاری لە سوید بمێنمەوە).

* ئەی چۆن دوایی رای خۆی گۆڕی؟

پاش ئەوەی گەڕایەوە سوید پاش ماوەیەک رای خۆی گۆڕی، گوتی؛ دەگەڕێمەوە کوردستان، بۆیە منیش بڕیارمدا لەگەڵیدا بچم، ئەوە بوو لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٠ چووم بۆ کوردستان و تا ناوەڕاستی مانگی تەمموز لەوێ مامەوە، جارێکی تریش لەمانگی نیسانی ساڵی ١٩٨١ چوومە کوردستان و تاکو مانگی ئاب من و هۆمەر پێکەوە بووین، دواتر لە ئێران لەسەر مەسەلەی فیزا چەند هەفتەیەک لە تاران گیرمان خوارد.

(لەسەرەتای هەشتاکاندا دۆڵی ناوزەنگ و نۆکان مەڵبەندی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند حزبێکی تری عێراقی و ئێرانی بوو، بۆیە زۆر کەس بە دۆڵی حزبەکان یان دۆڵی پێشمەرگەکان ناویان دەبرد).

خاتوو ئەگنێتا لە کۆمەڵێکی هێمن و پێشکەوتووی وەکو سویدەوە یەکسەر بەرەو ناوزەنگ بەڕێکەوت، دەبارەی سەرەتای ژیانی پێشمەرگایەتی لەوێ دەدوێ:
لە راستیدا هۆمەر زۆر بە وردی باسی ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ کردبووم، بۆیە لە رووی تیۆریەوە هەموو شتەکان لام روون بوو، بە تایبەتی سەختی ژیان و نەبوونی خواردن و سوتەمەنی و هاتوچۆ..هتد. ژیانی ناوزەنگ و ژیانی سوید جیاوازیان وەکو شەوورۆژ وابوو.

* یەکەم رۆژی گەیشتنت بۆ ناوزەنگ چۆن بوو؟

بەرلەوەی بەرەو ناوزەنگ بەڕێبکەوین، من لەگەڵ د. فوئاد مەعسوم بە سواری وڵاغ و هۆمەر و ئەوانی تریش بەپێ لە مەهابادەوە بەرەو ناوزەنگ بەڕێکەوتین. لەرێگە خەڵکێکی زۆرمان دەبینی و سەلامیان لێ دەکردین و وەڵاممان دەدایەوە، هەر لە یەکەم رۆژی گەیشتنم بۆ ناوزەنگ تا دوو مانگ ئەژنۆم ژانی دەکرد، چونکە لەکاتی جل و قاپ شوشتندا ئەبوو بە چیچکانەوە دابنیشیت، کە ئەوەش بۆ من زۆر سەخت بوو.

* ژنی تر لەوێ بوون؟

هێرۆ و نەرمین و روناک و ژنێکی تر کە ناوەکەم لەبیر نەماوە لەوێ بوون. سەرەتا لەگەڵ هێرۆدا برادەرایەتیم دروست کرد، دواتر رۆژ بە رۆژ پەیوەندیم لەگەڵ ئەوانی تر خۆش بوو و برادەرایەتیم دروست کردن. سەرەتا ئێمە پێنج ژن بووین، بەڵام لە هاوینی ساڵی ١٩٨١ ژن و منداڵ و خێزانی تر هاتنە ناوچەکە.

* دوای گەڕانەوەت لە ناوزەنگ چ گۆڕانکاریەکت بەسەردا هاتبوو؟

من بۆ خۆم ژنێکی لاوازم، لەناوزەنگ پێنج کیلۆم کەمکردبوو، کە گەڕامەوە سوید لە ئاوێنە سەیری خۆم دەکرد، وام دەزانی لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی جولەکەکانی سەردەمی هیتلەر گەڕاومەتەوە.

* ئەی لە ناوزەنگ فێرە چی بوویت؟

پەیوەندیم لەگەڵ ئەو پێنج ژنەی ئەوێ زۆر خۆش بوو، ئەوە بۆ من حاڵەتێکی نوێ بوو، هەروەها لەناوزەنگ نەوشیروان مستەفا فێری چۆنێتی بەکارهێنانی کلاشینکۆف و دەمانچەی کردین، من و هۆمەر کە شەوان دەنووستین دەمانچەکانمان لەژێر سەرینی خۆمان دادەنا.

* ئێستا دەزانی چەک بەکاربێنی؟

(بەپێکەنینەوە).. ئەوکاتە دەمتوانی.
لەکاتی قسەکردندا ئەگنێتا گوتی:
من نەمدەزانی فڕۆکە چۆن بۆمبا فڕێ دەدا و شەڕ دەکات، بۆ یەکەمجار کە فڕۆکە بۆردومانی ناوچەکەمانی کرد، من دەمویست سەیریان بکەم تا بزانم چۆن شەڕ دەکەن، بەڵام دیارە ئەوە شتێکی خەیاڵی بوو، چونکە لەکاتێکدا کە من لەنزیک (کونە تەیارە)کەوە وەستابووم بۆئەوەی تەماشای فڕۆکەکان بکەم کە چۆن بۆردومان دەکەن، دوو کەس دەستی منیان گرت و منیان راکێشایە ناو (کونە تەیارە)کە. لەو بۆردومانەدا کەس شەهید یان بریندار نەبوو، هەروەها نەماندەزانی کە فڕۆکەکان هی عیراقن، یان هی ئێرانن، بەڵام جاری دووەم کە بارەگاکانمان لە تووژەڵە بوو ئەوجارە فڕۆکەی عیراقی بۆردومانی کردین، من و هۆمەر لە خەودا بووین و بوو بە هەراوهۆریا و ئێمەش وەکو خەڵکی تر خۆمان شاردەوە.

* ئەی دواتر چۆن ناوزەنگتان بەجێ هێشت؟

لە راستیدا بەر لەو هێرشانەی باسم کردن بڕیاردرابوو هۆمەر ببێت بە لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەبوو بە پێی ئەو بڕیارە ناوزەنگمان بەجێهێشت.

* کەواتە لەبەر هۆمەر لە ناوزەنگ مایتەوە؟

بەپلەی یەکەم بەڵێ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا حەزم لێبوو کوردستان ببینم و لە نزیکەوە شارەزای شاخ و دۆڵ و جوانیی کوردستان بم.

* ئەی بۆچی دوای راپەڕین و ئازادکردنی کوردستانی عیراق تا ئێستا سەردانی کوردستانت نەکردووە؟

لە ساڵی ١٩٩٣ هۆمەر گەڕایەوە کوردستان، ئەوکاتە من کارم دەکرد، بۆیە نەمتوانی لەگەڵیدا بگەڕێمەوە. جاری دووەمیش کە هۆمەر گەڕایەوە کوردستان ئەوکاتە من دەمخوێند. ئەمساڵیش کە گەڕایەوە بڕیاربوو لە ١/١٠ دەست بەکاربکەم، بەڵام بڕیارە ئەمجارە لەگەڵ هۆمەر بگەڕێمەوە و لە کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداربین.

* ئەوکاتەی لەناوزەنگ بووی لە کامەیان زیاتر دەترسایت، لە فڕۆکە یان لە مشک؟

لە راستیدا لە فڕۆکە نەدەترسام، چونکە پێشتر نەمبینیبوو، بەڵام لە مشک دەترسام، بۆیە هەر کە مشکێک بەدیار دەکەوت هاوارم دەکرد و بە پێشمەرگەکانم دەوت وەرن لێرە دووریان بخەنەوە، پێشمەرگەکانیش پێم پێدەکەنین. لە راستیدا لە ماری ژەهراوی زۆر دەترسام، لە هاوینی ١٩٨١ لە ناو خێوەت دەژیاین، مار چووە ناو خێوەتی زۆر لە هاوڕێکانمانەوە، هەروەها دووپشکیش هەبوو، وابزانم جارێکیان دووپشکێک دای بە شێخ دارۆوە.

* لەناوزەنگ وەک ژنێکی بیانی مامەڵەیان لەگەڵدا نەدەکردی؟

نەخێر، هەروەکو یەکێکی خۆیان تەماشایان دەکردم، بەرلەوەی بڕۆین بۆئەوێ هۆمەر هەوڵیدا فێری چۆنیەتی نووسینی کوردیم بکات بۆئەوەی شارەزایی لە دەنگەکان پەیدا بکەم. دواتریش نەرمین و ژنەکانی تر بە زمانی ئینگلیزی قسەیان لەگەڵ دەکردم و بۆئەوەی ئینگلیزییەکەیان بەهێز بێت، هێرۆ بەڵێنی دا کە فێری زمانی کوردیم بکات، بەڵام لەوکاتەدا وا رێکەوت کە لەگەڵ مام جەلال سەفەری دەرەوە بکات.

* چ یادگارییەکی خۆش و سەیرت دەربارەی ژیانی ئەوێ رۆژێ بە بیرماوە؟

لە راستیدا زۆر یادگاریم هەیە لەوانە، جارێکیان هۆمەر کۆبوونەوەی هەبوو لە مەهاباد، منیش لەگەڵی چووم بۆئەوێ هەندێک شت بکڕین، من سواری ئێسترێک بووم، لە کاتی گەنجێتیمدا لە سوید سواری ئەسپ بووبووم، بەڵام سواربوونی ئێستر بۆ من شتێکی نوێ بوو، بە تایبەتی کە ئێستر بەوە ناسراوە کە کەللە رەقە و بە کەیفی خۆی دەڕوات، لە رێگادا تووشی شوێنێکی هەزار بە هەزار بووین کە سەیری خوارەوەم دەکرد ژیانم لە جەستەم نەدەما، قەت لەو باوەڕەدا نەبووم کە رزگارم بێت، کەچی ئێسترەکە وەک نەبای دیبێ و نە باران زۆر بە ئاسانی لە شوێنەکە چووە خوارەوە. جارێکی تریش چووینە مەهاباد، لەمێژ بوو لە شوێنێکی خۆش نەخەوتبووین، ئێمەیان بردە شوێنێک بۆ خەوتن گوتیان ئەوە کاتی خۆی شا لێرە خەوتبوو، ئەمەش یادگارییەکی خۆش بوو لەبیری ناکەم.

* ئەی یادگاری ترت لەبیر نەماوە؟
جاروبار ئاغاکانی دەوربەر دەهاتنە لای هۆمەر، جارێکیان وا رێکەوت کە من بۆخۆم راستەوخۆ قسەیان لەگەڵدا بکەم، کە ویستم تەوقەیان لەگەڵدا بکەم، ئەوان تەوقەیان نەکرد، لەبەر ئەوە گوایە من ژنم، زۆر دڵم بەو رەفتارە تەنگ بوو، هۆمەر هەوڵیدا قەناعەتم پێ بکات کە ئەوە دابونەریتی لادێیە لە ناوچەکەدا، بەڵام من هەر قەناعەتم نەکرد. کاتێک کە هۆمەر قسەی لەگەڵ هەردوو ئاغاکە کرد یەکێکیان رازی بوو کە تەوقەم لەگەڵ بکا، بەڵام ئەویتریان هەر تەوقەی نەکرد، ئەوەشم لە یاد ناچێت.

* چیڕۆکت لەگەڵ ئەسپێ چییە؟

پاش هێرشی فڕۆکەکانی عێراق بۆسەر بارەگاکانمان، ئێمە ژنەکان چووینە لادێ خەوتین، شەوێ لەسەربان خەوتین، بەڵام سەیر لەوەدابوو چارپایەکان چەند تەبەقە بوون، هەریەکەمان لەسەر تەبەقەیەک خەوتین کە بەیانی هەڵساین هەموو گیانمان ببوو بە ئەسپێ.

* دوا پرسیارمان دەربارەی دوارۆژی کێشەی کوردە، ئایا تۆ گەشبینی بەرامبەر مەسەلەی کورد لە عێراقدا؟

ئاسان نیە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، چونکە کاتی خۆی هۆمەر دەیگوت سەدام زۆری نەماوە، کەچی ساڵی ٢٠٠٠-یش تەواو بوو سەدام هەروەکو خۆیەتی، هیوادارم کورد بە مافەکانی بگات، چونکە شایستەی هەموو شتێکە.

زۆر سوپاست دەکەین
منیش سوپاسی ئێوە دەکەم

سەرچاوە:
گۆڤاری خاک، ژمارە ٤٢، رۆژی ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٠، لاپەڕەکانی ١٦ و ١٧ و ١٨

سازدانی: شەپۆڵ فاخیر مێرگەسۆری

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*